وەزارەتی ئەوقاف لە وەڵامی چەند قسەیەكی "قاسم شەشۆ" فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شنگال رای گەیاند، بە توندی سەركۆنەی قسەكانی ناوبراو دەكەین و بە مافی خۆشمانی دەزانین رێكاری یاسایی بەرانبەر بگرینە بەر و هاوكات ئاماژەیشی كردووە كە رەفتاڕی تیرۆر دوور ە لە بەها پیرۆزەكانی ئاینی ئیسلام.
ئەمشەو سێشەم شەشی ئابی 2024، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیدا هاتووە، بەتوندی سەرکۆنەی قسەکانی " قاسم شەشۆ" دەکەین، کە لەمیانی بۆنەیەکدا لەشەنگال، بەرانبەر ئاینی پیرۆزی ئیسلام و پێغەمبەرمان "محمد - دروودی خوای لەسەر بێت" گوتویەتی، وەزارەتەكە ئاماژەیشی داوە "بە مافی خۆمانی دەزانین، کە ڕێکاری یاسایی لەم بارەیەوە بگرینەبەر."
وەزارەتەكە دووپاتی كردووەتەوە، یەکێک لە شانازییەکانی ھەرێمی کوردستان، پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەییە، کوردانی ئێزدیدی بەدەستی تیرۆرستانی داعش جینۆساید و ڕەفتاری نامرۆییان بەسەرداھاتووە، ئەم رەفتارەی تیرۆرستانی داعش، کە بەرانبەر ھەموو پێکھاتەکان ئەنجامدراوە، پێچەوانەی پرەنسپیە پیرۆزەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ئایينەکانی ترە و ھیچ کات کردەوەی تیرۆرستی و توندرەوی و خراپەکاری لەسەر ھیچ ئایين و نەتەوەیەکی ھەژمار ناکرێت، بۆیە ناکرێ بە بیانووی کردەوە توندڕەوەکان لەئاینی پیرۆزی ئیسلام بدرێت، چونکە بێڕێزی بەرامبەر ئاینی ئیسلام و پیرۆزییەکان مایەی قبووڵکردن نیە.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەم جۆرە لێدوانانە لە ھەر کەسێک بێت ڕێگە پێدراو نیە، لەپێناو یەکریزی و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن دەبێت ھەموو لایەک سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارانە بکەین، کەھەستی موسوڵمانان یان ھەر ئایين و نەتەوەیەکی تر بریندار بکات.
ئەم راگەیەنراوەی وەزارەتی ئەوقاف لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ قاسم شەشۆ فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شەنگال لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" روونی كردەوە كە ''ھهمیشه رێز له ئاینی ئیسلام و پێغهمبهری ئیسلامیش دهگرم و ئهوهی ئێمه باسمان كردووه ئهوهیه، چهندان گرووپی تیرۆریستی بهناوی پێغهمبهری ئیسلام و ئیسلام، دێن جینۆساید بهرانبهر بهكوردی ئێزیدی دهكهن، بۆیه خهڵكێك چاوی بهوه ھهڵنایهت ھێزێكی پێشمهرگه له شنگال ھهیه و بهرگری له خاك و نیشتمانی خۆمان دهكهین، ئهگهر پارتی و بارزانی نهبووایه نهك شنگال، بگره دھۆك و ھهولێریش لهلایهن ئهو گرووپانه داگیر دهكرا.
لێرە روونكردنەوەكەی قاسم شەشۆ كە بۆ "وشە" داویەتی لەبارەی قسەكانی بخوێنەوە...