به‌رپرسێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، كه بوونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه و میلیشیاكان كۆسپ و به‌ربه‌سته له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی شنگال، كه نزیكه‌ی ساڵ به‌سه‌ر واژووكردنی تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئێسته‌یش هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان گفتوگۆ ده‌كات، تا به‌هه‌ماهه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و حكوومه‌تی به‌غدا بتوانرێ ڕێككه‌وتنه‌كه بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
ڕێككه‌وتنی
شنگال له مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو له نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق واژوو كرا، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال و گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان و ده‌ركردنی چه‌كدارانی په‌كه‌كه و میلیشیاكان و سپاردنی دۆخی ته‌ناهی شاره‌كه به پۆلیسی ناوخۆیی كه له خه‌ڵكی شاره‌كه پێكده‌هێنرێن و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه بپارێزرێت.
مانگی داهاتوو ساڵێك به‌سه‌ر واده‌ی واژووكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه‌چی تا ئێسته هه‌نگاوی كرده‌یی نه‌نراوه و میلیشیاكان و چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه بوونیان هه‌یه، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆكار و بیانووێك به ده‌ست توركیاوه، كه له ماوه‌ی ڕابردوو چه‌ندان جار بۆردمانی شنگال ده‌كات.
سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشتر ئاشكرای كرد، كه بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه و میلیشیاكان له شنگال، بووه‌ته كۆسپ له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال، به‌وهۆیه‌وه‌یش ڕێككه‌وتنه‌كه له واقیع جێبه‌جێ نه‌كراوه.
زیاتر گوتی، واشنتن نیگه‌رانه له بوونی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له شنگال كه قه‌ده‌غه‌ی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌كه‌ن، جیا له‌وه‌یش ئه‌و میلیشیایانه به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه و كێشه‌ن بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عێراق، ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ په‌كه‌كه و میلیشیاكان له شنگال بچنه ده‌ره‌وه و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێ و ڕێككه‌وتنه‌كه به كرده‌یی جێبه‌جێ بكرێت و ناوچه‌كه له لایه‌ن سوپای عێراق و پێشمه‌رگه بپارێزرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش له ماوه‌ی ڕابردوو چه‌ندان كۆبوونه‌وه و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه كراوه.
دوو ڕۆژ پێش ئێسته كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر ڕۆبێرت پالادینۆ تیشكی خسته سه‌ر دۆسیه‌ی ڕێككه‌وتنی شنگال و نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی له‌وه‌ی كه میلیشیاكانی ئێران و چه‌كدارانی په‌كه‌كه له شارۆكه‌كه‌ن و ڕێگرن له جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه، دووپاتی له‌وه‌یش كرده‌وه، كه واشنتن ده‌یه‌وێ كێشه‌كانی شه‌نگال له ڕێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه و جێبه‌جێكردنی چاره‌سه‌ر بكرێن.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی و نێرده‌ی یۆنامی له عێراق به‌رده‌وام له گفتوگۆدایه، تا له ڕێی ئه‌و دووانه‌وه هانی زیاتری به‌غدا بدرێ، تا ڕێككه‌وتنه‌كه بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
به‌رپرسێكی كوردستان له‌وباره‌وه به ڕۆژنامه‌ی "العربی الجدید"ی ڕاگه‌یاند، ماتیۆ تۆله‌ر باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی دیدار و گفتوگۆكان ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه، كه واشنتن به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌كات و به‌ڵێنیش ده‌دات كه تواناكانی خۆی ده‌خاته‌گه‌ڕ، تا به گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه دۆخی شنگال ئاسایی بكرێته‌وه.
زیاتر گوتی، هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنی له لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی وه‌رگرتووه، كه پشتیوانی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه بكه‌ن و له‌گه‌ڵ به‌غدایش بكه‌ونه گفتوگۆ تا هانی به‌غدا بده‌ن، به په‌له ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه له واقیع بكات.
له‌وباره‌وه‌ی ماجد شنگالی په‌رله‌مانتاری پێشووی كورد له به‌غدا بۆ ڕۆژنامه‌كه ڕه‌خنه‌ی له حكوومه‌تی عێراق گرت و به بێده‌سه‌ڵات ناوی برد، له جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه، هۆشداریشی دا له‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق نووسینگه‌ی ڕه‌گه‌زنامه و ناسنامه له شنگال بكاته‌وه، له كاتێكدا شارۆكه‌كه وه‌ك سه‌ربازگه‌یه‌كه و هیچ سیمایه‌كی مه‌ده‌نی پێوه دیار نییه، كردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینگانه‌یش نیشانه‌ی دداننانه به ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه و میلیشیاكان له‌و شارۆكه‌یه.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانگانه له شنگال، ئاواره‌كانی شنگال ناچار ده‌كات بۆ ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌كانیان ڕوو له شارۆكه‌كه بكه‌نه‌وه و ژیانیان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه، بچنه ژێر ده‌ستی هه‌ڕه‌شه و سوكایه‌تییه‌كانی میلیشیاكان و په‌كه‌كه، تا كاره‌كانیان له‌و فه‌رمانگانه ئه‌نجام بده‌ن.