سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی سێ مانگ به‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی شنگال كه له نۆی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2020 واژووكرا، به‌ڵام تا ئێسته خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی شارۆكه‌كه هه‌ستیان به جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه نه‌كردووه و میلیشیاكان و هێزه‌كانی په‌كه‌كه بوونیان هه‌یه و پرۆسه‌كه‌یش سه‌ره‌تایه‌كی لاواز و شه‌رمنانه‌ی ده‌ستی پێكردووه، به‌ڵام حكوومه‌تی به‌غدا توانای نییه كه ئیراده‌وه خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه بسه‌پێنێت، به‌رپرسێكیش دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئێران ڕێگر و كۆسپی سه‌ره‌كییه له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه.
ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" له‌وباره‌وه ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی داوه، ڕێككه‌وتنكه باس له ده‌ركردنی ته‌واوی میلیشیاكان ده‌كات كه ده‌ستیان به‌سه‌ر شارۆكه‌ی شنگال دا گرتووه، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه هێزه‌كانی په‌كه‌كه و گرووپه‌كانی سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی، پاشان دۆخی شارۆكه‌كه ئاسایی ده‌كرێته‌وه و به‌رنامه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ناوچه‌كه بۆ زێدی خۆیان ده‌ست پێ ده‌كات و دۆخی شنگال بۆ پێش 2014 ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه و هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ زێدی خۆیان هه‌ڵده‌گیرێت و دۆخی ته‌ناهی شارۆكه‌كه‌یش ڕاده‌ستی پۆلیسی شنگال ده‌كرێ كه له خه‌ڵكی شنگال دروست ده‌كرێن و سه‌ر به حكوومه‌تی عێراق ده‌بن، ئه‌م هه‌نگاوانه‌یش به هه‌ماهه‌نگی له نێوان حكوومه‌تی فیدرالی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شارۆكه‌ی شنگال له‌وباره‌وه به ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه، كه تا ئێسته كشانه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه له شنگال ئه‌نجام نه‌دراوه، ئه‌وان پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی ڕووكه‌شیانه و میدیایی دووپات له كشانه‌وه له شنگال ده‌كه‌ن، به‌ڵام له واقیع دا تا ئێسته هێزه‌كانیان له نێو شنگال بوونی هه‌یه و هه‌ژموونی خۆیان ده‌سه‌پێنن و هیچ له دۆخه‌كه نه‌گۆڕاوه، حكوومه‌تی عێراقیش زۆر ورد نییه له جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌كه و هێنانه‌دی خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه له واقیع.
تا ئێسته په‌كه‌كه و میلیشیاكان به چڕی له ناو شنگالن و ته‌نیا له ڕووی میدیایی و ڕووكه‌شه‌وه كشاونه‌ته‌وه
زیاتر گوتی، به‌غدا ڕژد نییه له دۆسیه‌ی ده‌ركردنی هێزه‌كانی په‌كه‌كه له شنگال، ئه‌مه‌یش به هۆی بوونی پێوه‌ندی و هاوئاهه‌نگی له نێوان حه‌شد و هێزه‌كانی په‌كه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ئه‌نجام دا هێزه‌كانی حه‌شد فشار له‌سه‌ر حكوومه‌تی به‌غدا دروست ده‌كه‌ن، تا هێزه‌كانی په‌كه‌كه به واقیعی دوور نه‌خرێنه‌وه، چونكه به‌م هه‌نگاوه ئه‌جێندای سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری خۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، بۆیه ڕێككه‌وتنه‌كه تا ئێسته له واقیع به وردی هه‌ستی پێ ناكرێت كه خرابێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
ئێسته چه‌ندان گرووپی میلیشیایی جیاواز كه سه‌ر به ئاراسته و ئایدلۆجیای جیاوازن له شنگال بوونیان هه‌یه، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه، یه‌كینه‌كانی پاراستنی شنگال "یه‌په‌شه" كه به باڵی عێراقی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" هه‌ژمار ده‌كرێن، خاوه‌نی چه‌ك و جبه‌خانه‌ی زۆرن و له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه كۆمه‌ك ده‌كرێن و زۆرجاریش به "حه‌شدی ئێزیدی" ناویان ده‌هێنرێت، سه‌دان گه‌نجی كوردی ئێزیدی خراونه‌ته ژێر ئایدلۆجیای په‌كه‌كه و مه‌شق و ڕاهێنانیان له‌لایه‌ن تیمه‌كانی په‌كه‌كه‌وه پێكراوه و وه‌ك به‌شێكی حه‌شدی شه‌عبیش مووچه‌یان له به‌غداوه بۆ ڕه‌وانه ده‌كرێت، جیا له‌و گرووپه هه‌ریه‌ك له میلیشیاكانی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له شنگال بوونیان هه‌یه و تا ئێسته ده‌رنه‌چوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندان جار حكوومه‌ت دانوستاندنی له‌گه‌ڵ كردوون تا شارۆكه‌كه جێ بهێڵن.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌غدا لیژنه‌ی ئاشته‌وایی و گفتوگۆی پێكهێنا، تا بێ گرژی و توندوتیژی له ناوچه‌كه بچنه ده‌ره‌وه، له‌وباره‌وه ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه بۆ ڕۆژنامه‌كه ده‌ڵێ، تاكه گۆڕانكاری كه له دوای ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه به‌سه‌ر شنگال هاتبێت، بریتییه له هاتنی ژماره‌یه‌ك هێزی عێراق بۆ ناو شاره‌كه و بڵاوبوونه‌وه‌یان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا تا ئێسته هێزه‌كانی په‌كه‌كه له شنگال بوونیان هه‌یه و هه‌ژموونی خۆیان ده‌سه‌پێنن و ده‌یانه‌وێ شێوازی جۆراوجۆر بۆ مانه‌وه‌یان له شنگال بدۆزنه‌وه، خه‌ریكی هه‌ڵكه‌ندنی تونێلن له چیای شنگال و ده‌یانه‌وێ شاخه‌كه بكه‌ن به شوێنی سه‌ره‌كی مانه‌وه‌ی خۆیان.
ئێران نایه‌وێ چیای شنگالی له ده‌ست ده‌ربچێ و میلیشیاكانی هانداوه كه ده‌سبه‌رداری نه‌بن
زیاتر گوتی، سه‌ره‌ڕای بوونی هێزه‌كانی فه‌رمی عێراق، وه‌ك سوپا و پۆلیسی فیدرالی، به‌ڵام ناتوانن به‌سه‌ر ناوچه‌كه زاڵ بن و چه‌ندان جار میلیشیاكان ناڕه‌زاییان له دژیان به‌رپا كردووه و به به‌رد هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر كاروانی هێزه‌كانی سوپای عێراق و خه‌ڵكیان له دژ كۆكردوونه‌ته‌وه.
له‌باره‌ی هۆیه‌كانی سستی و جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێككه‌وتنه‌كه پاش سێ مانگ، به‌رپرسێكی عێراقی ده‌ڵێ، ئه‌مه بۆ دوو هۆی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كه‌میان پێوه‌سته به ململانێی هه‌رێمی له ناوچه‌كه، به تایبه‌ت ئێرانییه‌كان، چونكه ده‌یانه‌وێ له چیای شنگال بمێننه‌وه و بیكه‌ن به مۆڵگه‌ی خۆیان، ئه‌مه‌یش له ڕێی میلیشیاكان و په‌كه‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دووه‌میان ناوخۆییه و بریتییه له فشاری میلیشیاكان بۆ شكستهێنان به ڕێككه‌وتنه‌كه، چونكه ئه‌وان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه سه‌ركه‌وتنی ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌بێته هۆی په‌نابردنی حكوومه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی ڕێككه‌وتنی تری هاوشێوه له ناوچه‌ی تر، به‌مه‌یش پێگه و هه‌ژموونی ئه‌وان كه‌متر و كه‌متر ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌یش به‌لای ئه‌وانه‌وه قبووڵكراو نییه.