دامەزراوەی "عێراقی داهاتوو" توێژینەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە كە پوختەكەی لەسەر ئەوەیە، تەنیا چەند وەزارەتێكی عێراق، زیاتر لە 80%ی مووچەی هەموو عێراق وەردەگرن. واتە ئەو 20%ـەی دەمێنێتەوە، مووچەی ئەوانی ترە بە تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیشەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم، هەشتی ئاب، مەنار عەبیدی، سەرۆكی دامەزراوەی "عێراقی داهاتوو" بۆ توێژینەوە و وەبەرهێنانی ئابووری بڵاوی كردەوە، چەند وەزارەتێك زیاتر لە 80%ی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی عێراق وەردەگرن كە بریتین لەمانەی خوارەوە:
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ساڵانە 14 ترلیۆن دینار.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ساڵانە 10 ترلیۆن دینار.
وەزارەتی بەرگری، ساڵانە هەشت ترلیۆن دینار.
سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران: شەش ترلیۆن دینار.
وەزارەتی تەندروستی، ساڵانە پێنج ترلیۆن و 600 ملیار دینار.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، ساڵانە دوو ترلیۆن و 600 ملیار دینار.
هەروەها لەپاڵ ئەم وەزارەتانە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش باس كراوە كە ساڵانە 500 ملیار دینار تەنیا پارەی مووچەكەیانە لە بودجەی عێراق.
ئەمە لە كاتێكدایە، بەردەوام عێراق بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان گرفت دروست دەكات و دوایین مانگیش باسی لەوە كردووە كە پارە لە بانكەكاندا نییە.