وەزارەتی دارایی عێراق، بڕی 13 ملیار دیناری بۆ كۆمەڵێك هێزی سیاسی خەرج كردووە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، تەنیا لەمساڵدا بڕی پێنج ملیار دیناری وەك یارمەتیدانی بەشێك لە حزب و لایەنەكان خەرج كردووە.
ئەمیر مەعمووری پەرلەمەنتاری سەربەخۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، سەرەڕای خستنەڕووی چەند بەڵگەنامەیەك دەپرسێت، " دەزانن وەزارەتی دارایی چەندان ملیاری دیناری بەناوی یارمەتیی دارایی لە بودجە بۆ كۆمەڵێك لایەنی سیاسی و بەمیزاجی خۆیان بڕیوەتەوە؟".
ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە دەڵێت، تەرخانكردنی دارایی لە بودجە بەڕێژەی 80٪ـی ئەو پارتانە دەگرێتەوە كە ئەندامیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، 20٪ـیش ئەو حزب و لایەنانەن كە بەشدارییان لە هەڵبژاردندا كردووە و زۆرینەشیان ئەو پارتانەن كە دەبێت هاوكاری بكرێن تا زۆرتر گەورەبن و زۆرتریش لەگۆڕەپانەكە دەوریان هەبێت، بەشێكیش هەر ئەو لایەنانەن كە كاریگەریان لەناو وەزارەتی داراییدا هەیە.
مەعمووری ئەوەشی گوتووە، "تا ئێستەئەوەی بەنووسراو دیارە، 13 ملیار دینار خەرج كراوە و بەگوێرەی خشتەكانی بودجەی ساڵی 2024یش كە پێنج ملیار دیناری تر تەرخان كراوە، رۆژانە خەرجكردن بۆ ئەو هێزانە بەردەوامی هەیە".
خەرجكردنی ئەو بڕە پارانە لە كاتێكدایە ئەو هێزانە بودجەیان لە حكوومەتی فیدراڵ هەیە و پەرلەمانتارەكە باسی لەوە كردووە، لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم گەندەڵییە، بەو پێیەی خەرجییەكی ناڕەوایە و بەپێی میزاجیش دەدرێ بەهەندێك هێز و هەندێكی تری لێ بێبەش دەكرێت.
بەگوێرەی بەڵگەنامە دزەپێكراوەكانی وەزارەتی دارایی دەركەوتووە، لە بودجەی ساڵی 2018 بڕی چوار ملیار دینار و لە بودجەی ساڵی 2019 بڕی چوار ملیار دینار و لە بودجەی ساڵی 2023 بڕی پێنج ملیار دینار، لە بودجەی ساڵی 2024ـیش بڕی پێنج ملیار بۆ لایەنەكان خەرج كراوە.