ماوه‌یه‌كه توركیا به به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه سه‌ر شنگال ده‌كات، كه بووه‌ته مۆڵگه‌ی په‌كه‌كه و میلیشیاكانی سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران، له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌یش تاران له ڕێی میلیشیاكانه‌وه به‌رده‌وامه له پڕچه‌ككردنی هێزه‌كانی په‌كه‌كه و كۆمه‌ك كردنیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش ته‌نگژه و گرژییه‌كانی نێوان ئێران و توركیا له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو به ته‌واوی ڕوونبوونه‌وه، پڕچه‌ككردنی په‌كه‌كه و جێگیركردنی له شنگالیش وا ده‌كات ناوچه‌كه ببێت به مۆڵگه‌ی بۆردمانه‌كان و كێشه‌كانی ناوچه‌كه، ئه‌مه‌یش گه‌وره‌ترین زیان به خه‌ڵكی شنگال و ده‌وروبه‌ری ده‌گه‌یه‌نێت.
به‌شی ئینگلیزی ماڵپه‌ڕی ڕۆژنامه‌ی "العربی الجدید" بابه‌تێكی له‌وباره‌وه بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، كه ململانێكانی توركیا و ئێران له‌سه‌ر سه‌پاندنی هه‌ژموون به‌سه‌ر ناوچه جیا جیاكانی عێراق به ته‌واوی ته‌قیونه‌ته‌وه و بوونه‌ته باسی ڕۆژ، ئه‌گه‌رچی له چه‌ند ساڵی ڕابردوو كێبه‌ركێ و ململانێكان به نهێنی مابوونه‌وه، به‌ڵام ئێسته هه‌موو شت ڕوون و ئاشكرایه.
له دوای هه‌ڕه‌شه به‌رده‌وامه‌كانی توركیا بۆ هێرشكردنه سه‌ر شنگال، له مانگی ڕابردوو (شوبات/فێبرایه‌ر) به فه‌رمانی پاسداران هه‌زاران چه‌كداری میلیشیاكانی حزبوڵای عێراق و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق گه‌یشتنه تاران، ئه‌مه‌یش له كاتێكدا بوو كه له مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردووه‌وه، حكوومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ میلیشیاكان له گفتوگۆدایه تا شنگال جێ بهێلن و دۆسیه‌ی ته‌ناهی شارۆكه‌كه ڕاده‌ستی پۆلیسی فیدراڵی بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ی میلیشیاكان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانی به‌غدا بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی شنگال شكستی هێناوه و میلیشیاكان له سه‌رووی حكوومه‌ته‌وه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و به فه‌رمانی تاران ده‌جوڵێن و پابه‌ندی بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی عێراق و مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق نابن.
به نهێنی په‌كه‌كه پڕ چه‌ك ده‌كات و هانی ده‌دا شه‌ڕی فره‌وانتر له دژی توركیا بكات
نه‌سیبه یونس توێژه له ئه‌نجوومه‌نی ئه‌وروپی بۆ پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی له‌وباره‌وه دووپاتی له‌وه كرده‌وه، كه تاران به به‌رده‌وامی ڕێنمایی ئاراسته‌ی میلیشیاكانی سه‌ر به‌خۆی له عێراق ده‌كات، به‌وه‌ی كه تا ده‌توانن چه‌كدار و هێزی زیاتر بۆ شنگال بگوێزنه‌وه، به‌ناوی به‌رگریكردنی له ناوچه‌كانی ئێزیدی و هاندانی جیابوونه‌وه‌ی ئێزیدی له كورد، جیا له‌وه‌یش مه‌به‌ستی گه‌وره‌ی تاران بریتییه له هێشتنه‌وه‌ی شنگال له ده‌ستی هاوپه‌یمانه‌كانی له عێراق، چونكه به یه‌كێك له ستراتیجیترین خاڵی سه‌ربازی له عێراق هه‌ژمار ده‌كرێ و گرنگییه‌كی یه‌كجار زۆری هه‌یه، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه ده‌ستوه‌ردانیان له خاكی عێراق كردووه.
به‌هۆی هه‌ڕه‌شه به‌رده‌وامه‌كانی توركیاوه‌یش، میلیشیاكانی سه‌ر به تاران، ده‌ستیان به كۆمه‌ك و هاوكاریكردنی په‌كه‌كه كردووه، چه‌ك و كۆمه‌كی داراییان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، تا ئه‌گه‌ر توركیا په‌لاماری ناوچه‌كه‌ی دا، ئه‌وا به پشتیوانی ئه‌وان و به كۆمه‌كه‌كانیان گورزێكی گه‌وره له توركیا بوه‌شێنن.
تاران وه‌كچۆن له ڕێی میلیشیاكانی زۆرترین فشاری له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان دروست كردووه تا عێراق جێ بهێڵن و وڵاته‌كه ته‌نیا بۆ خۆی بمێنێته‌وه، هاوكات ده‌یه‌وێ ڕووبه‌ڕووی ده‌ستوه‌ردانی توركیایش ببێته‌وه، كه زۆرێك له پارته‌كانی عه‌ره‌بی سوننه له به‌رژه‌وه‌ندی توركیا له عێراق كار ده‌كه‌ن.
ئه‌میلی هۆرسۆن شرۆڤه‌كار له په‌یمانگه‌ی ستراتفۆر بۆ سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا ئاشكرای كرد، كه له ڕووكه‌شدا هه‌رگیز نایانه‌وێ كه په‌كه‌كه و هێزه دروستكراوه‌كانی وه‌ك هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانی میلیشیاكان ده‌ر بكه‌وێت، به‌ڵكو تاران ئامانجیه‌تی كه به كۆمه‌ككردنێكی كه‌م و پێدانی چه‌كی سووك و مامناوه‌ند وه‌ك جه‌نگاوه‌رێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی به‌كاریان بهێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌رگیز هاوشێوه‌ی میلیشیاكان مووشه‌ك و چه‌كی پێشكه‌وتوو به په‌كه‌كه نادرێت، به‌ڵكو ته‌نیا به‌كاریان ده‌هێنن، وه‌كچۆن پێشترین ئه‌سه‌د هێزه‌كانی نزیك له په‌كه‌كه‌ی به‌كارهێنا تا له دژی توركیا و هێرشی داگیركاری بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی كورد بجه‌نگن، به‌ڵام چه‌كی سه‌ره‌تایی و ئاسایی پێدان و بووه هۆی ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه قوربانی و زیانی زۆریان به‌ربكه‌وێت.
له ڕێی میلیشیاكانی له عێراق چه‌ك ده‌گه‌یه‌نێته په‌كه‌كه و شنگال ده‌كه‌ن به گۆڕه‌پانی جه‌نگ
زیاتر گوتی، ئه‌گه‌ر تاران به ئاشكرا و به ڕوونی كۆمه‌ك و چه‌ك به په‌كه‌كه بدات، ئه‌وا پێوه‌ندی سیاسی و دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره به ته‌واوی تووشی ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره و قووڵ ده‌بێت، بۆیه هه‌رگیز كۆماری ئیسلامی ئێران نایه‌وێ ئه‌و سه‌ركێشییه بكات، له كاتێكدا ئێسته ئه‌مه‌ریكا و زۆربه‌ی وڵاتانی تری ڕۆژئاوا گه‌مارۆیان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه. كاتێك توركیایش هێرش بكاته سه‌ر شنگال و میلیشیاكانی سه‌ر به‌خۆی ڕووبه‌ڕووی توركیا ببنه‌وه، ئه‌وا جارێكی تر ده‌بێته هۆی تێكچوونی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ئێران، بۆیه باشترین بژاره بریتییه له‌وه‌ی كه په‌كه‌كه به ناڕاسته‌وخۆ به‌كاربهێنێت.
مانه‌وه‌ی په‌كه‌كه و به‌رده‌وامی دروستكردنی كێشه بۆ توركیا به ته‌واوی له به‌رژه‌وه‌ندی ئێرانه و بۆیه چه‌ندان ساڵه به نهێنی هاوكارییان ده‌كات، هه‌رچه‌نده ئه‌نكه‌ره‌یش ناڕه‌زایی ده‌ربڕیوه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی ڕوون و پێویست، نه‌یتوانیوه فشاری زۆر له‌سه‌ر تاران دروست بكات.