ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان هەمیشە وەکوو لانکەی پێکەوەژیان و یەکتر قەبووڵکردن دەمێنێتەوە و ئامێزی گەورەی بۆ ئاوارەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، نۆی ئایار، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دۆخی مرۆیی کەمپی ئاوارەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
دوای بڵاوبوونەوەی هەندێ دەنگۆ و هەواڵی نادروست لە چەند دەزگایەکی راگەیاندن سەبارەت بە بوونی حاڵەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپێک لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوایە بەهۆی هەبوونی ترس کەمپەکە جێ دێڵن و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە شەنگال، ئێمە سەرجەم ئەو هەواڵە نادروست و دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە دژ بە بنەماکانی ڕاست و دروستی گواستنەوەی زانیارییە لە کاری رۆژنامەوانی، لە هەمان کاتیش سەرجەم دانیشتوانی کەمپەکان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەکو لانکەی پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵ کردن دەمێنێتەوە و ئامێزی گەورەی بۆ ئاوارەکان بە کراوەیی دێڵێتەوە تا ئەو کاتەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
کەمپەکان شوێنی خەڵکی سڤیل و لێقەوماون و بە باشی پارێزراون، بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت سیمای پێکەوەژیان و یەکترقەبوڵکردن و لێبوردەیی ئەو شوێنانە بشێوێندرێت.