ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەرەداغ، دوو كارمەندی ئاسایش كوژران، لە كاتێكدا دەیانویست شوێنەوارێكی گرنگی دەڤەرەكە لەدەست باندێكی دزیی شوێنەواری ڕزگار بكەن و دەزگای ئاساییشی هەرێمیش هەر زوو ڕوونكردنەوەی لەبارەوە دان.
لە ڕوونكردنەوەكەی ئاساییشدا هاتووە كە سەعات پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ لە "قەرەداغ" دوای ئەوەی مەفرەزەیەکی ئاسایشی ناوچەكە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی چاودێریکردنی ناوچەیەکی شوێنەواری لە ئەرکدا بوون، چەند کەسێکی چەکدار بە مەبەستی دەرهێنان و بردنی شوێنەواری "نەرامسین" لە ناوچە شوێنەوارییەکە بوون، ڕووبەڕووی مەفرەزەکەی ئاسایش بوونەتەوە و بەهۆیەوە دوو کارمەندی ئاسایش شەهید بوون.
لە بەدواداچوونی "وشە"ـدا بۆ ئەو هەواڵە ئاشكرا بووە، دوو كارمەندەكەی ئاساییش كە شەهید بوون، یەكێكیان ناوی "شەماڵ"ـە و خەڵكی گوندی دووكانی سەر بە قەرەداغە و ئەوی تریشیان خەڵكی سەرچاوەیە و ناوی "هێمن"ـە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی دەزگای ئاساییشی هەرێمی كوردستاندا هاتووە كە لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.
ماوەیەكە لە سنووری سلێمانی باری تەناهی بە شێوەیەك شڵەژاوە كە ڕۆژانە هەواڵی ڕووداوێكی تەناهی دەبێتە مانشێتی سەرەكیی میدیاكان، ئەمەش گەیستووەتە ئاستێك كە لاهوور شێخ جەنگی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بڵێت، ناكرێ ئهو دۆخهی له سلێمانی ههیه بهردهوام بێت و تانەشی لە گوتەیەكی پارێزگاری سلێمانی گرتبوو كە گوتبووی شار ئارامە، جەنگی لە وەڵامدا پێی گوت: له باڵهخانهی پارێزگای سلێمانی دیاره شار ئارامه، بۆیه ههڤاڵ ئهبوبهكر دهڵێت سلێمانی ئارامه.
دزینی شوێنەواریش یەكێكە لە مەترسییەكانی لە دۆخی نائارامیدا دروست دەبێت، چونكە دەرفەتێكی گونجاوە بۆ چەتەكانی شوێنەوار كە بیقۆزنەوە و ئاودیوی وڵاتانی بكەن.
نەرامسین كە شوێنەوارێكی دێرینە لە قەرەداغ قەرەداغ کە لە نێوان نەرامسین و پاشای ئوری سێیەم و پاشای لۆلۆییەکاندا یەکلایی نەبۆتەوە، شوێنەوارێکی هەرە دێرینی کوردستانە و جگە لە کارکردە سروشتییەکانی وەکوو باران و کەشوئاوهەوا، شتێکی تر کاری لێ کردووە کە ئەویش تەقەلێکردن و گوللـەپێوەنانێتی، ئێستەش دەستێكی چەتەیی دەیەوێت بیدزێت.