وەزارەتی دارایی داوای لیستی مووچەی مانگی هەشتی لە وەزارەتەكان كرد

:: AM:10:53:29/07/2024 ‌
وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داوا لەوەزارەت و داودەزگاكان دەكات بۆ مووچەی مانگی هەشت، لیستی فەرمانبەرانیان بە سیدی و كاغەز و هیچ ناوێكی دووبارەی تێدا نەبێت و هەموو فەرمانبەران  بایۆمەتریان هەبێـت بۆ بنێرن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی  راگەیاند، ئەو داوایەی وەزارەتی دارایی دوێنێ یەكشەم 28ی تەمووز، لە دەزگاكانی حكوومەتی هەرێم كراوە و داوامان كردووە پەلە بكەن و هیچ وەزارەت و دەزگایەك لیستەكەی دوا نەخات.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەكەی "وشە" وەزارەتی دارایی بەمجۆرە بۆ هەموو وەزارەت و دەزگاكانی نووسیوە، "بۆ مانگی هەشت لیستی مووچە بە سیدی و كاغەز بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن، لەو لیستەشدا تەواوی فەرمانبەران بایۆمەتریان هەبێت و ناوی دووبارەش لە لیستەكەدا نەبێت و لیستی مووچە UPN بنووسرێت."

پێشتر سەرۆكی حكوومەت داوای لە وەزارەتی دارایی كرد خێرا بكەن لە ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگانە و ئەو كێشانەی هەن چارەسەریان بكەن. لە دوای ئەوە وەزارەتی دارایی بڕیاری دا زووتر لە وادەی خۆی، لیستی مووچە ڕەوانەی بەغدا بكات بۆ ئەوەی چیتر هیچ بیانوویەكی بەغدا نەمێنێت.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەكەی "وشە"، لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا كۆتایی ئەم هەفتەیە بەشێك لە پارەی مووچەی مانگی حەوت ڕەوانەی هەولێر دەكرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم مانگە زووتر لیستی مووچە نێراوە و زووتر دەست كرا بە وردبینیكردنی.

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی گوتی،  مووچەی مانگی تەمووزی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بە سێ قۆناغ ڕەوانە دەكرێت، سەرەتا مووچەی خانەنشینان و زیندانیی سیاسی و چاودێریی كۆمەڵایەتی و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەم هەفتەیەدا دەنێرێت، هەفتەی داهاتووش مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی تر ڕەوانە دەكرێت، دوای ئەوانیش پارەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكان دەنێرن.

رۆژی یەكشەمی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی ڕەوانەی بەغدا كردووە. وەزارەتەكە دەشڵێت، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاكراوی نێراوە بۆ بەغدا.
 



وشە - سۆران عەزیز