دەست بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال كرا

:: PM:06:02:25/11/2020 ‌

مانگی رابردوو هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەغدا رێككەوتنێكی مێژووییان بۆ ئاساییكردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی شارۆكەی شنگال واژوو كرد، ئێستە بڕگەكانی رێككەوتنەكە بەهەنگاو جێبەجێ دەكرێت، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رای گەیاند، شاندێكی باڵای سەربازی چووەتە شنگال بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە.
رۆژانی داهاتوو هەموو بڕگەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ دەكرێت
لیوا تەحسین خەفاجی، ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، لەسەر رێنوێنی مستەفا كازمی، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، شاندێكی بەغدا پێكهاتوو لە هەریەك لە جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵ و فەرماندەی هێزی زەوینی و چەند ئەفسەرێكی باڵا سەردانی شاری شنگالیان كرد و لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی رۆژئاوای نەینەوا كۆ بوونەوە، ئەوەیش بە مەبەستی جێبەجێكردنی رێككەوتنی تایبەت بە شنگال، كە دەست بە رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی كراوە. 

زیاتر گوتی، بۆ ئەو مەبەستە یەكەكانی پۆلیسی فیدراڵ رەوانەی ناوچەكە كراون و بەشی تەناهی رێككەوتنەكە دەست بە جێبەجێكردنی كراوە، بۆیە لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە جێبەجێكردنی هەموو بڕگەكانی رێككەوتنەكە دەكرێت، ئاماژەی كرد، ژمارەی هێزە تەناهییەكانی لە شنگال هەن بەشی ئەوە دەكەن ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە بپارێزن، مەبەستی ئەو هێزانەیش بەرز نەكردنەوەی هیچ ئاڵایەكی ترە جگە لە ئاڵای عێراق و رێگەنەدان بە بوونی هیچ بارەگایەكی ناحكوومەتی و تەنیا بارەگای ئەو حزبانەیشی تیادا دەبێ كە بەفەرمی تۆمار كراون.  

لە 9ی تشرینی یەكەمی رابردوو هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شارۆكەی شنگالیان لە بەغدا واژوو كرد، بەپێی رێككەوتنەكە هەموو گرووپە چەكدارە نافەرمییەكان لە شارەكە دوور دەخرێنەوە و دۆخی شارەكە ئاسایی دەكرێتەوە، بە مەبەستی گەڕانەوەی خەڵكەكەی و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان، بۆ ئەو مەبەستەیش وەك هەواڵەكان ئاماژەیان بۆ كردووە كە تا ئێستە سێ لیوای پۆلیسی فیدراڵی عێراق گەیشتوونەتە ناوچەكە، كە ژمارەیان 550 ئەندامە و لەسەر پشتێنەی سنووری لەگەڵ سووریا بڵاو بوونەتەوە. 

سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە ئەو شاندە باڵایەی ئەمڕۆ چوارشەم لە بەغداوە سەردانی شنگالی كردووە، بۆ كردنەوەی بارەگای پۆلیسی فیدراڵ بووە لە شارەكە لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم، لەوكاتەی دوو فەوجی سەربازی لە شنگالەوە بەرەو پارێزگای سەڵاحەدین پاشەكشەیان كردووە.

بەپێی زانیارییەكان شاندێكی سەربازیی بەغدا بە سەرۆكایەتی عەبدولئەمیر شمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەمڕۆ چوارشەم گەیشتووەتە شنگال بۆ كردنەوەی بارەگای فرقەی شەشی پۆلیسی فیدراڵ كە لە دەوروبەری شارۆكەكە لە بەری باكورییەوە كراوەتەوە، دوای گەیشتنی دوو لیوای ئەو فرەقەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی پشتێنەی سنووری لەگەڵ سووریا، ئەوەیش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال و رێخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی خەڵكەكەی. 

لەوكاتەی بەپێی بڕگەیەكی رێككەوتنەكە دەبێ هەموو گرووپە چەكدارە نافەرمییەكان بچنە دەرەوەی شارەكە، وەك هێزە چەكدارەكانی نزیك لە پەكەكە و حەشدی شەعبی، خەفاجی وەك گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی سوپای عێراق لەبارەی ئەگەری دروستبوونی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو هێزانە رای گەیاند، ئەوكاتەی فەرمانێكی سەربازی لە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان بۆ ئێمە دەردەچێت، جێبەجێی دەكەین.

روونی كردەوە، ئێمە بەرپرسین لە پاراستنی هاووڵاتییان و فەرمانی سەربازی وەك خۆی جێبەجێ دەكەین و گرنگی بەهیچ لایەنێك جگە لە فەرمانەكانی فەرماندەیی گشتی نادەین، هیچ پێوەندیكردنمان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان نییە بۆ رێگرتن لە دروستبوونی بەریەككەوتن و پەرەسەندن، هاوكات هیچ میكانیزمێكی ئەو پێوەندیكردنەیشمان نییە، ئەوە ئەركی ئێمە نییە ئەو كارە بكەین، ئەوە ئەركی حكوومەتی فیدراڵە، بۆیە تەنیا فەرمانی سەربازی و تەناهی جێبەجێ دەكەین و پابەندین بە جێبەجێكردنی هەموو بڕگەكانی رێككەوتنی شنگال.  

لە ماوەی دوایی و بەمەبەستی دروستكردنی پشێوی لە شنگال، بۆ رێگرتن لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، لایەنگرانی پەكەكە دەستیان بە نانەوەی پشێوی كرد و هێرشیان كردە سەر بازگەی دەروازەی رۆژهەڵاتی شنگال و چەند ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسیان تێكشكاند، سەرچاوەیەكی تەناهیش رای گەیاند كە هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی عێراق شەمووی رابردوو سێ چەكداری یەكینەكانی پاراستنی شنگال "یەپەشە"یان گرتووە.

شەمووی رابردوو دوو لیوای پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال گەیشتنە شارۆكەكە، ئەوەیش بۆ گرتنەدەستی ئاسایشی ناوخۆی شنگال و وەدەرنانی گرووپە چەكدارە نایاساییەكان.

لای خۆیەوە گۆران بایك، سەركردەیەكی پەكەكە لەبارەی بڵاوبوونەوەی لیواكانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە شنگال گوتی، پەكەكە شنگال بە بابەتێكی ناوخۆیی عێراق دادەنێ و كار بۆ یارمەتیدانی پێكهاتەی ئێزیدی دەكات، گەیشتنی هێزێكی تەناهی عێراقی بۆ شنگال شتێكی ئاساییە و ئێمە دەست لە دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی ناوچەكە وەرنادەین و چەك بە ڕووی هێزەكانی عێراق بەرز ناكەینەوە. 

هەفتەی رابردوویش قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رای گەیاند كە پۆلیسی ناوخۆیی ئەركی پاراستنی ئاسایشی شنگال دەگرێتە دەست و سوپایش لە دەرەوە دەیپارێزێت، كەسانێك ویستیان ناكۆكی و ترس لەنێوان خەڵكی شنگال و بۆ مەبەستی دیار بڵاو بكەنەوە، پێویستە ژیان لە شنگال ئاسایی بكرێتەوە و ئاوەدان بكرێتەوە و خراپەكار سزا بدرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل