له ساڵی نه‌وه‌ته‌كانه‌وه تا هێرشی داعش و جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌وه له ٢٠١٤دا، شنگال ناوچه‌یه‌كی ئاسایی بووه و جگه له هه‌ندێك جار ته‌قینه‌وه و هێرشی له‌و شێوه‌یه، دۆخێكی جیاوازی تێدا نه‌بووه. له‌گه‌ڵ شه‌ڕی داعش و دواتر شه‌ڕی ڕزگاركردنی شنگال، دۆخی ئه‌و ناوچه‌یه به یه‌كجاری تێكچووه و جگه له خاوه‌نه ڕاسته‌قینه و یاساییه‌كانی، چه‌ندان هێز و ئه‌جێندای جیاوازی تێدا جێگیر بووه كه به پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌كانیان، جگه له زیانی گه‌وره، هیچ سوودێكیان بۆ خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ناوچه‌كه نه‌بووه و ناشبێت.
هاتنی په‌كه‌كه بۆ شنگال و جێگیربوون و خۆسه‌پاندنی، وه‌ك ئاوری ژێر كا، هۆكار و بنه‌ڕه‌تی كۆی دۆخی ئاڵۆز و مایه‌ی به‌زه‌یی شنگال و خه‌ڵكه‌كه‌ی و بگره داهاتووشیه‌تی. به‌مشێوه‌یه:
یه‌كه‌م: كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دژوار پارچه بوون و دابه‌شی كۆمه‌ڵێك ئه‌جێندای سیاسی كراون.
دووه‌م: ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی ئاینی (كه‌سایه‌تی بابه‌شێخ و ئه‌نجوومه‌نی ڕۆحانی و...)، ده‌زگای به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی (كه‌سایه‌تیی میر و سه‌رجه‌م ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی كه پێوه‌ی گرێ دراون)، ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی یاسایی (ئیداره‌ی ناوچه‌كه له‌ڕووی كارگێڕی و ته‌ناهی و حكوومی)، ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی مرۆیی و خێرخوازی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، هه‌موویان ئیفلیج كراون و دابه‌شی دوو پارچه یان چه‌ندان به‌ره‌ی جیاواز بوون. له‌ڕووی سه‌ربازیشه‌وه میلیشیا حوكمی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
سێیه‌م: په‌كه‌كه تا ئێسته‌یش ناچێته ژێرباری هیچ ڕێككه‌وتن و هه‌نگاوێك (وه‌ك ڕێككه‌وتنی شنگال له نێوان هه‌رێم و به‌غدا) له‌پێناو ئاساییبوونه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كه. هه‌ر به‌و هۆكاره‌یش خه‌ڵكی ئاواره متمانه‌یان به دۆخی ته‌ناهی و كارگێڕی نییه و ناگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان.
چواره‌م: په‌كه‌كه ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێك و به هه‌ر ناوێك و به هه‌ر پێوانه‌یه‌ك ڕێكبكه‌وێت، جگه له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. له‌وه‌ش خراپتر ئه‌و هه‌موو سازشه‌ی ته‌نیا له‌پێناوی ئه‌وه‌دایه هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه له شنگال نه‌بن.
پێنجه‌م: په‌كه‌كه رۆژانه به خۆنواندن، هانی توركیا ده‌دات كه چاوی له‌سه‌ر شنگال هه‌ڵنه‌گرێت و له‌گه‌ڵ جارجاره لێدان و بۆمباران، هه‌میشه هه‌ڕه‌شه‌ی ئۆپراسیۆنیش بكات.
به‌مشێوه‌یه خه‌ڵك له‌به‌ر ترس ناگه‌ڕێنه‌وه، حه‌شدی شه‌عبی و حكوومه‌تی عێراق به بیانووی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توركیا، هێزی زیاتر و زیاتر دێننه شنگال، هێزی پێشمه‌رگه و كوردستانیش له ده‌ره‌وه‌ی كۆی دۆخه‌كه ده‌هێڵرێنه‌وه.
به‌م ئه‌جێندا چه‌ند ڕه‌هه‌نده مه‌ترسیداره‌ی په‌كه‌كه:
شنگال چۆڵ ده‌بێت و خه‌ڵك ناگه‌ڕێنه‌وه. شیعه‌ی شۆڤێنیست و تایفی ده‌رفه‌تیان بۆ ده‌ڕه‌خسێت به یه‌كجاری ناوچه‌كه داگیر بكه‌ن و سه‌رجه‌م نرخ و ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌كه‌ی بشێوێنن. له‌وانه‌یشه له ئه‌نجامدا توركیا ئۆپراسیۆن بكات.
هه‌موو ئه‌مانه‌یش ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ر هه‌مان شته: شنگال له ئێزیدییه‌كان چۆڵ ده‌كرێت، حكوومه‌تی هه‌رێم و هێزی پێشمه‌رگه كۆنترۆڵیان به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌وه نامێنێت.
هۆكاری ئه‌مانه و ده‌مه‌قاڵه‌ی ئێران و توركیا له‌سه‌ر شنگال، په‌كه‌كه‌یه و به‌س. بێگومان چاره‌سه‌ریشی ئاسان نییه.
ڕاپۆرت/ هه‌وراز گه‌رمیانی