شەمووی داهاتوو یەكەم ساڵوەگەڕی واژووكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگالە لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، رێككەوتنەكە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارۆكەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكانە، بەڵام بەهۆی پەكەكە و میلیشیاكانەوەن تا ئێستە هیچ لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، ئەویش هاوكاتە لەگەڵ دەنگدانی شنگالییەكان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بۆیە پەكەكە دوو جار زیانی بە خەڵكی ناوچەكە گەیاندووە، رێگرە لە ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەیان، رێگریشە لە دەنگدانی ئازادانە لە هەڵبژاردن.
هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە 9ی تشرینی یەكەمی 2020 لە بەغدا واژوویان لەسەر رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال كرد، رێككەوتنەكە چەند بڕگەیەكی لەخۆ گرت، لەوانە چوونەدەرەوەی میلیشیا و هێزە نافەرمییەكان و گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی بۆ شارەكە و سپاردنی پاراستنی ئاسایش بە هێزی پۆلیس كە لە رۆڵەی ناوچەكە پێكهاتبێت، دوای ئەوە ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی خەڵكەكەی، بەڵام لەوەتەی واژووكردنی رێككەوتنەكە تا ئێستە هیچ لە بڕگەكانی جێبەجێ نەكراوە.
بە پێچەوانەوە تا دێت ژمارەی میلیشیاكانی سەر بە پەكەكە و شیعەكانی وەك كەتیبەكانی حزبوڵا نوجەبا و عەسائیب ئەهلولحەق لەو شارە زیاتر دەبێت، لەو كاتەی 80%ی خەڵكی ناوچەكە لە كەمپەكان و شارەكانی هەرێمی كوردستانن،
بەرپرسێك عێراقی لەبارەی دۆخی شنگالەوە دەڵێت، كێشەی شنگال رەهەندێكی هەرێمی هەیە پێوەست بە توركیا و ئێرانەوە، بۆیە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و دەركردنی چەكدارانی پەكەكە لەوێ زەحمەتە.
هەڵبژاردنی شنگال گرنگە و ئەو لایەنە دیاری دەكا كە بەرجەستەی خواستی دانیشتوانی دەكات
روونی كردەوە، سازكردنی هەڵمەتێكی گەورەی سەربازی لەلایەن سوپای عێراق بۆ دەركردنی پەكەكە لە ناوچەكە زەحمەت نییە، بەڵام بابەتەكە رەهەندی سیاسی هەیە و هەمووانیش پێی دەزانن، ئەوەی بابەتەكەی خراپتر كردووە، هاتنە سەر خەتی میلیشیاكانی سەر بە ئێرانە بۆ پاڵپشتیكردنی پەكەكە و بەهێزكردنی دەسەڵاتەكانی لەوێ.
یەكشەمی رابردوو پەكەكە رێگری لە هەڵمەتی بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد لە چوونە ناو شنگال، لەوكاتەی خۆی پاڵپشتی لە هەندێك كاندید لە بازنەی سێی شنگالی پارێزگای نەینەوا دەكات بۆ چوونە ناو پەرلەمانی عێراق بەناوی ئێزیدییەكانەوە، دوور لەو بابەتە، شارەزایان پێیان وایە شتێكی تر جیاواز لەوە دەگوزەرێ و هۆكاری سەرەكیی ئاسایی نەكردنەوەی دۆخی شنگالە، ئەو ناوچە گرنگییەكی ستراتیجی لە سێگۆشەی سنووری عێراق و سووریا و توركیا هەیە و لەلایەن میلیشیا جیاوازەكانەوە كۆنترۆل كراوە و لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقدا نییە.
چاودێران پێیان وایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی شنگال گرنگی خۆی هەیە، چونكە ئەو لایەنە شەرعییە دیاری دەكات كە بەرجەستەی خواستی دانیشتوانی ناوچەكە دەكات، هەمبار فەواز، توێژەر و خەڵكی ناوچەكە دەڵێت، ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە دوو ئیدارە لە ناوچەكە هەیە، لەوكاتەی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكەن تەنیا ئیدارەكەی سەر بەوان شەرعییە و رێگە پێدراوە بۆ دەسەڵاتداری دەستووری و یاسایی بۆ شنگال و دەوروبەری، پەكەكە و میلیشیاكانیش خۆیان بە نوێنەری خەڵكەكە دادەنێن.
شنگال ناوچەیەكی زۆر گرنگە لە رووی جوگرافی و سەربازییەوە، چونكە وەك كلیلی بەیەكگەیاندنی لۆجیستی و تەناهی و بازرگانی و ئابوورییە لە نێوان هەرسێ وڵاتی عێراق و توركیا و سووریا، بۆیەیش لەسەر ئاستی ناوچەكە ركابەرییەكی سیاسی و سەربازی لەسەر هەیە، بە تایبەتی لە نێوان ئێران و توركیا كە هەر یەكەیان پاڵپشتی لایەنێكی سیاسی و میلیشیاكان دەكەن لەو ناوچەیەدا.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رای گەیاند كە لە ناوچەی شنگال كەمترین وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان لەسەر ئاستی عێراق هەبووە، بەو شێوەیە رەنگە نزیكەی 50 هەزار دەنگدەری ئەو ناوچانە مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بسووتێت، جینین بلاسخارت، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق مەترسی خۆی پێشان دا لە كاریگەریی دۆخی تەناهی و ململانێی حزبی لەسەر رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن لە شنگال، كە نیوەی دانیشتوانی لە ناوچەكە دەنگ دەدەن و نیوەكەی تری لە كەمپەكان لە هەرێمی كوردستان.
رێگری پەكەكە لە چوونی كاندیدانی پارتی بۆ شنگال رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ ئەوەی پەكەكە بە نیازە لە رۆژی دەنگدان كاریگەری بۆ سەر دەنگدەران دروست بكات، بەتایبەتی كاتێك ژمارەیەك كاندیدی پاڵپشتیكراو لەلایەن ئەوانەوە بەشداری لە پرۆسەكە دەكەن، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال و كاندیدێكی پارتی دەڵێت، بە پێی مادەكانی دەستوور و یاسای هەڵبژاردن، حكوومەتی عێراق دەبوایە كاندیدان بپارێزێت، بەڵام ئەوە رووی نەدا و لەلایەن حزبێكی ناعێراقی و لەبەرچاوی سوپای عێراق رێگریمان لێ كرا، ئەوەیش دەبێتە هۆی بەشداری نەكردنی خەڵكی شارەكە لە دەنگدان، بەهۆی هەستكردنیان بە هەڕەشە، بۆیە پێویستە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن شوێنێكی تری گونجاو بۆ دەنگدانی شنگالییەكان دیاری بكات.