سبەی هەر پێشمەرگەیەكی لیوا هاوبەشەكان 432 هەزار دیناری پێ دەدرێت

:: PM:01:58:07/08/2024 ‌
سبەینێ دەست بەدابەشكردنی هاوكاریی دارایی هاوپەیمان بەسەر لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەكرێت، بڕی پارەكە بۆ هەر پێشمەرگەیەك 432 هەزار دینارە.

لیوا توانا سدیق بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕای گەیاند، سبەینێ پێنجشەم هەشتی ئاب، دەست بەدابەشكردنی هاوكاریی دارایی هاوپەیمانان بەسەر لیوا هاوبەشەكانی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت.

پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە ڕای گەیاندبوو، پاش ڕاوێژ و گفتۆگۆی ڕاوێژكارانی باڵای هاوپەیمانان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، دوای ڕەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار درا ئەو بڕە هاوكارییەی كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابین دەكرا، ڕاستەوخۆ بخرێتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی پێشمەرگە و لەو ڕێیەوە بڕی هاوكارییەكە وەك خۆی بەبێ دەستكاریكردن بدرێت بە لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە.

هاوكاریی هاوپەیمانان بڕەكەی بۆ هەر پێشمەرگەیەك 432 هەزار دینارە، ئەم بڕە پارەیە مووچە نییە، مووچەی پێشمەرگەش لەگەڵ وەزارەتەكانی تردا دەدرێت.



وشە - سۆران عەزیز