یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستان لە نووسراوێكی فەرمیدا كە ئاڕاستەی داواكاری گشتی كردووە، سكاڵای یاسایی بەرانبەر "قاسم شەشۆ" تۆمار كرد بەهۆی ئەوەی كارەكەی ناوبراو دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری کومەڵگە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئاینی دەبێت.
بەپێی نووسراوێكی فەرمی بە ژمارە (796) یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان كە واژووی سەرۆكی یەكێتییەكە "د.عەبدوڵا مەلا وەیسی" بەسەرەوەیە و وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە هاتووە، "کەسێک بە ناوی قاسم شەشۆ لە پێکهاتەی ئێزدی لە میانەی بۆنەیەکدا لە دووى ئابی 2024 سووکایەتی بەرانبەر ئاینی ئیسلام و پێغەمبەری خۆشەویستمان محمد (درودی خوای لەسەر بێت) دەکات، کە کارەکەی پێچەوانەی دەستووری عیراق و ئەحکامەکانی مادەی (372)ی یاسای سزادانی عیراقی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە".
لە بەشێكی تری سكاڵاكەدا هاتووە، ئەم کارەی "قاسم شەشۆ" دەبێتە هۆکاری تێکدانی سەقامگیری کومەڵگە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئاینی دەبێت، بۆیە تکامان وایە بفەرموون بە جوڵاندنی سکاڵای یاسایی دژ بە ناوبراو.
شایەنی باسە ئەم سکاڵایە دوای ئەوە هات کە دوێنێ هەردوو وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان لە راگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی سوکایەتییەکانی ناوبراویان کرد.
لای خۆشییەوە دوێنی قاسم شەشۆ فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شەنگال لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" روونی كردەوە كە ''ھهمیشه رێز له ئاینی ئیسلام و پێغهمبهری ئیسلامیش دهگرم و ئهوهی ئێمه باسمان كردووه ئهوهیه، چهندان گرووپی تیرۆریستی به ناوی پێغهمبهری ئیسلام و ئیسلام، دێن جینۆساید بهرانبهر به كوردی ئێزدی دهكهن، بۆیه خهڵكێك چاوی بهوه ھهڵنایهت ھێزێكی پێشمهرگه له شنگال ھهیه و بهرگری له خاك و نیشتمانی خۆمان دهكهین، ئهگهر پارتی و بارزانی نهبووایه نهك شنگال، بگره دھۆك و ھهولێریش لهلایهن ئهو گرووپانه داگیر دهكرا".
لێرە روونكردنەوەكەی قاسم شەشۆ كە بۆ "وشە" داویەتی لەبارەی قسەكانی بخوێنەوە...