بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی بواری رێكلام و ماركێتینگ ڕای دەگەیەنێت، بڕانی ئینتەرنێت لە كوردستان و عێراق بەهۆی تاقیكردنەوەكان، زیانێكی زۆر بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت و كەسیش قەرەبوو نەكراوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 13ـی ئەیلوول، بیلال سەعید بەڕێوەبەری كۆمپانیای ماهیار بۆ رێكلام و ماركێتینگ، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، رۆژانە ڕاگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت بەبیانووی تاقیكردنەوەكانی قوتابیان لە كوردستان، زیانێكی گەورەی مادی ڕووبەڕووی كەرتی تایبەت و بەشێكی زۆری هاووڵاتییان كردووەتەوە، كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەسەر بەڕێوەچوونی كارەكانیان دروست كردووە، بەبێ ئەوەی كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت هیچ قەرەبوویەكی مادی بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بكەن.
ئەو باسە وەك مەترسییەكی نیشتمانیی دەبینرێت
زیاتر گوتی، لەسەر ئاستی دنیادا راگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت بابەتێكی گەرمە، ئێستە زیاتر لە 238 ڕێكخراو لە 106 وڵاتی دنیا بەئامانجی دروستكردنی فشار لەسەر وڵاتان، بۆ ئەوەی پەنا نەبەنە بەر بڕینی هێڵەكانی ئینتەرنێت، داكۆكی لە مافی بەكاربەران دەكەن لە ژێر ناوی Keepiton.
باسی لەوەش كرد، ماوەی چەند ساڵێكە عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند وڵاتێكی عەرەبی، لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا هێڵەكانی ئینتەرنێت دەپچڕێنن بە ئامانجی كەمكردنەوەی دیاردەی قۆپیەكردن! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو باسە وەك مەترسییەكی نیشتمانیی دەبینرێت.
ڕوونی كردەوە، بەپێی خەمڵاندنەكانی ڕێكخراوی نێتبلۆكس، بۆ هەر سەعاتێك ڕاگرتن و پچڕانی ئینتەرنێت، زیانی ئابووری پێنج ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بەر عێراق دەكەوێت، بەم جۆرەش بێت تەنیا لە ماوەی تاقیكردنەوەكانی وەزاری خولی یەكەم و دووەم كە دەكاتە 64 سەعات، عێراق زیانی 350 ملیۆن و 887 هەزار دۆلاری بەردەكەوێت.
ئاشكرای كرد، عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، ساڵانە لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە دێن كە ئینتەرنێت بە هۆكاری جیاواز دەپچڕێنن، تەنیا لە 2019دا زیانی دوو ملیار و 300 ملیۆنیان لێ كەوتووە بەهۆی بڕانی 263 سەعات ئینتەرنێت.