مونا قەهوەچی سکرتێرى پێشووى پەرلەمانى کوردستان راى گەیاند، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی سەرجەم شەهیدانە و هیچ کەسێک دەسەڵاتى ئەوەى نییە دابەش کردنى شارەکان بکاتە بەرنامەى سیاسی.
ئەمڕۆ هەینى نۆى ئابی 2024، مونا قەهوەچی سکرتێرى پێشووى پەرلەمانى کوردستان بە "وشە"ى راگەیاند، پاراستنی یەکپارچەیی ئەم هەرێمە دەستورییە لە ئەستۆی هەموو لایەکمانە، هەڵبژاردنیش پرۆسەیەکی دیموکراسییە و لەوانەیە بیرۆکەی نوێ و دیدگای نوێ و سیاسەتی نوێ بێنێتە ئارا.
زیاتر گوتى، نابێت قەوارەی دەستوری و یاسایی هەرێمی کوردستان بخرێتە ناو گەمە سیاسییەکان و هەوڵ بۆ سڕینەوەی یەکتر بدەین.
سکرتێرى پێشووى پەرلەمان ئاماژەى دا، کە هیچ کەسێک دەسەڵاتی ئەوەی نییە دابەشبوونی شارەکان بکاتە بەرنامەی سیاسی و بە ئاشکرا بانگەوازی بۆ بکات، "ئەوە دەسەڵاتی میلەتە کە لە سەرووی هەموو دەسەڵاتێکەوەیە و دیاری دەکات کێ دەوڵەتداری هەولێر و گشت هەرێمی کوردستان بێت".