چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوخۆیی و ته‌ناهی له شنگال دووپاتیان كرده‌وه، كه چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" ده‌ستیان به‌سه‌ر كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگده‌ران له سنووری شارۆكه‌ی شنگال به‌زه‌بری هێز گرتووه و ده‌یانه‌وێ له هه‌ڵبژاردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاری بهێنن.
موزاحیم حوێت گوته‌بێژ به‌ناوی هۆزه عه‌ره‌بییه‌كانی ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان به "شه‌فه‌ق نیوز"ی ڕاگه‌یاند، كه په‌كه‌كه هاووڵاتییانی عه‌ره‌بی له سنووری شنگال ناچار كردووه، كه كارتی ده‌نگدانیان ڕاده‌ستی ئه‌و چه‌كدارانه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕۆژی هه‌ڵبژاردن له شوێنی ئه‌وان ده‌نگی پێ بده‌ن، له ئه‌گه‌ری ڕاده‌ستنه‌كردنی كارتی ده‌نگدانیش له‌لایه‌ن هاووڵاتییانی ناوچه‌كه، هه‌ڕه‌شه‌ی توندیان لێ كردوون و به زه‌بری چه‌ك چوونه‌ته سه‌ر خه‌ڵك و كارتی ده‌نگدانیان لێ وه‌رگرتوون.
زیاتر گوتی، تا ئێسته زیاتر له دوو هه‌زار كارتی ده‌نگدان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه له هاووڵاتییانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه وه‌رگیراوه و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یش به‌رده‌وامی هه‌یه و ڕۆژ دوای ڕۆژ ژماره‌ی ئه‌و كارتانه‌ی په‌كه‌كه ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گرێ، ڕوو له زیادبوون و زۆربوون ده‌كه‌ن.
حوێت ورده‌كاری زۆرتری خسته‌ڕوو و گوتی، سێ له سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه له شنگال به ناوی "ده‌مهات، جودی، زیلان" به‌رپرسیاریه‌تی وه‌رگرتنی كارتی ده‌نگدانیان له هاووڵاتییانی عه‌ره‌ب و خه‌ڵكی ناوچه‌كه له ئه‌ستۆیه و ئه‌وانیش ئه‌و كاره به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن و هیچ سۆز و به‌زه‌ییه‌كیان نییه.
به زه‌بری هێز و هه‌ڕه‌شه هه‌زاران كارتی ده‌نگدانیان له خه‌ڵك وه‌رگرتووه و خۆیان له شوێنی ئه‌وان ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن
سه‌رچاوه‌یه‌كی ته‌ناهیش له شنگال به ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه، كه هێزه‌كانی یه‌كینه‌ی پاراستنی شنگال كه گرووپێكی سه‌ر به په‌كه‌كه‌ن، خه‌ڵكی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری شنگالیان ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه، كه هه‌ر خێزانێك پێویسته به‌لای كه‌مه‌وه دوو ده‌نگ بۆ كاندیده‌كانی ئه‌وان كۆ بكاته‌وه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گوتی، ئه‌و گوندانه‌ی كه ئه‌و ئاگه‌داركردنه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌یان پێ دراوه بریتین له گونده‌كانی "ئوم زیبان، پیری جار، فاو، زه‌كو، سه‌حل، پیر قاسم، به‌نی سه‌بعه، ئوم جریص، ته‌ل مشرف" جیا له ئاگه‌دار كردنه‌وه، كارتی ده‌نگدانیان له‌به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی گونده‌كه وه‌رگرتووه و لای خۆیان گلیان داوه‌ته‌وه.
هاووڵاتییه‌كی یه‌كێك له‌و گوندانه له‌به‌ر سه‌لامه‌تی ژیانی نه‌یویستووه ناوی ئاشكرا بكرێ، بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه زانیاری خستووه‌ته ڕوو و ئاماژه‌ی داوه، كه چه‌كدارانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی شنگال هاتنه سه‌رمان و ناچاریان كردم كه كارتی ده‌نگدانی خۆم و هاوسه‌ره‌كه‌میان پێ بده‌م، بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرسیارێك و گفتوگۆیه‌كیشیان له‌گه‌ڵ بكه‌م، چونكه بیستوومانه كه له گونده‌كانی تر ئه‌وانه‌ی به‌رهه‌ڵستیان كردووه، به توندی ئازاریان داوه و ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكه‌كه بوونه‌ته‌وه، منیش كارتی ده‌نگدانم پێشكه‌ش كردن، ژیانی خۆم و هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر گرنگتره له هه‌ڵبژاردن.
له‌لایه‌كی تره‌وه ڕۆژنامه‌ی "العربی الجدید" ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی خه‌ڵكی سنووری شنگال بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، كه هه‌موو هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بۆ ئه‌وه‌یه تا ئاواره‌كانی شنگال بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان، به‌ڵام ئێسته كۆچكردنی خه‌ڵك له شنگاله‌وه بۆ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامی هه‌یه، ئه‌مه‌یش بۆ مامه‌ڵه‌ی په‌كه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر توندوتیژانه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
مه‌نال محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی به‌هاناوه‌چوون له پارێزگه‌ی دهۆك له‌وباره‌وه گوتی، زیاتر له 250 خێزانی شنگال كه ساڵی ڕابردوو له كه‌مپه‌كانه‌وه بۆ زێدی خۆیان گه‌ڕابوونه‌وه، جارێكی تر شنگالیان جێهێشتووه و بۆ دهۆك گه‌ڕاونه‌ته‌وه و وه‌ك ئاواره خۆیان تۆمار كردووه‌ته‌وه.
زیاتر گوتی، كاتێك له هۆكاری دووباره گه‌ڕانه‌وه‌یانمان پرسیوه، دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه به به‌رده‌وامی له ژێر هه‌ڕه‌شه و چاوسوركردنه‌وه‌دان و چه‌كدارانی په‌كه‌كه هیچ یاسا و ڕێسایه‌ك ڕه‌چاو ناكه‌ن و هه‌ر كێی مه‌به‌ستیان بێ ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه و له‌ناوی ده‌به‌ن، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك له شنگال بوونی نییه و ژیان له‌وپه‌ڕی خراپیدایه.
هه‌ڕه‌شه و ئه‌شكه‌نجه‌دانی خه‌ڵكی شنگال له‌گه‌ڵ زیاتر نزیكبوونه‌وه له هه‌ڵبژاردن زیاتر ده‌بێت
به‌رپرسێكی شنگالیش له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌كه دووپاتی كردووه‌ته‌وه، كه له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتر له واده‌ی هه‌ڵبژاردن، فشار و هه‌ڕه‌شه‌كانی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه زیاتر و زۆرتر ده‌بێت، چونكه ئه‌و ده‌ڤه‌ره به پێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌نگه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له سنووری پارێزگه‌ی نه‌ینه‌وا هه‌ژمار ده‌كرێت، له ته‌واوی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوو ئه‌و حزبه زۆرترین ده‌نگی لێ به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام په‌كه‌كه ده‌یانه‌وێ به هه‌ڕه‌شه و چاوسوركردنه‌وه و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ده‌روونی و جه‌سته‌یی خه‌ڵك، وایان لێ بكه‌ن كه ده‌نگ به كاندیدی ئه‌وان بده‌ن و به هیچ كه‌سێكی تری نه‌ده‌ن، كه ئه‌مه‌یش بووه‌ته مایه‌ی ئازار و سه‌رئێشه بۆ خه‌ڵكی شنگال، بۆیه به ناچاری زێدی خۆیان جێ ده‌هێڵن و دووباره ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ كه‌مپی ئاواره‌یی.
به‌شێك له شاره‌زایان و سیاسییه‌كانی پارێزگه‌ی نه‌ینه‌وا له ئێسته‌وه نیگه‌رانی خۆیان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له شنگال ده‌ربڕیوه و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێ متمانه به ده‌نگه‌كانی سنووری شنگال بكرێت، چونكه په‌كه‌كه و میلیشیاكان به زه‌بری هێز خه‌ڵكی ناچار ده‌كه‌ن كه ده‌نگ به‌و كاندیدانه بده‌ن كه خۆیان ده‌یانه‌وێت، ئه‌مه‌یش مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كه ده‌نگدان له‌و ده‌ڤه‌ره هیچ سوودێكی نییه و به زمانی هه‌ڕه‌شه و كوشتن و به زه‌بری هێز كاندیده‌كان یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه، نه‌ك به ده‌نگی جه‌ماوه‌ر و گه‌ل.