هۆشیار زێباری: ئەو سێ حزبەی داخران فاكتەری ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕی بوون

:: AM:09:13:07/08/2024 ‌
هۆشیار زێباری بڕیارێكی دەستەی دادوەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ دوورخستنەوەی سێ حزبی نزیك لە پەكەكە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بە كارێكی ڕاست و ژیرانە ناو دەبات و دەڵێ، ئەو سێ حزبە فاكتەری ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕین.

هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە تۆڕی كۆمەڵاتیی ئێكس نووسیویەتی، "بڕیاری دەستەی دادوەری لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بۆ قەدەغەكردنی سێ حزبی كوردی سەربە پەكەكە لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی ڕاست و ژیرانەیە، چونكە بوونەتە شانەیەكی شێرپەنجە لە جەستەی هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا فاكتەرێكی ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕین".

بەپێی نووسراوێكی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دەستەكە لە یەكی ئاب، بە سەرۆكایەتیی دادوەر حەسەن فوئاد و ئەندامیەتیی جەلیل عەدنان خەلەف و رەمەزان حەسەن عوبێد پێكهات و ئەو بڕیارەی دا:

فەرمانگەی كاروباری حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، داوای هەڵوەشاندنەوەی چەند حزبێكی كردووە، لەوانە پارتی ئازادیی دیموكراسیی ئێزیدی، پارتی بەرەی بەرخودانی دیموكراسی، پارتی ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان "تەڤگەری ئازادی"، داخستنی بارەگاكانیان و دەستبەسەرداگرتنی موڵكوماڵیان، ئەوەش لەسەر بنەمای سكاڵایەكی راوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی لەبارەی وابەستەیی ئەوان بە پەكەكەی قەدەغەكراو، كە مەترسییان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دروست كردووە.

بۆیە لەبەر هەموو ئەو هۆكارانەی باس كران و بەپێی یاسای پارتە سیاسییەكان، دادگاكە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە سیاسییانەی سەرەوەی دا، جیا لە داخستنی بارەگا و دەستگرتن بەسەر موڵكوماڵیان، ئەوەش دوای كۆتاهاتنی رێی تانەدانی یاسایی.     

سەرچاوەی بڕیارەكەی دادگاش لەسەر بنەمای سكاڵایەكی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بوو كە ڕای گەیاندبوو، چالاكییەكانی ئەو حزبانە پێوەندییان بە پەكەكەوە هەیە، لە كاتێكدا پەكەكەش حزبێكی قەدەغەكراوە لە عێراق.



وشە - سۆران عەزیز