هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەكەی و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكە لەلایەن لیستە براوەكانی بە رێككەوتنێكی نهێنیی ژێربەژێریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەشێك لە عەرەبەكان، بێ بەشداریی پارتی دیموكراتی كوردستان و عەرەبەكانی تر، كاردانەوە و ناڕەزایەتیی گەورەی لێ كەوتەوە و خۆپێشاندان لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای شارەكەدا دەستی پێ كرد، ئەندامێكی براوەی ئەنجوومەنەكەش بە "وشە"ی گوت كە هەڵبژاردنەكەی دوێنێ شەو هیچ شەرعییەتێكی نییە.
راكان جبووری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، یەكێتی بێ ئاگەداركردنەوەی هیچ لایەنێك كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی كردوەو، بەستنی كۆبوونەوەكەش لە بەغدا هیچ پاساوێكی یاسایی هەڵناگرێت و ناشەرعییە.
ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئەوەیشی گوت، تەنیا یەك پارت داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی كردووە ئەویش لە رێگەی میدیاوە و هیچ داواكاریی و بانگهێشتێكی فەرمی بۆ بەستنی كۆبوونەوەكەی دوێنێ شەو ئەنجام نەدراوە.
راكان جبووری روونی كردەوە، كۆبوونەوەكەی دوێنی شەو كۆبوونەوەیەكی نایاسایی بووە و پێچەوانەی مادە 13ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بووە، تەنانەت ئەوانەی كە بەشداری كۆبوونەوەكەی دوێنێ شەویش بوون، پێشتر نووسراوێكیان واژوو كردبوو كە بەشداری كۆبوونەوەكە نەكەن چونكە نایاساییە، ئاماژەی بەوەیش كرد كە لە دادگای كارگێڕی سكاڵامان تۆمار كردووە و لە دادگای فیدراڵیش داوا تۆمار دەكەین.
لای خۆشییەوە هەر ئەمڕۆ یەكشەم 11ی ئابی 2024، سەلوا مەفرەجی ئەندامی براوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیستەكەی راكان جبووری لەناو خۆپێشاندەران و گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی توركمان و عەرەبەكان بە "وشە"ی گوت، دانیشتنەكەی دوێنێ شەوی هۆتێل رەشید دانیشتنێكی ناشەرعییە و ئێمە كە براوەی هەڵبژاردنەكان بووین و ئەندامی ئەنجوومەنەكەین تا ئێستەیش بانگهێشت نەكراوین بۆ دانیشتن لەمبارەوە.
ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا ئەوەیشی گوت، ئێمە كە بە شەرعییەتی دەنگدان بووینەتە ئەندامی ئەنجوومەن، چۆن دەكرێ بانگهێشتمان نەكەن بۆ دانیشتنێكی لەمجۆرە و ئامادەییمان نەبێت لە دانیشتنەكەدا؟
مەفرەجی لەبارەی نیازی بەشداریكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و توركمانەكان لەم گردبوونەوە و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتییەکان بە هەژار رەشیدی پەیامنێری "وشە"ی گوت، نازانم ئەوان دێن و بەشداری دەكەن یا نا، بەڵام بڕیارە راكان جبووریش بەشداری لە نیشاندانی ناڕەزایەتییەكەدا بكات.
لای خۆشییەوە خالید مەفرەجی سەرۆكی حزبی سیادە لە كەركووك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی كۆبوونەوەكەی دوێنێی هۆتێل رەشید لە بەغدا رای گەیاند، بەداخەوە یەكێتی تاكڕەوانە بڕیاری دا و دانوستانەكانی تێكدا.
خالید مەفرەجی كە سەرۆكی لقی كەركووكی حزبی سیادەیە، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە ئەوەیشی گوت، بەهۆی ئەوەی محەمەد ئیبراهیم حافز لە پشكی حزبەكەی ئەوان بەشداریی كۆبوونەوەكەی دوێنێ شەوی هۆتێل رەشیدی كردووە، بێ ئاگەداری ئەوان بووە و وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دیاری كرا، بەهۆی پابەند نەبوونی بە رێككەوتنەكان و پرەنسیبە حزبییەكانەوە لە ریزەكانی حزبەكە دوور خرایەوە، هەروەك دواتر لە بەیاننامەیەكی حزبەكەیشدا دەركردنی ناوبراو لەلایەن حزبی سیادەوە راگەیەنرا.
هەموو ئەم كاردانەوانە دوای ئەوەی دێت، دوێنێ شەو لە كۆبوونەوەیەك لە بەغدا بە رێككەوتنێكی نهێنیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ژمارەیەك ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دانیشتنێكی ئەنجوومەنەكە ساز كرا، واتە بێ بەشداریكردنی تەواوی فراكسیۆنە عەرەبییەكان و بەرەی توركمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، دوور لە سازانی نیشتمانی؛ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دیاری كران.