هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئاداری 2023 لە دوای بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی پاریس لەسەر بنەمای داوایەكی یاسایی وەستا، ئێستە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت هەوڵ دەدەن هەناردنی نەوتەكە دەست پێ بكەنەوە و گفتوگۆیان لە هەموو بوارەكان بەردەوامە، پەرلەمانتارێكی كورد باسی هۆكاری تری دەست پێنەكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە دەكات.
شارەزایان پێیان وایە وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و دەست پێكردنەوەی هەناردنی پێوەستە بە رەهەندی سیاسی و یاسایی و ئیداری و تەكنیكییەوە، بەگشتی عێراق دەیەوێ ئابووریی سەربەخۆی هەرێم نەهیڵێت و فرۆشتنی نەوت و گرێبەستی كۆمپانیاكان بخاتەوە ژێر دەستی خۆی، ئەگەرچی ماوە ماوە رای دەگەیەنێت كە لەگەڵ توركیا و هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان لەگفتوگۆدایە.
نەهرۆ مەحموود، جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە هێشتا بەربەست لەبەردەم دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەیە، هەندێك لایەنی سیاسی و كەسی ناو وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر چەند هۆكارێك لەو بابەتە رژد نین.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، لەوەتەی هەناردنی نەوتی هەرێم وەستاوە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ پارێزگاریكردن لە ئاستی دیاریكراوی ئۆپێك بۆ هەناردن لە باشووری عێراق قەرەبووی هەناردنی نەوتی هەرێم دەكاتەوە كە 400 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، چونكە بەپێی ئەو پشەكەی ئۆپێك بۆ عێراقی دیاری كردووە رۆژانە دەتوانێت سێ ملیۆن 500 هەزار نەوت هەناردە بكات.
مەحموود دووپاتی كردەوە، ئەو كەمبوونەوەی بەهۆی وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێم دروست بووە لە باشوور قەرەبوو كراوەتەوە، بۆیە لە حاڵەتی رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵی لەبارەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم، پێویستە بەغدا هەناردنی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە باشوور كەم بكاتەوە بۆ هەناردنی نەوتی هەرێم.
جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق دووپاتی لەوە كردەوە كە تا ئێستە هەردوو حكوومەت نەگەیشتوونەتە رێككەوتن لەبارەی چەند بابەتێكەوە لەوانە دیاریكردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت لەلایەن كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان لە هەرێم، كە ئەوەش كێشەیەكی ترە لەبەردەم دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت.