لە سەرەتای ئەمساڵەوە، وردتر لە دوای چوونی عێراق بۆ ناو سیستمی سویفت بۆ حەواڵەی دەرەكەیی دۆلار، عێراق كەوتە ناو تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلارەوە، حكوومەت و بانكی ناوەندیی عێراق چەندان رێوشوێنیان بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار و دابەزاندنی نرخەكەی وەرگرت، دەركەوت كە هیچ سوودێكیان نییە و تەنیا بۆ هێشتنەوەی نرخەكەیەتی لە نزمترین ئاستی بەرزیدا، پەرلەمانتارێكی عێراق بەتوندی هێرش دەكاتە سەر حكوومەت و بانكی ناوەندیی عێراق.
ماجید شنگالی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، هێرش دەكاتە سەر حكوومەتی عێراق و بانكی ناوەندی بەهۆی شكستهێنانیان لە كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار و ئەو لە تویتێك نووسیویەتی، حكوومەت بەتەواوەتی لە كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار دەستەوەستانە.
روونی كردەوە، ئەوە سەرەڕای هەموو گورزەی رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار وەری گرت، بە پێچەوانەوە رێوشوێنەكان لە بەرانبەر هەندێك بازرگان و دراوەكەش، دۆخەكەیان ئاڵۆزتر كرد و بە نەرێنی كاریان كردە سەر جووڵەی بازاڕ، بە شێوەیەك ئەو قسەیان لەسەر جێبەجێ دەبێت كە ئاودان بە حوشتر وا نابێت.
دوێنێ ناسر كنانی، شارەزا لە بواری دارایی دووپاتی كردەوە كە ئەو دۆلارەی بانكی ناوەندیی عێراق دەیفرۆشێت، دەچێتە لای بانكەكانی كەسانی دەسترۆیشتوو و دەسەڵاتدار، ئەوانیش كار لەسەر حەواڵەی رەش دەكەن، روونی كردەوە، ئێستە وای لێ هاتووە زیادكردنی فرۆشتنی دۆلار لە لایەن بانكی ناوەندییەوە كاریگەرییەكی ئەوتۆ لەسەر نرخی دۆلار لە بازاڕ ناكات.
ئاماژەی كرد، هۆكارەكەشی ئەوەیە زۆرینەی ئەو دۆلارە بۆ ئەو بانكانە دەچێت، كە هی كەسانی باڵادەست و دەسترۆیشتوون، كە ئەوانەش راستەوخۆ لە حەواڵەی رەش بەرپرسیارن، بۆیە ژمارەیەك بانك لە مامەڵەكردن بە دۆلار قەدەخە كران.
كنانی دووپاتی كردەوە كە هاوكات كەمكردنەوەی قەبارەی فرۆشتنی دۆلار لە لایەن بانكی ناوەندییەوە كاریگەری لەسەر هەڵكشانی نرخی دۆلار دەبێت، چونكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دۆلار لە بازاڕ، ئەو كات ئەو بانك و بازرگانانی دراو، كار بۆ كۆكردنەوەی دۆلار دەكەن بۆ بەردەوامبوونیان لە كاری حەوالەی رەش.