پەكەكە كێشە بۆ دەنگدانی شنگالییەكان و دەنگی كورد لە بەغدا دروست دەكات

:: PM:06:59:03/10/2021 ‌

بەهێزی كورد و نوێنەرەكانی و قەبارەی ئەو نوێنەرایەتییە لە پەرلەمانی عێراق، رەنگدانەوەی بۆ سەر تەواوی مافە دەستوورییەكانی كورد و پشكی لە بودجەی ساڵانەی عێراق و هەموو ئەو یاسایانەی لە عێراق پێوەست بە هەرێمی كوردستانەوە دەردەكرێن هەیە، بۆیە دەستبردن بۆ ئەو بابەتە هەستیارە و دەبێ كورد زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكات، بە پێچەوانەوە، نەیارانی كورد و دارودەستەكانیان هەوڵ دەدەن لەو خاڵە لە كورد و هەرێمی كوردستان بدەن.

دوێنێ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و ناساندنی كاندیدەكانی لە بازنەی شنگال، روویان لەو شارۆكەیە كرد، بەڵام لەلایەن لایەنگرانی پەكەكەوە رێگریان لێ كرا، ئەوەیش سێ ئاماژەی لەگەڵ خۆی هێنا، یەكەمیان پەكەكە لە شنگال یاساكانی عێراق دەشكێنێ و حكوومەتی عێراقیش دەستەوەستانە، دووەم وەك هەمیشە دژی بانگەشەی لایەنێكی كوردی دەوەستێتەوە بۆ رێگرتن لە گەڕاندنەوەی مافی شنگالییەكان لە بەغدا و گەڕاندنەوەی ناوچەكە بۆ سەر هەر ێمی كوردستان، سێیەم بەڵگەیەكی دایە دەست بە بوونی ئەگەرێكی زۆری هەوڵی ساختەكاری لە رۆژی دەنگداندا. 

شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ "وشە"، گوتی، دوێنێ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هاوەڵی كاندیدانی ئەو حزبە بەرەو شارۆكەی شنگال رۆیشتن، بەڵام لە رێگا بەرەو شنگال تووشی كۆمەڵێك كەس بوون رێگەیان داخستبوو كە سەر بە پەكەكە بوون، ئەوان چەندان ماڵباتی ئێزیدی و عەرەبیان هێنابووە ئەو ناوچەیە.
بەهۆی پەكەكەوە زیاتر لە 50 هەزار دەنگدەر لە شنگال بێبەش دەبن
زیاتر گوتی، بەرپرسانی پارتی و كاندیدانی كە هێزەكانی عێراق لە سوپا و پۆلیس هاوەڵیان دەكردن، هەوڵیان دا بچنە شنگال، بەڵام رێگەیان پێ گیرا و هێرشیان كردە سەریان، شاندەگە رێگەی خۆی بەرەو چوارڕیانی حەردان سەر بە شارەدێی سنونی گۆڕی، لەوێش رێگەیان داخست، بۆیە ئەوەی رووی دا كارێكی رێكخراو بوو لەلایەن پەكەكەوە و مەبەستی ئەوان دروستكردنی فیتنەیەكی تایفییە لە ناوچەكە، ئەوەیش رەتكراوەیە و پێش ئێستە داوای دەرچوونی ئەو هێزەمان لە شنگال كردووە.

ئەو رێگرییەی پەكەكە لە كاندیدانی پارتی ئاماژەی خۆی هەیە، یەكێك لەوانە رەنگە لە رۆژی دەنگدان كاریگەری بۆ سەر دەنگدەران دروست بكەن، بەتایبەتی كاتێك ژمارەیەك كاندیدی پاڵپشتیكراو لەلایەن پەكەكە بەشداری پرۆسەكەن، ئەو گوتەبێژە دەڵێت، بەڵی ئەوەی رووی دا كێشەیەن سەرەتا ئەوە پێشێلكردنی یاساكانی عێراقە، كاتێك پەكەكە كە رێكخراوێكی تیرۆریستییە و عێراقی و كوردستانیش نییە، نوێنەرایەتی هیچ پێكهاتە و مەزەو و ئاینی عێراقی ناكات، بەڵكو بەرجەستەی ئەجیندای دەرەكی دەكات و مەبەستی سەرەكی خراپەكارییە و خەڵكی شنگال بوونی ئەو حزبە لە ناوچەكانیان رەت دەكەنەوە، بەڵام ئەوان گوشاریان دەخەنە سەر و دەیانگرن و هەندێك جار دەشیان كوژن، بۆیە ئەوانە پێشێلكارین و داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە وەدەریان بنێن لە ناوچەكە.  

"لە بەرانبەر ئەو دۆخەی شنگال و دەوروبەری داوامان كردووە ناوەندی دەنگدان لە كەمپ و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق كە ئاوارەی لێیە، بكرێتەوە بۆ دەنگدانی ئاوارەكان، چونكە بەو شێوەیە زۆرینەی خەڵكی شنگال لە هەموو پێكهاتەكان ناتوانن بچنە شارەكە و بەشداری پرۆسەكە بكەن، ئەوەیش بەهۆی كارەكانی پەكەكە و ئەو گوشار و تاوانانەی ئەنجامی دەدات"، مواحم حوێت وای گوت. 

لە بەرانبەر هەموو ئەو پێشێلكاریانەی پەكەكە كە لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامی دەدات، ئەمڕۆ یەكشەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەو حزبە لە پارێزگای دهۆك ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی لەگەڵ پەكەكە لە رێگای گفتوگۆ راگەیاند، ئاماژەیشی كرد كە پەكەكە بەربەستە لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال و كاندیدی پارتی لەسەر بازنەی شنگال دەڵێت، دوێنێ هێزێكی گەورەی پەكەكە بە زەبری چەك و هەڕەشە رێگریان لێ كردین بچینە شنگال و هەڕەشەی كوشتنیان لێ كردین، بە پێی مادەكانی پێنجی دەستوور و 22ی یاسای هەڵبژاردن، حكوومەت ناچارە بۆ پاراستنی كاندیدان، بەڵام ئەوە لە شنگال نییە، لەلایەن حزبێكی ناعێراقی و لەبەرچاوی سوپای عێراق، ئەوەیش دەبێتە هۆی بەشداری نەكردنی خەڵكی شارەكە لە دەنگدان، بەهۆی هەستكردنیان بە هەڕەشە و كوشتن، بۆیە پێویستە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن شوێنێكی تری گونجاو بۆ دەنگدانی شنگالییەكان دیاری بكات.  

لای خۆیەوە د. ماجد شنگالی، كاندیدێكی تری پارتی لە بازنەی شنگال گوتی، داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكەین بۆ كردنەوەی ناوەندی دەنگدان بۆ شنگالییەكان لە ناوچەی تر لە مووسڵ و لە هەرێمی كوردستان، ئەوەیش بۆ رێگرتن لە بێبەشبوونی زیاتر لە 50 هەزار دەنگدەر ئەگەر كارەكان بەو شێوەی ئێستە بەڕێوە بچێت، واتە ناوچەكە لەژێر دەسەڵاتی گرووپەكانی سەر بە پەكەكە بمێنێتەوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل