پەكەكە شنگال چۆڵ ناكا و رێگەیش بە گەڕانەوەی خەڵكەكەی نادات، كار بۆ بەرژەوەندیی ئەجیندای ئێران و حەشدی شەعبی دەكات، بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بێتە سازكردن، ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی ددان بەوەدا دەنێن كە چەند كاندیدێكی سەر بە پەكەكە لە پرۆسەكەدا بەشدارن.
چەند بەرپرسێكی عێراقی ئاماژە دەكەن كە ژمارەیەك كاندیدی سەر بە پەكەكە لە چوارچێوەی بازنەی سێی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگەی نەینەوا، كە شنگال و دەوروبەری دەگرێتەوە، لە رێگەی حزب و بزاوە ئێزیدییەكان لە هەڵبژاردن بەشدارن، چاودێران پێیان وایە هەوڵێكە بۆ دروستكردنی بوونێكی سیاسیانەی ئەو باڵانەی پەكەكە لە ناوچەكە، هەروەها كێبەركێكردنی پارتە كوردییەكان، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، جیا لە هێزە عەرەبییە سوننەكان، كە چانسی بردنەوەی كورسییەك لە سێ كورسییەكەی شنگالیان هەیە.
دوای رزگاركردنەوەی شارۆكەی شنگال، 110 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای مووسڵ، تا ئێستە كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی پەكەكە و میلیشیا شیعەكان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا، ئەوان رێگری لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری دەكەن، كە هەردوو حكوومەت لە تشرینی یەكەمی 2020 واژوویان كرد و بەپێی ناوەڕۆكەكەی پێویستە هەموو گرووپە چەكدارە نافەرمییەكان شارەكە چۆڵ بكەن و شوێنەكە ئاوەدان بكرێتەوە و خەڵكەكەیشی بگەڕێتەوە.
بەرپرسێكی عێراقی بە
"عەرەبی ئەلجەدید"ی گوت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەرپرسیارەتی تێپەڕاندنی ژمارەیەك كاندیدی سەر بە پەكەكە لەئەستۆ دەگرێت، كە لەلایەن ژمارەیەك وڵاتان بە تیرۆریست لەقەڵەم دراوە، یەكێك لەوان لە نیسانی رابردوو بەشداری لە هاندان لەدژی سوپای عێراق و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی لە ناوچەكە كردووە.
ئەو بەرپرسە ئاشكرای كرد كە حەوت كانیدید لە بازنەی شنگال سەر بە پەكەكەن، ئەوان لە رێگەی هێز و قەوارەی نوێ و كۆنی ئێزیدییەوە كاندید كراون، بۆ بەدەستهێنانی كورسییەك لە شنگال و بۆ كۆتای ژنانیش كاندیدیان هەیە، كە 25%ی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق كە لە 329 كورسی پێكهاتووە بۆ كۆتای ژنانە، بەپێی سەرچاوەكان لە شنگال پەكەكە و گرووپی ئێزیدخان، دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە و كاندیدەكانیان لە كادرە پێشكەوتووەكانی پەكەكەن، بەڵام بەناوی گرووپی نوێ هاتوونەتە پێش.
پەكەكە دەیەوێ بە چەك دەنگی شنگالییەكان ببات داگیركاریی شارەكە تەواو بكات
چاودێران پێیان وایە ئەو قەوارانەی پەكەكە لەپشتیانە، هەوڵی دوورخستنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال و دەستگرتن بەسەر بڕیاردان تیایدا و بەردەوامبوون لە دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر خاكی عێراق، لە رێگەی دروستكردنی هەڕەشە بۆ توركیا دەدەن، بەرپرسان لە شنگال، لەوانەیش مەحما خەلیل قایمقامی شارەكە دەڵێت، پێویستە هەڵبژاردن پاك بێت و كۆمسیۆن رێگە بەو قەوارە سیاسیانە نەدات كە بە پارەی سیاسیی گەندەڵی و لە دەرەوەی عێراق پاڵپشتی دەكرێن بەشداری هەڵبژاردن بكەن.
زیاتر گوتی، شنكال بەرگەی كێبەركێیەكی سیاسی ناگرێ كە لە دەرەوە پاڵپشتی بكرێ و ئامانجی وێرانكاری هەبێت، هاتنی لایەنی تۆمەتبار بە توندوتیژی و دزی و تاڵانی و دەربەدەركردنی خەڵك بۆ شارەكە یارمەتی بنیاتنانەوەی نادات، دوای رزگاركردنەوەی شنگال لە داعش، میلیشیاكان و پەكەكە هاتن بۆ هێشتنەوەی ململانێكان و رێگرتن لە پەرەسەندنی شارەكە، بەڵام سەركەوتوو نابن، چونكە خەڵكی شنگال ئەوان دەناسن كە شارەكەیان كردووتە بنكەیەكی سەربازی پڕ لە چەك و تەقەمەنی.
لەوكاتەی فارس حەربۆ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ئازادی و دیموكراسی ئێزیدی، سەر بە پەكەكە، ئاشكرای كرد كە تەنیا هزری تیرۆر و بەعس لە عێراق قەدەغەیە و كێبەركێی سیاسی شێوە و سروشتی ژیانی سیاسی داهاتووی شنگال دیاری دەكات، كیفاح مەحموود، راوێژكاری پێشووی سەرۆكایەتی هەرێم ئاماژەی كرد، ئێستە شنگال بووەتە ناوەندی ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، پەكەكەی نەیاری توركیا بووەتە هاوپەیمانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەوێ و سوود لە ناوچەكە دەبینێ بۆ مەبەست و جێبەجێكردنی ئەجیندای ناعێراقی.
ئاشكرای كرد كە پەكەكە لە رێگەی ژمارەیەك قەوارەی سیاسی چەند كاندیدێكی بۆ هەڵبژاردن كۆ كردووتەوە، كە بریتین لە ژمارەیەك كارەكتەر لە دەرەوەی عێراق پاڵپشتی دەكرێن و دەجووڵێندرێنەوە بۆ مەبەستی تەواوكردنی داگیركاریی شنگال و كۆنترۆڵكردنی تەواوی پێكهاتەكانی، بۆیە پەكەكە پەنا بۆ چەك دەبات بۆ بەدەستهێنانی دەنگی خەڵكی شنگال، ئەوەیش هەمان رێگەیە كە میلیشیاكان لە بەغدا و باشووری عێراق بەكاری دێنن.