پێ دەچێت حكوومەتی عێراق لە دابەزاندنی نرخی دۆلار بۆ نرخی فەرمی بێئومێد بووبێت، ئەو رێوشوێنانەشی لە رابردوو وەری گرتن تەنیا بۆ ئەوە بووە كە جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ نەبێتە دووهێند و زیاتر، شارەزایەكی دارایی پێی وایە هۆكاری هەڵكشانی بەردەوامی نرخی دۆلار زیادبوونی خواست و حەواڵەی رەشە.
نەبیل جەبار تەمیمی، شارەزای دارایی دووپاتی دەكاتەوە كە بەهۆی نەدۆزینەوەی چارەسەری بۆ حەواڵەی رەش لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، نرخی دۆلار لە بازاڕ بە بەرزی دەمێنێتەوە، چونكە بەردەوامیی حەواڵەی رەش بۆ دابینكردنی دۆلار بۆ بازرگانی دەرەوە بێ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ ئەو بابەتە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە وای كردووە نرخی دۆلار بەرز بێت.
روونی كردەوە، پێویستە بانكەكە چارەسەر ی بەپەلە بۆ ئەو بازرگانانە بدۆزێتەوە، بەتایبەتی بازرگانە بچووكەكان كە بازرگانییەكی رۆژانەیان لەگەڵ ئێران و سووریا ئەو وڵاتانە هەیە كە سزای ئەمەریكایان لەسەرە، ئەوان پەنا بۆ بازاڕ دەبەن بۆ دەستكەوتنی دۆلار و ئەوەش وا دەكات نرخی لە بازاڕ بەرز بمێنێتەوە، بۆیە لێرەدا بانكی ناوەندی بەرپرسە.
شایەنی باسە ئەمڕۆ شەموو نرخی دۆلار لە بازاڕ گەیشتە دەوروبەری 150 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار، شارەزایان پێیان وایە جیا لەو یاریكردن و هەڵبەز و دابەزینەی لەلایەن بازرگانانی دۆلارەوە بە نرخەكەی دەكرێت، خواست و خستنەڕووی دۆلارە نرخەكەی دیاری دەكات، سیاسەتە ناجێگیرەكانی بانكی ناوەندی و كۆنترۆڵنەكردنی حەواڵەی رەش و قاچاغی دۆلاریش هۆكاری سەرەكین وایان كردووە خواست لەسەر دۆلار بە بەرزی بمێنێتەوە و ببێتە تەنگژە لە عێراق.