هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەش لەڕێی هەژماری من دابەش كرا

:: AM:11:02:08/08/2024 ‌
ئەمڕۆ دەست بەدابەشكردنی هاوكاریی دارایی هاوپەیمانان بەسەر لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگەدا كرا، بڕی پارەكە بۆ هەر پێشمەرگەیەك 386 هەزار دینارە، بەشێكی ئەو هاوكارییەش هێزی پێشمەرگە لەڕێی هەژماری من دابەش كراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئاب، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی، بۆ ئەم مانگە 10 هەزار پێشمەرگە لەڕێی پڕۆژەی "هەژماری من" هاوكارییەكە وەردەگرن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، نزیكەی هەزار پێشمەرگەش بۆ یەكەم جار لە سنووری دهۆك و سلێمانی لە ڕێی "هەژماری من"ـەوە هاوكارییەكە وەردەگرن و پارەكە دەخرێتە سەر هەژمارەكانیان.

پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە ڕای گەیاندبوو، پاش ڕاوێژ و گفتۆگۆی ڕاوێژكارانی باڵای هاوپەیمانان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، دوای ڕەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار درا ئەو بڕە هاوكارییەی كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابین دەكرا، ڕاستەوخۆ بخرێتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی پێشمەرگە و لەو ڕێیەوە بڕی هاوكارییەكە وەك خۆی بەبێ دەستكاریكردن بدرێت بە لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە.

هاوكاریی هاوپەیمانان بڕەكەی بۆ هەر پێشمەرگەیەك 386 هەزار دینارە، ئەم بڕە پارەیە مووچە نییە، مووچەی پێشمەرگەش لەگەڵ وەزارەتەكانی تردا دەدرێت.



وشە - رامیار جەواد