چاودێریی دارایی عێراق: وردبینی لە لیستی مووچە و داهاتەكانی هەرێم كۆتایی هات

:: PM:06:58:30/07/2024 ‌

لەوكاتەی چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی داهاتوو مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بێتە دابەشكردن، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق رای گەیاند كە لێوردبوونەوەی لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستانی تەواو كردووە، راپۆرتێكی لەوبارە رەوانەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران و لایەنی پێوەندیدار كردووە.

عەمار سوبحی مەشهەدانی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق گوتی، دیوانی چاودێریی دارایی كۆتایی بە لێوردبوونەوە لە داتاكانی داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی كوردستان هێناوە، دووپاتی لە رەوانەكردنی راپۆرتێك لەوبارە بۆ نووسینگەی سەرۆك وەزیران و لایەنی پێوەندیدار كردەوە.

زیاتر گوتی، دیوانی چاودێریی دارایی ئەو بەربەستانەی تێپەڕاند كە لەبەردەم پرۆسەی لێوردبوونەوەی مووچە هەبوون، ئەوەش دوای لێوردبوونەوەیان بە تەنیا و بەراوردكردنی داهات و خەرجییەكان و دیاریكردنی ئەنجامەكان و رەوانەكردنی بۆ لایەنی پێوەندیدار، دووپاتی كردەوە كە پرۆسەی لێوردبوونەوە بۆ راستكردنەوەی داتاكانە.

مەشهەدانی روونی كردەوە، لێوردبوونەوە لە خەرجی و داهاتەكان كرا و راپۆرتێك پێوەست بە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان دوای دابینكردنی داتاكان لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستانەوە ئامادە كرا، چونكە هەندێك زانیاری لە تەواوی دامەزراوەكانی دەوڵەت بە وردی نەگەیشتووەنەتە دیوانی چاودێریی دارایی بۆ دیاریكردنی ئەنجامی ورد كە لایەنی پێوەندیدار پشتی پێوە ببەستن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل