وەزیری كارەبا رای گەیاند، بۆ پاراستنی ژینگەی هەولێر و جێبەجێكردنی پێوەرەكانی پاراستنی ژینگە لە وێستگەكانی كارەبا، بڕیاری دا كێشەی دووكەڵی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای خەبات چارەسەر بكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئاب، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا بۆ پاراستنی ژینگەی هەولێر و جێبەجێكردنی پێوەرەكانی پاراستنی ژینگە لە وێستگەكانی كارەبا، بڕیاری دا كێشەی دووكەڵی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای خەبات چارەسەر بكرێت.
باسی لەوەش كرد، بۆ ئەم مەبەستە گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای FLT كارپێكەری وێستگەی خەبات بۆ چارەسەركردنی كێشەی دووكەڵی وێستگەكە، واژوو كرا و ڕیزبەندی هەنگاوەكانی چارەسەركردنی كێشەكە و جێبەجێكردنی پلانە ژینگەییەكان، لە پێشەوەی گرێبەستەكەدا هاتووە.
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە 14ی تەمووز و ساڵی 2020 لە رێوڕەسمێكدا، وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی كردەوە و لە قۆناغی یەكەمدا بەتوانای 150 مێگاوات، وێستگەكە كاری كرد. ئەم وێستگەیەش جیاوازە لە وێستگەكانی تری كارەبا، بەیەكێك لە پڕۆژە گەورە و ستراتیجییەكان دادەنرێت كە بۆ یەكەمین جارە لەسەر ئاستی كوردستان، بەتەكنەلۆجیایەكی بەرز لەڕێی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاوەوە، وزەی كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و لەرووی تێچوونەوە سوودێكی ئابووریی گەورەی هەیە.