پەكەكە و حەشدی شەعبی رێگری لە ئاساییكردنەوەی شنگال دەكەن

:: PM:04:37:05/11/2020 ‌

لە مانگی رابردوو هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەكانیان، وەك هەنگاوێكی مێژوویی واژوو كرد، ئەوەیش دوای ئەوەی زۆرێك لە كەسایەتی و هاووڵاتییانی ئێزدی سكاڵای كراوەیی زامەكەیان دەكرد، كە بەدەستی داعش هەزارانیان جینۆسیاد كران و كڕین و فرۆشتن بە ژن و منداڵانیان كرا، بڕگەیەكی رێككەوتنەكە وەدەرنانی هێزەكانی پەكەكە و حەشدی شەعبی بوو لە شنگال، بەڵام خەریكن لە دژی رێككەوتنەكە، هاوشانی دەكەن.
ئێران دەیەوێ پەكەكە لەو ناوچەیە بمێنێتەوە
د ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری خولی پێشووی عێراق لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، قسە و باس لەبارەی بوونی پاڵپشتی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی بۆ چەكدارانی پاتری كرێكارانی كوردستان هەیە، بۆ وەستانەوە لە دژی رێككەوتنی لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال هاتە واژووكردن، مەبەستی رێككەوتنكە ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسی و تەناهی و كارگێڕی بوو لە شارۆكەكە، جیا لە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان.

زیاتر گوتی، بێگومان نەچوونە دەرەوەی چەكدارانی پەكەكە لە شنگال، هیچ دەرئەنجامێكی تری نابێ جگە لە نەگەڕانەوەی خەڵكی شنگال بۆ ناوچەكانیان، هەمووانیش ئەوە دەزانن كە ئێران دەیەوێ پەكەكە لەو ناوچەیە بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی ناوچەكە وەك هیڵی بەیەكگەیاندنی ئێران لە رێگەی مووسڵەوە تا گەیشتن بە سووریا بۆ پاڵپشتی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا بێڵێتەوە لە ململانێی لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، جیا لەوە بوونێكی بەهێزی سەربازی ئێرانی لەسەر سنوورەكانی عێراق سووریا هەیە وەك شەڕوان گرووپی چەكداری، بۆیە شتێكی سەیر نییە ئەگەر لێكگەیشتن یان رێككەوتنێكی لەوجۆرە لەنێوان پەكەكە و حزبوڵادا هەبێت، ئەوەی تا ئێستە هەیە هەواڵی دزەكردووە و لەسەر زەوی هیچمان نەبینیوە، بەڵام ئەگەر هەشبێ شتێكی ئاساییە بەهۆی بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییەكانیان لەوبابەتەدا.

لای خۆیەوە موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان یەكشەمی رابردوو لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، وەك هۆزە عەرەبییەكان وریایی لە مەترسیداریی رێككەوتنێكی نهێنی بەمدواییە لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و میلیشیای كەتیبەكانی حزبوڵا لە شنگال دەدەین، بەپێی رێككەوتنەكە ئەو میلیشیایە پاڵپشتی سەربازی و چەك بۆ چەكدارانی پەكەكە دابین دەكات، بۆ هەڵگەڕانەوە لە بەغدا و هەرێمی كوردستان و رێككەوتنی دوایی هەردوولا.

زیاتر گوتی، شەمووی رابردوو شاندێكی كەتیبەكانی حزبوڵا لە شنگال چاویان بە شاندێكی پەكەكە كەوتووە و رێككەوتنێكی نهێنیان كردووە، بەوەی ئەو میلیشیایە پاڵپشتی سەربازی و چەك بە پەكەكە لە دژی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا بدات، كە یەكێك لە بڕگەكانی وەدەرنانی هێزەكانی پەكەكە و میلیشیاكانە لە شنگال و شوێنگرتنەوەیانە بە هێزە فەرمییەكان.

وەك گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكان روونی كردەوە، لەوكاتەی داوا لە هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا دەكەین بە دەركردنی چەكدارانی پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە شنگال بەپێی رێككەوتنی هەردوو حكوومەت، پەیامیان پێ دەگەینین كە هەڵوێستێكی توندیان بە رووی ئەو گرووپە یاساشكێنانە هەبێت، كە دەیانەوێ بەردەوامیی بە تاوانەكانیان بەرانبەر بە هاووڵاتییان بدەن، هاوكات دەیانەوێ رێگەی نێوان تاران و دەریای سپی كە بە شنگالدا دەڕوات، بەدەستی ئەوان بمێنێتەوە.

بەمدواییە لە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بەرپرسێكی باڵای عێراق ئاماژەی كردووە كە مەترسی هەیە ڕووبەڕوبوونەوەی چەكداری لە شنگال رووبدات، لەلایەك فەرمان بە سوپای عێراق كراوە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال كە جێبەجێ نەكراوە، ئەوەیش بۆ خۆلادان لە دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەگەڵ میلیشیاكان، هاوكات حكوومەتی عێراق دەیەوێ پەكەكە و میلیشیاكان بۆ چوونەدەرەوە لە شنگال رازی بكات، لەوكاتەی ئەوان چوونەدەرەوە رەت دەكەنەوە مەرجیان داناوە.

دووپاتی كردەوە، گرنگترین مەرجی میلیشیاكان بریتییە لە رێگریكردن لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شنگال و مانەوەی بارەگەی میلیشیاكانە لە شارۆكەكە، بێ ئەوەی هێزی چەكداری میلیشیاكان بمێنن، جیا لەوەیش دەبێ تەنیا پۆستی قایمقامی شنگال بە كورد بدرێ و پۆستەكانیتری شارۆكەكە نابێ بۆ كورد بێ.

بوونی چەكدارانی پەكەكە لە چەند ناوچەیەكی عێراق، لەوانە لە شنگال و مەخموور و ناوچە سنوورییەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك تا ئێستە جێی گومانە، بەتایبەتی ساڵی رابردوو هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق و چەند سەربازێكیان كوشت، بێ ئەوەی حكوومەتی عێراق بتوانێ تۆمەتباریان بكات، بۆیە ئەگەر سەیری بابەتەكە لە سێ روانگەوە بكرێت، ئاشكرا دەبێ كە پەكەكە بۆچی لە عێراقە و ئەركەكانی چین.

ئەوانیش یەكەم، هەڵوێستی حكوومەتی عێراق بۆچی لاوازە و ناتوانێ یان نایەوێ پەكەكە وەدەربنێت؟، دووەم ئێران بەتەواوەتی زاڵە بەسەر بڕیاری سیاسی و سەربازی لە عێراق، بۆیە دەتوانێ زۆر بەئاسانی لەبری تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكان بەناوی بوونی چەكدارانی پژاكەوە، وا بكات بە هاوشێوەی "موجاهیدینی خەلق"، پەكەكە لە خاكی عێراق دووربخاتەوە.

سێیەم ئەو ناوچانەی پەكەكەی تیادا هەیە و باڵادەستن بریتین لە ناوچە سنوورییەكان و كێشەلەسەرەكان لەگەڵ توركیا و ئێران و عێراق، بۆیە پەكەكە لەسێ لاوە كار دەكات، یەكەم بۆخۆی كە دەسەڵاتی خۆی بەهێز دەكات و بازرگانی جیاواز لە رێگەی سنوورەكان دەكات، دووەم بۆ وڵاتانی ناوچەكە ئێران و توركیا و عێراق، سێیەم دژ بە هەرێمی كوردستان و بۆ لاوازكردنی قەوارەكەی لە رێگەی نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری كە ئەوەیش كار دەكاتە سەر ئەو پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری و شارستانی و خزمەتگوزارییەی لە ساڵانی دوایی دروست بووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل