پەكەكە لە شنگال دەیەوێ خۆی بسەپێنێت

:: AM:10:32:06/10/2021 ‌
پەكەكە سەرەڕای پیلان و كارە تێكدەرەكانی لە هەرێمی كوردستان، هەرجارە و پەنا بۆ پیلانێك دەبات، لە سەروبەندی هەڵبژاردندا دەستی كردووە بە دژایەتیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵمەتێكی گشتگیریی دەست پێ كردووە، ئەوەش بۆ راكێشانی هەست و سۆزی هاووڵاتییان و شاردنەوەی كارە تێكدەرەكانی خۆیان.
 
پەكەكە بە ئاشكرا لە شنگال رێگریی كرد لە شاندی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دواتریش هەڵمەتێكی لە ناو هاووڵاتییانی شنگال دەست پێ كرد بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە پارتی دروست بكات، هانی خەڵك بدات دژی پارتی بوەستنەوە، لە كاتێكدا بوونی پەكەكە نەك هەر لە شنگال، بگرە لە هەرێمی كوردستانیشدا نایاساییە.

عێراق بێ سەروەرییە و ناتوانێ چارەسەری پەكەكە بكات، ئەمەش زیانە بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی كە پەكەكەی لێیە.


فەرید یەعقووب سەرۆكی لیستی رافیدەین لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بوونی پەكەكە لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، هەر لە پێنجوێنەوە تا مەخموور و شنگال و تەواوی ناوچەكانی تر، بابەتێكی سیاسییە و گرێ دراوە بە سەروەریی عێراق، عێراقیش ئێستە بێ سەروەرییە و ناتوانێ چارەسەری پەكەكە بكات، ئەمەش زیانە بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی كە پەكەكەی لێیە.

ئەو بە پێویستی دەزانێ پرسی پەكەكە لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت و چارەسەرەكەش بەشێوەیەكی نێودەوڵەتی بێت، ئەو كارانەی پەكەكە هیچ باش نین و بە باشیش ناشكێنەوە بەسەر خەڵك، پەكەكە نەك تەنیا لە شنگال، بگرە لە ناوچەی بەرواری باڵا و سیدەكان و ناوچەكانی تریش بووە بە كێشە و خۆی دەسەپێنێ و بووەتە مەترسی بۆ سەر خەڵك.

سەرانی پەكەكە بۆ ئەوەی دوژمنایەتی خۆیان لەگەڵ كورد و كوردستان بشارنەوە و چاوبەستی خەڵك و هاووڵاتییان بكەن، دەیانگوت بەهۆی پارتییەوە شەڕی براكوژی ڕوو دەدات و توركیا بەنیازە ئەو شەڕە بە هەرێمی كوردستان بكات، ئێستە پەكەكە بە ئاشكرا دژایەتیی پارتی دەكا و لە شنگالیش بە جلی مەدەنی و چەكەوە رووبەڕووی پارتی دەبنەوە و بە دوای شەڕەوەن.

گوڵیزار رەشید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە گرووپێكە هیچ پێوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، ئەو دەبێ لەو شوێنە بێت كە خەباتی بۆ دەكات، خەباتی پەكەكە لە كوێیە و شنگال لە كوێیە؟ پەكەكە هاتووە لە شنگال خۆی بسەپێنێت، پەكەكە وەك هێزێكی ناشەرعی لە شنگال و تەواوی هەرێمی كوردستانە، كاریگەرییان لەسەر هاووڵاتییانی شنگال و هەڵبژاردنیش دروست كردووە.

ئەو باسی لەوەش كرد، بوونی پەكەكە لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان نە لە بەرژەوەندیی كورددایە نە لە بە بەرژەوەندیی عێراقدایە، پەكەكە لە هەر شوێنێك بێت، دەیەوێ پشێوی دروست بكات،  بە هەزاران كەس لە خەڵكی شنگال لە ناو خێوەتدا دەژین، بەهۆی كارەكانی پەكەكە و حەشدی شەعبی بووە كە هەردووكیان بوونیان لە شنگال نایاساییە. 

بەهۆی شەڕی پەكەكە و توركیا، تا ئێستە نزیكەی 500 گوند لە هەرێمی كوردستان چۆڵیان كردووە و ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، ئەمە جگە لەوەی بە دەیان گوند وێران بوون و ماڵ و رەز و باخ و كشتوكاڵی هاووڵاتییان تێدا چووە، زۆربەی جاریش زیانی گیانی لێ كەوتووەتەوە.

پەكەكە كارەكانی لە خزمەتی هەرێمی كوردستاندا نییە


عومەر ئەحمەد مامۆستای زانكۆی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە كارەكانی لە خزمەتی هەرێمی كوردستاندا نییە، ئەوەی دەیكات پێچەوانەی یاسا و رێساكانی هەرێمە، هەرێمی كوردستان خاوەن قەوارەی خۆیەتی و پەكەكەش دەیەوێ بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو قەوارەیە، چۆنی دەوێ وا بجووڵێتەوە، لە كاتێك لە بنەڕەتدا بوونی لە هەرێم نایاساییە.

ئەو هەروەها گوتی، كارەكانی پەكەكە هیچ خزمەت بە كورد ناكەن، ئەوەی لە شنگال و ناوچەكانی تر دەیكەن كاری باش نییە، ناكرێ پەكەكە كە شوێنی ئەو باكوری كوردستان بێت، لە ناو خاكی هەرێم خۆی بسەپێنێت و رێ بۆ لایەنی تر دابنێت و خۆ بە خاوەنی ماڵ بزانێت.

پەكەكە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی داگیر كردووە و بەهۆی ئەوانەوە توركیا هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و سەروەری خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، هەر ناوچەیەك توركیا بۆی هاتبێت، پەكەكە بەرگریی نەكردووە و بۆ توركیای بەجێهێشتووە، ئەمەش ڕێككەوتنێكی هەردوولایە دژی هەرێمی كوردستان.

سلێمانی/هوشیار عەلی



وشە - وشه‌