ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە كۆتای ئێزدى لەبارەی قسەكانی "قاسم شەشۆ"ـەوە رای گەیاند، پێكهاتەی ئێزدى پێكهاتەیەكن لەگەڵ پێكەوەژیانی ئاشتییانەن، هاوكات بەناوی ئێزدییەکانەوە داوای لێبووردنی لە تەواوی مسوڵمانان كرد.
عەدنان شێخ گالۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە كۆتای ئێزدییەکان
رای گەیاند، ئەو كەسەی كە گوایە بێڕێزی بەرانبەر ئیسلام و پێغەمبەر "محەمەد" كردووە، رای ئێزدییەکان نییە و گوزارشت لە بۆچوونی خۆی دەكات.
گالۆ ئەوەیشی گوت، بەهۆی قسەكەی "شەشۆ"وە لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا زیاتر لە سێ هەزار و 700 گوتاری توند لەلایەن پیاوانی ئاینی و هاووڵاتییانی كوردستانەوە دژی ئێزدییەكان كراون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترس لای ئێمە بەرانبەر هاووڵاتییان و خێزانە ئێزدییەكان كە تا ئێستەش لە كەمپەكانی دهۆك و هەولێر دەژین.
ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتیشی، من وەك نوێنەری پێكهاتەی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، داوای لێبووردن لە تەواوی مسوڵمانان دەكەم بەرانبەر ئەو لێدوانەی لەلایەن فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگەی ئێزدى "قاسم شەشۆ"وە كراوە، باشترە لایەنی كەمتەرخەمیش داوای لێبووردن بكات و لەسەر حكوومەت و پەرلەمانیش پێویستە كە سزای ئەو كەس و لایەنانە بدات كە قسە لەسەر هەر ئاینێك و رەمزە پیرۆزەكان دەكەن.
قسەكانی ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە كاتێكدایە، هەر یەك لە وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستان، سەرەڕاى سەرکۆنەکردنى لێدوانی لەمجۆرە، هاوكات داوا لە داواكاریی گشتی كراوە سكاڵا دژی فەرماندە ئێزدییەکە بجوڵێنێت.
لای خۆیەوە "شەشۆ" فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شنگال لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" روونی کردەوە، ''ھهمیشه رێز له ئاینی ئیسلام و پێغهمبهری ئیسلامیش دهگرم و ئهوهی ئێمه باسمان كردووه ئهوهیه، چهندان گرووپی تیرۆریستی به ناوی پێغهمبهری ئیسلام و ئیسلام، دێن جینۆساید بهرانبهر به كوردی ئێزدی دهكهن، بۆیه خهڵكێك چاوی بهوه ھهڵنایهت ھێزێكی پێشمهرگه له شنگال ھهیه و بهرگری له خاك و نیشتمانی خۆمان دهكهین، ئهگهر پارتی و بارزانی نهبووایه نهك شنگال، بگره دھۆك و ھهولێریش لهلایهن ئهو گرووپانه داگیر دهكرا".