لەچەند رۆژی دواییدا بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ ئەبو فەدەك محەمەداوی، سوپاسالاری حەشدی شەعبی كۆبووەوە و باسی دوایین پەرەسەندنەكانی دۆخی شنگالیان كرد، بەتایبەتی دوای بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی ئۆپراسیۆنێكی توركیا، چەند گرووپێكی سەر بە ئێران روویان لەو ناوچەیە كرد، بەڵام چی روودەدات؟
خڵووسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا لە 14ی ئەم مانگە كۆتاهاتنی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە چیای گارە دژ بە چەكدارانی پەكەكە راگەیاند، ئەوەیش دوای سەردانێكی پێشووتری بۆ بەغدا و هەولێر، ئۆپراسیۆنەكەی توركیا لە گارە كاردانەوەیەكی توڕەیی لە بەغدا لێ كەوتەوە، بەو پێیەی بۆردمان و ئۆپراسیۆنەكانی توركیا پێشێلكاریی سەروەریی عێراقە، ئەحمەد ئەسەدی، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، كاتێك ئاكار سەردانی بەغدای كرد حكوومەتی عێراق پێشوازی لەو ئۆپراسیۆنەی توركیا نەكرد، ئێمە بە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانمان گوت كە رووبەڕووی ئەو ئۆپراسیۆنانەی توركیا دەبینەوە.
لەماوەی دواییدا و بەر لەوەی گرووپەكانی حەشدی سەر بە ئێران روو لە شنگال بكەن، فەرماندەی چەند گرووپێك وەك عەسائیب ئەهلولحەق و نوجەبا و كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لەگەڵ ژمارەیەك ئەفسەری سوپای پاسداران كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نیازی توركیا بۆ هەڵكوتانە سەر شنگال، سەرچاوەیەكی ئاگەدار لەو كۆبوونەوانە گوتی، ئێرانییەكان رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەكەكە رەت دەكەنەوە و بە بەردەوام خۆیان لەو بابەتە دەدزنەوە، بۆیە ئۆپراسیۆنەكانی توركیا لەناو خاكی عێراق رەت دەكەنەوە، لەبەرئەوەیش بووە سوپای پاسداران فەرمانی بە میلیشیاكان كرد بە جووڵانەوە و پاراستنی شنگال لەهەر هێرشێكی توركیا.
حكوومەتی عێراق دەترسێت رووبەڕووبوونەوەی سەربازی حەشد و سوپای توركیا رووبدات
بەپێی سەرچاوەیەكی باڵای تەناهیی عێراقی، لەوەتەی رێككەوتنی شنگال كراوە، حەشدی شەعبی چۆڵكردنی شنگالی رەت كردەوە، ئێستەیش بە پاساوی هێرشەكانی توركیا بوونی خۆی لەو شارە بە بەراورد بەپێشوو بەهێزتر دەكات، جیا لەوە هەندێك لەو گرووپانە پێوەندیان لەگەڵ پەكەكەدا هەیە كە چەكدارانی جلی حەشدی شەعبیان پۆشیوە بۆ خۆپاراستن لە راوەدوونانیان لەلایەن توركیاوە، بۆیە حكوومەتی عێراق لە جموجۆڵەكانی دوایی حەشدی شەعبی لە شنگال نیگەرانە.
فەرماندەیەكی نیوچە سەربازی لە گرووپی كەتیبەكانی حزبوڵا گوتی، ئەو بابەتەمان لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا باس كردووە و دەركەوت بۆچوونی ئێرانییەكان لەگەڵ ویستی ئێمە بۆ پاراستنی شنگال كۆكە، ئێمەیش بەشێكین لە هێزە تەناهییەكانی عێراق و ئەركی ئێمەیە بەرگری لە خاكی وڵاتەكەمان دژ بەهەر دوژمنكارییەك بكەین.
دوای كۆتاهاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا و راگەیاندنی دۆزینەوەی 13 تەرمی كەسانی گیراو لەلایەن پەكەكە لە چیای گارە، گرووپەكانی سەر بەئێران دەستیان بە جووڵانەوەی بەپەلە كرد بەرەو شنگال، فەرماندەیەكی عەسائیب دەڵێت، بەنیازی توركیامان زانی دەیەوێ هێرش بكاتە سەر شنگال بۆ راوەدوونانی پەكەكە، ئێمە بەهیچ شێوەیەك رێگا بەوە نادەین، چونكە شنگالمان بەخوێن ئازاد كردووە و بوار بەكەس نادەین بەهەر پاساوێك ئەو كارە بكات.
توركیا پێی وایە شنگال كە دەكەوێتە سەر سنووری باكوری رۆژهەڵاتی عێراق لەگەڵ سووریا، بووەتە شوێنێك و رێگایەكی پەكەكە و ئازادانە بۆ باكوری سووریا جموجۆڵ دەكەن، هاوكات ئەو ناوچانە بۆ هێرشكردنە سەر توركیا بەكاردێنن، لەوكاتەی لە تشرینی یەكەمی 2020 هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق رێككەوتنێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژوو كرد و بەپێی رێككەوتنەكە دەبوایە حەشدی شەعبی و پەكەكە شارەكە چۆڵ بكەن، لەوساتەوە ئەوان دەستیان كردووە بە بەربەستكردنی جێبەجێبوونی رێككەوتنەكە.
سەرچاوەیەك لەبارەی كۆبوونەوەی سەرۆك كۆماری عێراق و ئەبو فەدەك محەمەداوی لە بەغدا گوتی، مەبەستی كۆبوونەوەكە تۆكەمەكردنی دۆخی تەناهی بووە لە كەركووك و رۆژئاوای نەینەوا تا شنگال و سنوورەكانی سووریا، دەبوایە مستەفا كازمیش بەشداری لەو كۆبوونەوە بكات، بەڵام ئەبو فەدەك رەتی كردووەتەوە، ئێستەیش حكوومەتی عێراق ترسی لەوە هەیە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوان حەشد و سوپای توركیا رووبدات.
شارەزایانی سیاسی پێیان وایە بوونی میلیشیا و شارەزایانی سوپای پاسدارانی ئێران و چەكدارانی پەكەكە لە شنگال، مانای وایە گوشارێكی هەرێمی هەیە بۆ دروستكردنی پردێك لەنێوان تاران و لبنان بەعێراق و سووریاوە تێپەڕ دەبێت، ئەوەیش دووپات لە بوونی ململانێیەكی نێودەوڵەتی لە عێراق دەكاتەوە بەهۆی شكستی 18 ساڵەی حكوومەتەكانی عێرا، رێككەوتنی شنگال لەگەڵ خواستی ئێران دژبەیەك بوو كە دەیەوێ كۆنترۆڵی عێراق بكات، هەروەها لەگەڵ بەرەژەوەندیی ئەوانەیش یەك ناگرێتەوە كە لەپشت پەكەكە دەوەستنەوە، بۆ سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر عێراق.