پەكەكە چیای شنگال دەكاتە قەندیلێكی تر؟

:: PM:04:31:30/11/2021 ‌

ئێستە عێراق بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، ئەوەیش بەهۆی هەوڵی گۆڕانكارییەكی گەورەیە لە نەخشەی سیاسی و بەرنامەی حكوومەتەكەی لە هەموو لایەكەوە، لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنی دوایی، هاوكات هێزە باڵادەستە دۆڕاوەكان، لەوانەیش میلیشیاكان و لایەنگرانیان، وەك پەكەكە، ئەوانیش خۆیان بۆ دۆخێكی نوێ و نەزانراوی دوای هەڵبژاردن ئامادە دەكەن، لە شنگال پارتی كرێكارانی كوردستان، كە نەیتوانی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەست بەسەر كورسییەكانی بازنەی شنگالدا بگرێت، هاوكات بێ پلان نییە.
حكوومەتی عێراق و میلیشیاكان بەو توونێلانە دەزانن، دەشزانن شنگال سیاسیانە سوودی لێ دەبینرێت
بەپێی قسەی بەرپرسانی عێراق ئێستە ئەندامانی پەكەكە سەرقاڵی لێدانی تۆڕێك توونێلی نوێن لە چیای شنگال لە رۆژئاوای مووسڵ، هاوكات لەگەڵ جموجۆڵی فرەوانی چەكدارانیان لە شنگال و دەوروبەری كە لە 2015ەوە لەپاڵ میلیشیاكانی شیعە، بەدەستی ئەوانەوەیە، چاودێران پێیان وایە ئەو كارەی پەكەكە چنگیان لە ناوچەكە توندتر دەكات، ئەوەیش دەبێتە بەربەستی زیاتر لەبەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، كە لە تشرینی یەكەمی 2020 لەنێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێنی كوردستان واژوو كرا، بە مەبەستی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە و وەدەرنانی چەكدارانی پەكەكە و میلیشیاكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان.

دوو بەرپرسی عێراق ئاشكرایان كرد، كە یەكێكیان لە دیوانی پارێزگای نەینەوایە، بەوەی چەكدارانی پەكەكە شارەزای لێدانی توونێلیان لە شاری حەسەكەی سووریا هێناوە و بە درێژایی چەند هەفتەی رابردوو تۆڕێكی فرەوانی توونێلیان لێ داوە، بە سوودبینین لە ئاڵۆزییە سیاسی و تەناهییەكانی هەولێر و بەغدا، بەپێی ئەو بەرپرسە 20 توونێل و حەشارگەی نوێ لەلایەن پەكەكەوە لە چیای شنگال لێ دراوە و كردوویانەتە بارەگای تۆكمە و قایمی خۆیان، ئەوەیش مانای ئەوەیە ئەو حزبە نایەوێ لە ناوچەكە پاشەكشە بكات و پلانی هەیە بۆ كردنی بە مۆڵگەیەكی تۆكمەی خۆی، بەتایبەتی بەم دواییە بەشێك لە سەرانی حزبەكە و خێزانەكانی لە سووریاوە هێناوەتە شنگال و دەوروبەری، بەتایبەتی رۆژئاوای شارەكە و شارۆكەی سنوونێ.

بەرپرسێكی تر لە هەولێر ئاماژەی كرد كە سەرەڕای بردنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كورسییەكانی بازنەی شنگال و دۆڕاندنی كاندیدانی سەر بە پەكەكە، بەڵام تا ئێستە شارەكە ملكەچی بڕیارەكانی پەكەكەیە و كوێبیستی ئەوە بووین كە بەر لە هەڵبژاردنەكانی عێراق بە چەند رۆژێك كرێكاری هەڵكەندنی سووریان بە كەرەستەكانیانەوە هێناوە، لەوكاتەی ژمارەیەك میلیشیای عێراقی بوونەتە چەتری ئەوان، ئێستە بارەگایەكی نوێی پەكەكە لە چیای شنگال بووەتە نەخۆشخانەیەك بۆ چارەسەركردنی بریندارانی شەڕ لەگەڵ توركیا، بۆیە جموجۆڵەكانی دواییان بەو ئاراستەیەیە شنگال بكەنە قەندیلێكی تر.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال دووپات لەو زانیاریانە دەكاتەوە و دەڵێت، بەغدایش زانیاری بەوە هەیە، كاتێك پەكەكە لە لێدانی توونێل بەردەوامە و جوگرافیای توونێلەكانی چیای شنگال و بەرزی و نزمی ناوچەكەی گۆڕیوە و كردوویەتی بە حەشارگەیەكی تۆكمە بۆخۆیان، روونی كردەوە، یەكێك لە پلانە ستراتیجییەكانیان مانەوەیە بۆ زیاترین كات لەوێ، ئەوەیش بەسوودبینین لەو توانای سەربازی و مایەكییە گەورەی لەبەردەستیانە و هاریكاریكردنیان لەلایەن هەندێك گرووپی چەكدارەوە لەناو حەشدی شەعبی. 

ماجد شنگالی، كاندیدی براوەی پارتی لە شنگال دەڵێت، پەكەكە پلانی هەیە بە پاڵپشتی دەرەكی دەست بەسەر شنگالدا بگرێت، ئەوان توونێلی نوێی وایان لێ داوە ئۆتۆمبێلی پیادا دەچێت و دەتوانن تیایدا بژین، ئەوان پلانیان هەیە چیای شنگال بكەنە مۆڵگەیەكی نوێ بۆخۆیان، چونكە شنگال رەهەندێكی جیۆسیاسی زۆر گرنگی هەیە، كە كەوتووەتە سەر سنوورەكانی سووریا و عێراق و چەندان ناوچە بەیەك دەگەیەنێت، جیا لەوەی ناوچەیەكی بەرزە و پارێزراوییەكی سروشتی هەیە، حكوومەتی عێراق و میلیشیاكان بەو توونێلانە دەزانن، دەشزانن شنگال سیاسیانە سوودی لێ دەبینرێت، وەك كارتێكی گوشاری ئێران بۆ سەر توركیا و ئەمەریكا.

وەلید سەهلانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئۆباڵی ئاڵۆزبوونی دۆخی شنگالی خستە ئەستۆی حكوومەتی مستەفا كازمی، كاتێك هاوئاهەنگی لە نێوان بەغدا و هەولێر لەو بارەوە نییە، بۆیە پرسیاری ئەوەی كرد ئاخۆ حكوومەت بە راستی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە دەزانێت، ئەی بۆچی بێدەنگە؟

بێستوون رەسووڵ، شارەزای سیاسی دەڵێت، ئەوەی روودەدات ئەنجامێكی ئاساییە بۆ شكستی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، كاتێك سەتان لە چەكدارانی پەكەكە رەتی دەكەنەوە شارەكە چۆڵ بكەن، چونكە دەستكەوتی ئابووری گەورەی هەیە، لە رێگەی قاچاخی نەوت و بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان و سامانی ئاژەڵ و هیتریش، ئەوان دەستیان بە ناوچەكە گرتووە كە دەستكەوتی تەناهی و ئابووری و داراییان هەیە، بۆیە شنگال بریتییە لە رێگەی ئاوریشمی نێوان سووریا و توركیا و عێراق و ئێران و ئەوان دەستبەرداری شنگال نابن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل