تا ئێستە خاوەنی مۆنۆمێنتی ئەنفال دیار نییە، ئەگەرچی 10 ساڵ بەسەر رادەستكردنی بە حكوومەت تێدەپەڕێت. سەرۆكی لیژنەی شەهیدان دەڵێ، دوو ملیۆن دۆلاری پێویستە بۆ نۆژەن كردنەوەی و كەلوپەلی ناو بینایەكە.
سەوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، یەكەم كاری لیژنەكە سەردانكردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال بووە، كاتێك چووین هەستمان كرد كەموكوڕی زۆری تێدایە، بینایەكە زۆر وێران بووە و بەشێك لە كەلوپەلەكانی نەماون و ئەوەی تریشی زۆرینەی تێكچووە، تەنانەت پەیكەری شێرەكەش كە لە بڕۆنز دروستكراوە، كلكەكەی بڕاوە و بردراوە و دزراوە.
لەسەر ئەو پرسە، ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوو لیژنەی پەرلەمانی لەگەڵ خوسرەو جاف هونەرمەند و ئەندازیاری دروستكردنی مۆنۆمێنتەكە كۆ دەبنەوە.
خوسرەو جاف پێشتر رای گەیاندبوو لەسەر مۆنۆمێنتەكە سێ ملیۆن دۆلاری لە گیرفانی خۆی خەرج كردووە، بە لیژنەی پەرلەمانی دەڵێ، لە ساڵی 2010، مۆنۆمێنتەكەی رادەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام ئەوە 10 ساڵ بەسەر ئەو وادەیە تێدەپەڕێ، هێشتا حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە سوودی لێ وەربگرێت و بەكاری بهێنێت، ئەگەرچی 18 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار خەرجی دروستكردنەكەیەتی.
بە قسەی سەوسەن محەمەد میرخان، خوسرەو جاف، پێی گوتوون نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەی مۆنۆمێنتەكە دوو ملیۆن دۆلاری خەرجی دەوێت، گوتی "دوای دەستبەكار بوونی كابینەی نوێی حكوومەت دەبێت بەدواداچوون بكەین، رادەستی كێ كراوە لە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ نەخراوەتە سەر وەزارەتی شەهیدان تا سوودی لێ وەربگیردرێت".
زیاتر گوتی " كەمتەرخەمی ئەوانەی لە خوسرەو جاف وەریان گرتووە هۆكاری تێكچوونی مۆنۆمێنتەكەیە، دەبوو ئەوێ بكرێت بە مۆزەخانەیەكی نیشتمانی تایبەت بە ئەنفال و جینۆساید و كیمیاباران، دەبوو بكرایە بە سیمبولێكی كوردستان، بۆیە ئەو پشتگوێخستنە بووەتە هۆی بەهەدەردانی زیاتر لە 18 ملیۆن دۆلار".
سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، لە بەدواداچوون بەردەوام دەبن.