مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شنگال ئاشكرای كرد، كه چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" به‌رده‌وامن له فشار دروستكردن له‌سه‌ر هاووڵاتییانی شارۆكه‌ی شنگال و ده‌یانه‌وێ به زه‌بری هێز و چاوسوركردنه‌وه هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، بۆیه جۆره‌ها شێواز و ڕێگه‌ی جیاوازیان گرتووه‌ته‌به‌ر، تا خه‌ڵكه‌كه په‌كه‌كه قبووڵ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه ڕوو نادات و په‌كه‌كه به‌و ناوچه‌یه نامۆیه.
بوونی په‌كه‌كه و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له شنگال كه كه‌وتووه‌ته ئه‌وپه‌ڕی ڕۆژئاوای شاری مووسڵه‌وه، بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره و ترسناك له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق له‌و ناوچه‌یه كه بڕیاره له 10ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ بێته ئه‌نجامدان، ئه‌مه‌یش له ئه‌نجامی بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن و وه‌رگرتنی كارتی ده‌نگدان له خه‌ڵكی به زه‌بری هێز و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان، ئه‌مانه وایانكردووه كه له ئێسته‌وه گومان له ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی شنگال دروست ببێت.
چه‌ندان حزب و گرووپی سێبه‌ری دروست كردووه و له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌جێندای په‌كه‌كه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن
مه‌حما خه‌لیل له لێدوانی بۆ ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" دووپاتی كرده‌وه، كه به‌رپرسانی شارۆكه‌ی شنگال په‌یام و هه‌ڵوێستیان گه‌یاندووه‌ته حكوومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێر له‌باره‌ی پێویستی ڕێگریكردن له پێشێلكردنی ئازادی خه‌ڵكی شنگال له بڕیاری سیاسی‌یان، بۆیه داوایان له حكوومه‌ت و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كردووه‌ته‌وه، كه سه‌رپه‌رشتیار و چاودێری زۆر و چڕ بنێرێته شنگال.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه حكوومه‌تی خۆجێی شنگال كه ئێسته له ده‌ره‌وه‌ی شنگاله، ترسی هه‌یه كه هه‌ڵبژاردن یاری پێ بكرێ و ساخته‌كاری گه‌وره‌ی لێ ئه‌نجام بدرێت، به تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی كه هه‌ژموونی فره‌وانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی به‌سه‌ره‌وه‌یه.
خه‌لیل ده‌ڵێ، له ماوه‌ی ڕابردوو په‌كه‌كه نه‌ك ته‌نیا فشاری له‌سه‌ر خه‌ڵكی شنگال، به‌ڵكو فشاری سیاسی چڕیشی له‌سه‌ر كۆمسیۆن دروست كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له كاندیده‌كان وه‌ك كاندیدی گرووپ و قه‌واره‌كانی سه‌ر به په‌كه‌كه به فه‌رمی وه‌ربگیرێن و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌وانه‌ی كه كاندیدن به تۆمه‌تی تیرۆر و گه‌نده‌ڵی گه‌وره تۆمه‌تبارن.
كاوه شێخ مووس ئه‌ندامی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌كه نه‌یشاردووه‌ته‌وه، كه به‌شێك له‌وانه‌ی كاندیدن پێشتر له ڕیزی په‌كه‌كه بوون، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی خۆیان كاندید بكه‌ن، ڕیزه‌كانی ئه‌و حزبه‌یان جێهێشتووه و وه‌ك كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ چوونه نێو كێبه‌ركێی هه‌ڵبژاردنه‌وه.
به گوێره‌ی بۆچوونی به‌رپرسان و سیاسه‌تكارانی ئه‌و شارۆكه‌یه كه نزیكه له سنووری سووریاوه، تا ئێسته زیاتر له 80%ی خه‌ڵكی شنگال ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان، به‌هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شه و كێشه زۆرانه‌ی كه چه‌كدارانی په‌كه‌كه و میلیشیاكان له‌سه‌ریان دروستی ده‌كه‌ن، بۆیه زۆرینه‌یان وه‌ك ئاواره له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ماونه‌ته‌وه و ئاماده نین بۆ شنگال بگه‌ڕێنه‌وه.
به‌هۆی ترس و تۆقاندن و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری له شنگال پێشبینی ده‌كرێ ڕێژه‌ی به‌شداری ده‌نگده‌ران له شارۆكه‌كه كه‌م بێت
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له شنگال به ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه، كه په‌كه‌كه و میلیشیاكانی په‌كه‌كه به ناوی "ئیزیدخان" ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی میدیایی بۆ پشتیوانی له‌و كاندیدانه كردووه كه وه‌ك سه‌ربه‌خۆ خۆیان له كۆمسیۆن تۆمار كردووه و له ژێره‌وه‌یش ئه‌ندامی په‌كه‌كه‌ن و ته‌نیا بۆ خۆ حه‌شاردان و فێڵكردن له یاساكانی عێراق له‌و حزبه چوونه‌ته ده‌ره‌وه.
له ماوه‌ی ڕابردوویش په‌كه‌كه چه‌ندان حزبی سیاسی شوێنكه‌وته‌ی خۆی دروست كردووه، له‌وانه‌یش پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزیدی، پارتی پێشكه‌وتنی ئێزیدی، پارتی دیموكراتی ئێزیدی، بزووتنه‌وه‌ی ئێزیدی له پێناوی چاكسازی، هه‌موو ئه‌و حزبانه‌یش له بنه‌ڕه‌ت به‌شێكن له په‌كه‌كه و ته‌نیا به ناوی نوێوه خۆیان داپۆشیوه، تا سه‌ر له خه‌ڵك بشێوێنن و بتوانن پێگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له نێو كوردانی ئێزیدی كه‌م بكه‌نه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌زانن به‌و ئامانجه ناگه‌ن، بۆیه ده‌ستیان به فشاری زۆر له‌سه‌ر خه‌ڵك كردووه و كارتی ده‌نگدانیان لێ ده‌ستێنن و سته‌می زۆریان لێ ده‌كه‌ن.
له ئه‌نجامی ئه‌و دۆخه تونده‌ی له شنگال هه‌یه و په‌كه‌كه و میلیشیاكان وه‌ك سه‌ربازگه‌یان لێ كردووه، زۆرینه‌ی پێشبنییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ڕێژه‌ی به‌شداری ده‌نگده‌ران زۆر كه‌م ده‌بێت، ئه‌مه‌یش بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه یه‌كه‌میان وه‌ك باسی لێوه‌كرا به سه‌ربازگه‌كردنی شنگاله له‌لایه‌ن په‌كه‌كه و میلیشیاكانه‌وه، دووه‌میشیان په‌راوێزخستنی ناوچه‌كه له ئاوه‌دانكردنه‌وه و بووژانه‌وه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق و مانه‌وه‌ی شنگاله به وێرانه‌یی كه ئه‌مه‌یش وایكردووه خه‌ڵكه‌كه به ته‌واوی بێ ئومێد بن و به‌شداری له پرۆسه‌ی ده‌نگدان نه‌كه‌ن.