لەسەر دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش، هەردوو حزبی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری، وەڵامی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەلیان نەداوەتەوە كە دەستپێشخەری كردبوو بۆ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش لە كوردستان.
هەفتەی رابردوو لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل، سەردانی هەریەك لە عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی كرد، سەردانەكە بۆ پێشاندانی دەستپێشخەری بوو تا بەرەیەكی هاوبەش لە نێوان هەرسێ لایەندا دروست بكرێـت.
هەرچەندە لە كۆبوونەوەكەدا بە ئەرێنی وەڵامی داواكارییەكی لاهوور شێخ جەنگی دراوەتەوە، قسە لەسەر ئەوە كراوە كە وەك پێویستییەك تاوتوێی دەكەن، بەڵام لەوكاتەوە تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، بە فەرمی وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی لاهوور شێخ جەنگی نەدراوەتەوە.
سەرچاوەیەك لە كۆمەڵی دادگەری، بە "وشە"ی گوت، ئەو دەستپێشخەرییەی لاهوور شێخ جەنگی بۆ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش لە نێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكاندا بە پێویست دەزانن، بەڵام هێشتا بە فەرمی وەڵامی داواكارییەكەیان نەداوەتەوە.
بەرپرسەكەی كۆمەڵی دادگەری كە لەبەرئەوەی پرسەكە پێوەندیی بە زۆرینەی مەكتەبی سیاسییەوە هەیە، بۆیە ناوەكەی ئاشكرا نەكرد تا نەبێت بە بۆچوونی تایبەت، ئەوەشی گوت، كۆمەڵ پێشتر هەوڵی بەرەی ئیسلامی داوە و سەری نەگرتووە، بەڵام قۆناغەكە گۆڕاوە، ئەگەر پارتی و یەكێتی وەك ئەوەی ئێستە هەیە و كار لەسەر پێكەوەبوون بكەن، خۆ بەرەیەكی وا پێویستە، بەڵام جارێ هیچ قسەیەكی فەرمیمان لەوبارەیەوە نییە.
ئەوەیشی باس كرد كە شاسوار عەبدولواحیدیش سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دەستپێشخەرییەكی لەوشێوەیەی هەیە بۆ بەرەی هاوبەش، بەڵام هەست دەكەین ئەوەی ئەو زیاتر بۆ ڕاگەیاندنە.
لەلایەكی ترەوە ئامانج خۆشناو چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی گوت، ئەو حزبانەی خوار پارتی و یەكێتی، ئەزموونی لەو شێوەیەیان تاقی كردووەتەوە كە بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، بەڵام دواتر جۆرێك لە شكستیان هێناوە.
وەك تیشكی خستە سەر ئەوەی حزبی كوردی لە تەنگژەی متمانەدایە بەیەكتر، بۆیە دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەشی لەو شێوەیە تا ئاستێكی زۆر قورسە.