هه‌فته‌یه‌كی نوێ له بازاڕی بۆرسه كرایه‌وه، نرخی نه‌وت به خێرایی رووی له دابه‌زین كرد و گه‌یشته نزمترین نرخ كه له هه‌شت مانگی رابردوودا تۆمار كرابێت.
له ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی رابردوو له دوای كوژرانی ئیسماعیل هه‌نییه له تاران، بازاڕی نه‌وت كاریگه‌ریی وه‌رگرت و چه‌ند دۆلارێك له نرخه‌كه‌ی هه‌ڵكشا، به‌ڵام دواتر دووباره درێژه‌ی به ره‌وتی دابه‌زین دا و بۆ چواره‌م هه‌فته‌ی له‌دوای یه‌ك به ره‌نگی سوور داخرا.
به‌گوێره‌ی dailyfx نرخی نه‌وتی برێنت كه به 77 دۆلار و 38 سه‌نت داخرابوو، ئێسته به 76 دۆلار ده‌فرۆشرێت، هاوكات نرخی نه‌وتی تێكساسی ئه‌مه‌ریكاش كه به 74 دۆلار و 11 سه‌نت داخرابوو و ئێسته به 72 دۆلار و 71 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت.
گرنگترین هۆكاری دابه‌زینی نرخی نه‌وت بۆ دواین ئامار و زانیاری له‌باره‌ی دۆخی ئابووری چین و ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه، زانیارییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه ئابووری له ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كاندا گه‌شه‌ی نه‌كردووه و چالاكی و جووڵه‌ی دامه‌زراوه پیشه‌سازی و ئابوورییه‌كان كه‌می كردووه.
چین له ماوه‌ی رابردوودا به‌كارهێنانی گازوایلی به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م كردووه‌ته‌وه و كارگه‌كانی ئه‌و وڵاته له به‌رهه‌مهێناندا تووشی جۆرێك سستی و پاشه‌كشه بوون، به‌رهه‌می كۆمپانیاكان و دامه‌زراوه پیشه‌سازییه‌كان، كه‌می كردووه كه هێمایه بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی داخوازی و كڕینی نه‌وت.
ده‌رفه‌تی كار كه‌می كردووه
هاوكات له ئه‌مه‌ریكا رێژه‌ی بێكاری كه‌مێك هه‌ڵكشاوه، له هه‌مان كاتدا ده‌رفه‌تی كار كه‌می كردووه و ئاماره‌كان باس له زیاتر سستبوونی ئابووری و چه‌رخی پیشێسازی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ن.
جگه له‌م هۆكارانه، ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی دوای كوژرانی هه‌نییه، هێشتا هیچ كاریگه‌رییه‌كی له پرسی هه‌نارده‌ی نه‌وت وه‌رنه‌گرتووه و ئه‌و نه‌وته‌ی پێشتر هه‌نارده ده‌كرا، هه‌نارده ده‌كرێت.
رێكخراوی ئۆپێكیش بڕیاری داوه له مانگی ئۆكتۆبه‌ره‌وه به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌مێك به‌رز بكاته‌وه. رێكخراوه‌كه له مانگی ته‌مووزدا رۆژانه 26 ملیۆن و 700 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده كرد كه به‌راورد به مانگی حوزه‌یران، رۆژانه 100 هه‌زار به‌رمیل زیادی كردبوو.