وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە پێناو باشتركردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت، نووسراوێك ئاراستەی كۆمپانیاكانی ئەم بوارە دەكات و داوای خێراكردنی ئینتەرنێت و كەمكردنەوەی نرخەكەی دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی ئادار، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە ماڵپەڕی وەزارەتی گواستنەوەی و گەیاندنی ڕاگەیاندووە، لەسەر رۆشنایی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم و راسپاردەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر راگەیاندنی هۆت لاین Hotline لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كە تایبەت بوو بە وەرگرتنی تێبینی هاووڵاتییان لەبارەی ئینتەرنێت.
بە زووترین كات هەر كۆمپانیایەك لە لای خۆیەوە دەستپێشخەرییەك پێشكەش بكات
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن گوتی، لە دوای گرتنەبەری رێوشوێنێكی ورد، وەزارەتمان نووسراوێكی ئاراستەی گشت كۆمپانیاكانی دابینكردن و دابەشكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە سەرانسەری كوردستان كردووە، تا بە زووترین كات هەر كۆمپانیایەك لە لای خۆیەوە دەستپێشخەرییەك پێشكەش بكات.
باسی لەوەش كردووە، ئەو دەستپێشخەرییە بۆ هەرزانكردنی نرخەكان و خێراكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتە لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییانی كوردستان.
بە دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵی چاكسازی لە سەرجەم بوارەكانی خزمەتگوزاریی تایبەت بە هاووڵاتییان دەستی پێ كردووە.