مەلایەك: بردنی پارەی قوربانی بۆ ئەفریقا پێچەوانەی ئاین و ویژدانە

:: AM:11:34:25/05/2026 ‌
مامۆستا مەلا فكری سیتكانی ڕەخنەی توند لەو كەس و ڕێكخراوانە دەگرێت كە پارەی قوربانی بۆ دەرەوەی وڵات كۆ دەكەنەوە و ڕای دەگەیەنێت، لە كاتێكدا سەتان خێزانی هەژار لە كوردستان چاوەڕێی گۆشتی قوربانین، پێشخستنی وڵاتانی تر بەسەر گەلی خۆماندا پێچەوانەی بنەماكانی ئاینی ئیسلامە.

مەلا فكری سیتكانی ڕای دەگەیەنێت، سەیرە هەندێك ڕێكخراو، كەس و لایەن هەستاون بەكۆكردنەوەی پارە بەمەبەستی قوربانیكردن لە باشووری ئەفریقا. هەرچەندە سەیری ئاینی پیرۆزی ئیسلام و سەیری ئەو بەناو خێرخوازانە دەكەم، سەریان لێ دەرناكەم؛ تەنانەت رێنوێنیی لیژنەی باڵای فەتوا بۆ ئەو حاجییە بەڕێزانەی خەریكی فەریزەی حەجن ئەوەیە، تا بكرێت فیدیەكانیان لە مەككە بێت و قوربانییەكانیان لە وڵاتی خۆیان بێت.

 مەلا فكری پرسیار دەكات و دەڵێت، ئەرێ ئەگەر ئەو ئامۆژگارییە بۆ حاجیان بێت كە لە پیرۆزترین شوێنن، ئەی بە چ یاسایەك و بە چ ویژدانێك هانی خەڵكی خواپێداو دەدەن پارە كۆ بكەنەوە و ببن لە باشووری ئەفریقا بیكەنە قوربانی؟

ئەو باسی لەوەیش كرد، هەموو كات فەزیڵەت لە پێش ڕوخستەوەیە؛ قوربانیكردن لە شار و وڵات و لە ناو قەوم و گەلی خۆت خێرترە و فەزیڵەتە، لە باشووری ئەفریقا با فەقیریش بن تەنیا ڕوخسەتە، ئێستە لە كوردستان سەتان ماڵی هەژار هەن بە مانگ كیلۆ گۆشتێكیان پێ ناكڕێت و چاوەڕێی ڕەحمی خوا و قوربانین، كەچی ئەم كارانە خەریكە ئەو ئومێدە لە دڵی هەژاران دەردێنێت بە ناوی قوربانی لە باشووری ئەفریقا.

مەلا فكری سیتكانی ڕوونی دەكاتەوە، ئەگەر بێی سەیری ئاینی پیرۆزی ئیسلام بكەیت، لە زەكات، سەدەقە، قوربانی و خێر، هەمووی دووپات لەوە دەكەنەوە تا خزم، دراوسێ و قەوم هەبێت، بۆ دەرەوە دروست نییە. دەپرسێت ئەوە چ خێرە، چ ئاینە و چ مەنتیقێكە میلەتی خۆم خێری پێ بچێت، منیش بچم قوربانی لە باشووری ئەفریقا بكەم؟

مەلا فكری سیتكانی لە كۆتاییدا داوا لە هەموو خێرخوازان دەكات، قوربانی دەبێ بەدەستی خۆت بكەی و ئامادەی بیت، چونكە خێر لەوەدایە. هۆشداریش دەدات و دەڵێت، چیتر پارە بە ناوی خێر مەدەنە ڕێكخراو، گرووپ، دەزگا، لایەن و شەخس، چونكە خێرەكانتان بە باشی ناگات، ئەمەیش بۆ ئاگاداریتان.



وشە - پێشەنگ مەحموود