ئێران دەستبەرداری شنگال نابێت.. بۆچی؟

:: PM:04:29:31/08/2021 ‌

رەنگە ئەو پرسیارە بە بیری زۆركەس دابێت، بۆچی كێشەی شنگال و كوردانی ئێزیدی چارەسەر نابێت؟، ساڵی رابردوو رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كرا، كەچی تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە، كێشەی شنگال راستەوخۆ پێوەستە بە پەكەكە و میلیشیا شیعەكان، ناراستەوخۆیش بە ئێران و ئامانجە ستراتیجییەكانی و ململانێی لەگەڵ ئەمەریكا و توركیا.

شنگال بووەتە نموونەیەكی بچووككراوەی ململانێی یاریكەرەكانی سەر گۆڕەپانی عێراق لەسەر باڵادەستی لەو وڵاتە، پێگەی گرنگ و ستراتیجیی ئەو ناوچە، كە رێگەی بەیەكگەیاندنی باكوری عێراق و رۆژهەڵاتی سووریایە، ئەوەیش وای كردووە ببێتە بازنە و گۆڕەپانێكی ململانێی ئێران و ئەمەریكا و توركیا. لێدوانەكانی رۆبەرت بالادینۆ، كونسوڵی ئەمەریكا لە هەرێم لەبارەی شنگال، بە روونی تیشكی خستە سەر گرنگی شنگال و ئەو ململانێیەی هەیە.

كونسوڵی ئەمەریكا رای گەیاند حكوومەتی ئەمەریكا بەداخەوەیە بۆ بوونی میلیشیاكانی ئێران لە شنگال، ئەوان نایانەوێ كێشەی شنگال چارەسەر بێت، لەوكاتەی ئێران دەیەوێ دووەم رێگەی وشكانی لە نێوان عێراق و سووریا دابین بكات، لەپاڵ رێگەكانی پارێزگای ئەنبار، توركیا لە رووی سیاسی و سەربازی كار بۆ دۆزینەوەی شوێنپێیەك لە شنگال دەكات، بۆ نەهێشتنی چەكدارانی پەكەكە، كە حەشارگەیەكی ئارامیان لەو ناوچەیە هەیە و حكوومەتی عێراقیش ناتوانێت یان نایەوێت دەریان بكات. 
ئەمەریكا: لێكگەیشتنی هەولێر و بەغدا و دانیشتوانی ناوچەكە كێشەی شنگال چارەسەر دەكات
هەرچی ئەمەریكایە، شنگال و تەواوی ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەولێر و رۆژهەڵاتی سووریای لا گرنگە، كە لە حەسەكە و دێرزوور و رەقە هێزەكانی جێگیر كراون، هاوكات لە ئەگەری كشانەوەی لە عێراق و كشانەوەی هێزەكانی بۆ هەرێمی كوردستان، كۆنترۆلكردنی ئەو ناوچەیەی لا گرنگە.

پار رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال لە نێوان هەولێر و بەغدا واژوو كرا، بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت پەكەكە و میلیشیا شیعەكان و هەموو گرووپە چەكدارییە نافەرمییەكان بچنە دەرەوە و هێزێكی پۆلیس لە شنگالییەكان پێك بێت بۆ پاراستنی ئاسایش، جیا لە ئاوەدانكردنەوە و رێخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی خەڵكەكەی، كە ئێستە زۆرینەیان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانن.

پەكەكە و میلیشیاكان نەیانهێشت رێككەوتنامەكە جێبەجێ بكرێت، چونكە لەو ئەگەرە دەكەوێتە دەست دەستی هێزە فەرمییەكانی عێراق دوور لە دەسەڵاتی میلیشیاكان و خواستی ئێرانەوە، كە بەكارهێنانی ناوچەكە وەك رێگەیەكی سەرەكیی بەیەكگەیاندنی تاران بە بەیرووت، ئەوەیش وای كردووە میلیشیاكان بەهەموو شێوەیەك رێگری لە ئاساییبوونەوەی بگرن.  

هۆكارێكی تر ئەوەیە ئەگەر میلیشیاكان لە شنگال دەربكرێن، لە ناوچەكانیتریش خەڵكەكە داوای چوونەدەرەوەیان دەكات، بەتایبەتی لە ناوچە كێشەلەسەر و سوننەكان، بۆیە ئەوان رێگری لە ئاساییكردنەوەی شنگال و چەندان ناوچەی تر و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان دەكەن، بەتایبەتی كە هەڵبژاردن نزیك بووەتەوە و دەیانەوێ لەو ناوچانە كاندیدانی نزیك لە خۆیان سەركەون بۆ پەرلەمانی عێراق، جیا لەوەی رەنگە ئەو هەنگاوە رێخۆشی بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بكات، ئەوەیش تەواو پێچەوانەی خواستی میلیشیاكان و شۆڤینییەكانی ناو پەرلەمان و حكوومەتی عێراقە.

كونسوڵی ئەمەریكا پێی وایە رێككەوتنی شنگال گونجاوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی شنگال و لێكگەیشتنی نێوان هەردوو حكوومەتی هەولێر و بەغدا و دانیشتوانی ناوچەكە كێشەكان چارەسەر دەكەن، دووپاتی كردەوە كە ئەندامانی پەكەكە هاوئاهەنگیان لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە، ئەمەریكایش هانی كشانەوەی پەكەكە دەدات لە شنگال و چارەسەربوونی كێشەكە.

ئەمەریكا بنكەی سەربازی لە هەرێمی كوردستان لە ناوچەی هەریر و فڕۆكەخانەی هەولێر هەیە، لە سووریایش هێزەكانی لە چەند ناوچەیەك هەن، بۆیە دەیەوێ ئەو شوێنە كۆنترۆل بكات كە ئێران وەك رێڕەوێكی زەوینی بەرەو خاكی سووریا بەكاری دێنێت، بالادینۆ روونی كردەوە، بەپێی رێككەوتن لەگەڵ عێراق وڵاتەكەی دەستی بە كشانەوەی هێزە شەڕوانییەكانی كردووە، ئەو هێزانەیشی دەمێننەوە بۆ راوێژكاری و راهێنانن. 

لەوكاتەی كونسوڵی ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە جەنگ لە دژی تیرۆر كۆتایی نەهاتووە و جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا پابەندی ئەمەریكای بە پاڵپشتیكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردووەتەوە، لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی درێژخایەن لەگەڵیاندا و تا ئێستە داعش مەترسییە، میلیشیاكان وا لە رێككەوتنی حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا دەگەن كە فێڵێكە لەوان دەكرێت، كە داوای چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل