باج ناخرێتەوە سەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت

:: PM:08:51:20/05/2023 ‌

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گرانبوونی نرخی كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت بەهۆی ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا چەند جۆرە باجێك زیادكراوە، لەوانە باج لەسەر كارتەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت، هیام یاسری، وەزیری پێوەندیكردن لە حكوومەتی عێراق رەتی كردەوە كە دووبارە باج بخرێتەوە سەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت، كە ئەگەر بسەپێنرێت جارێكی تر نرخیان گران دەبێتەوە.

ئەو لە بەیاننامەیەكدا روونی كردەوە، لە پڕۆژەیاسای بودجەی لە لایەن حكوومەتەوە بۆ پەرلەمان رەوانە كراوە، هیچ دەقێكی تیادا نییە لەبارەی سەپاندنەوەی باج بەسەر كارتەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت، دووپاتی كردەوە كە حكوومەت پابەندە بە بڕیاری پێشووی لەوبارەوە.

لە 22ی تشرینی یەكەمی رابردوو، زەهرە بەجاری، ئەندامی لیژنەی پێوەندیكردن لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە لە بودجەی 2023 دووبارە باج دەخرێتەوە سەر كارتەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت، بۆیە لیژنەكەیان بەنیازە ئەو بڕگەی باسی ئەو بابەتە دەكات هەڵبوەشێنێتەوە.

شایەنی باسە لە بودجەی 2015 بە بڕی 20% باج خرایە سەر نرخی كارەتەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق، ئەوەش لە چوارچێوەی كۆمەڵێك رێوشوێن بە مەبەستی زیادكردنی داهات، لە دوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا و سەرهەڵدانی شەڕی داعش.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل