دۆلار گران بوو و بەرپرسێكی عێراق بەپەلە گەیشتە ئەمەریكا

:: AM:11:03:13/07/2024 ‌
دوای گرانبوونی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق بەپەلە خۆی گەیاندە ئەمەریكا.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی تەمووز، میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، دوای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دینار، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق بە سەردانێكی نهێنی و ڕانەگەیەنراو لە واشنتنە.

بڕیارە پارێزگاری بانكی ناوەندی لە سەردانەكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی بانكی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا كۆ ببێتەوە، ئەمەیش تاوتوێكردنی بڕیاری بانكی فیدراڵی ئەمەریكایە لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن، لەبارەی ڕاگرتنی مامەڵەی بەغدا بە دراوی "یوان"ـی چینی.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكانی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن، هەڵگرتنی سزای سەر ژمارەیەك بانكی عێراقی دەبێت كە مامەڵەكردن بە دۆلاریان لێ قەدەغە كراوە، ئەوەیش بۆ دابەزینەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دینارە.

پێنجشەمی رابردوو عێراق بڕیاری دا مامەڵەكانی بە یوانی چینی رابگرێت، ئامانج لەو كارەی عێراق ئەوەیە بتوانێت دۆلاری زیاتر بۆ بازاڕەكانی دەستەبەر بكات و سزای سەر چەند بانكێك لاببرێت.

ئێستە 100 دۆلاری ئەمەریكا 150 هەزار دیناری تێپەڕاندووە، ئەوە لە كاتێكدایە دوو هەفتەی رابردوو بە 144 هەزار دینار بوو.



وشە - رامیار جەواد