سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە بۆ ئەمساڵ قەبارەی گەشتیاری دەگاتە ئاستی هەشت ملیۆن گەشتیار، كە زیاتر 25%ی گەشتیاری بیانین، چاوەڕوانیش دەكرێت بۆ پشووی سەری ساڵ 200 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوان دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێم لە دەروازەكانی باشماخ و ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران و فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی، هەروەها بەرگریی شارستانی و تیمەكانی پزیشكی و گرووپە گەشتیارییەكان هەیە، بۆ راییكردنی كاروباری گەشتیاران، تیمەكانمان لە بازگە و فڕۆكەخانەكان و سەنتەری شارەكان ئامادەسازییان بۆ رێنوێنیكردنی گەشتیاران كردووە.
زیاتر گوتی، لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان هێڵی گەرم راگەیەندراوە، بۆیە هەر گرووپێكی گەشتیاری پێویستی بە هاوكاری بێت، دەتوانێت لەو هێڵە گەرمانەوە تیمەكانمان ئاگەدار بكاتەوە، ئاشكرای كرد كە ئەمساڵ بەهۆی كارەساتەكانی حەمدانییە و سۆران، وەك حكوومەت هیچ چالاكییەكی ئاهەنگگێڕان ئەنجام نادات، بەڵام كەرتی تایبەت لە رێگەی شوێنەكانیانەوە دەستیان بە چالاكییەكانیان كردووە.
سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد، لەلایەن تیمەكانمانەوە چاودێریی وردی چێشتخانە و مێوانخانە و ناوچە گەشتیارییەكان دەكرێت، بۆ ئەوەی دۆخەكە نەقۆزنەوە نرخ بەرز نەكەنەوە، بۆیە سەرپێچیكاران سزا دەدرێن.
"پێشبینی دەكەین لە هەفتەی پشووی سەری ساڵدا پێشوازی لە 200 هەزار گەشتیار بكەین، وەك بەڵێنمان بە ئەنجوومەنی وەزیران دابوو لە ساڵی 2023 ئاستی گەشتیار بەرزتر دەكەینەوە، كە ساڵانە دوو ملیۆن گەشتیار زیاد دەكەین، لە ساڵی 2023 تا مانگی 11، زیاتر لە حەوت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و گەشتیارەكانیش بریتین لە دانیشتووانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و ناوخۆ، هەر لەو ساڵەدا ئاستی گەشتیارانی بیانی گەیشتووەتە زیاتر لە 25%، كە لە رێگەی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكانەوە هاتوونەتە كوردستان، ئەوەش پێمان دەڵێت كە كوردستان بووەتە رووگەیەكی گرنگی گەشتیاری و گەشتیاران خواستیان هەیە بێنە شارەكانمان"، ئەمەل جەلال وا دەڵێت.
سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، ئێستە لە وەرزی زستانداین و كۆمەڵێك چالاكی ناو بەفرمان هەیە كە بە هەفتەی سپی ناوزەندی دەكەین، كاتێك لە شاری پێنجوێن و چیاكانی گارە و كۆڕك و شارۆكەی سۆران و چیای پیرە مەگروون رێك دەخرێن، ئەمەش دڵی گەشتیار خۆش دەكا و سەرنجی ئەوان رادەكێشێت، بۆ ئەوەی پاش گەڕانەوەیان گرووپە گەشتیارییەكان هان بدەن ئەوانیش بۆ ئێرە گەشت بكەن.
ئەو بەرپرسەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، هەوڵ هەیە كاتێك كۆمپانیا گەشتیارییەكان سەردانی عێراق دەكەن، بە هەرێمی كوردستاندا بیانبەن بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی تری عێراق، بۆیە لەلایەن راوێژكارانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێمان راگەیەندرا كە ئەو گەشتیارە ئاینییانەی سەردانی نەجەف و كەربەلا دەكەن، دەیانەوێ سەردانی كوردستان بكەن، ئێمەش لای خۆمانەوە ئامادەیی هەموو خۆمان دەربڕیوە و هاوئاهەنگ دەبین بێن و ناوچە گەشتیارییەكان ببینن، وڵاتانی كەنداویش جگە لەوەی هاووڵاتییانیان سەردانی گەشتیارییان بۆ كوردستان زیاتر بووە، داوای ئەوە دەكەن وەبەرهێنانی گەشتیاری لە كوردستان ئەنجام بدەن.
هەڵەبجە/ عەزیز رەسووڵ