داوا دەكرێت نرخی ئینتەرنێت %60 كەم بكرێتەوە

:: AM:09:46:22/03/2020 ‌
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی بۆ كۆمپانیاكانی دابینكردنی ئینتەرنێت كردووە و داوای كردووە نرخی ئینتەرنێت %40 بۆ %60 كەم بكرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ـی ئادار، لە نووسراوێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، تێدا ئاشكرا كراوە، بەهێزكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە قۆناغی ئێستەدا، پێویستی بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەنە پێوەندیدارەكانە.

رێژەی بەكارهێنەرانی تۆڕەكانی ئینتەرنێت بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بكات
لە نووسراوەكەدا ڕوون كراوەتەوە، بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ covid 19، بەشێكی خۆپارێزییەكەش بریتییە لەخۆ كەرەنتینكردن لە ماڵەوەدا، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی بەكارهێنەرانی تۆڕەكانی ئینتەرنێت بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بكات.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داوای لە كۆمپانیاكان كردووە، بەڕێژەی %40 بۆ %60ـی نرخەكەی لێخۆشبوون بۆ بەشدارانیان بكەن.

نووسراوەكە ئاراستەی گشت كۆمپانیاكانی مۆڵەتپێدراوی ئینتەرنێت و مۆبایل كراوە بۆ ئەوەی كوالێتیی خزمەتگوزارییەكانیشیان بەرز بكەنەوە.

دەبێ گشت لایەنە پێوەندیدارەكانی ئاماژەپێكراو، پابەند بن بەم رێنوێنییانە و بەردەوام بن لەسەر هەوڵەكانیان و كارەكانیان لە پێناو خزمەتی بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییانی سەربەرزی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد