ئەمڕۆ هێز و گرووپەكانی سەر بە پەكەكە لە شنگال بڕیارێكی تەواو سەیریان دەركرد، پەكەكە وەك هێزێكی دەرەكی بڕیاری راگرتنی دەوامی فەرمیی فەرمانگەكانی شنگالی تا كاتێكی نادیار دا، جیا لەوە رووبەڕووی سوپا و هێزەكانی عێراقی بووەنەوە، یەكەمجار نییە بە ئاشكرا سوپای عێراق دەكەنە ئامانج، نهێنییەكی چییە؟
ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی بۆ دروستبوونی شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی پەكەكە لە شارەدێی سنونێ لە باكوری شارۆكەی شنگال كرد، كە ناوچەیەكی كێشە لەسەری نێوان هەولێر و بەغدایە و لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە، بەو هۆیەوەیش سەربازێكی عێراقی و كچێكی ئێزیدی بریندارن، بەپێی سەرچاوەكە لایەنگران و چەكدارانی پەكەكە لە ناوەڕاستی شارەدێی سنونێ خۆپێشاندانێكیان ساز كرد، دوای رووبەڕووبوونەوە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی سوپای عێراقیان سووتاند.
بەپێی سەرچاوەكان سوپای عێراق رووبەڕوویان بووەتەوە و شەڕ دروست بووە و یەربازێك و كچێكی ئێزیدی خەڵكی سنونێ بریندارە، هەر بەو هۆیەوەیش دووكان دایان خستووە و خەڵكەكە ناوچەكەی چۆڵ كردووە.
پەكەكە یەكینەكانی پاراستنی شنگالی دامەزراندووە، وەك گرووپێكی حەشدی شەعبی مووچەیان لەسەر حكوومەتی عێراقە
هاتنی پەكەكە بۆ ناوچەی شنگال بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش بوو، كە لە 2014 ناوچەكەیان داگیر كرد و كۆمەڵكوژیان بۆ كوردانی ئێزیدی دروست كرد، ئەگەرچی ئەو ناوچانە لەلایەن پێشمەرگەوە رزگار كرانەوە، بەڵام دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە 2017، ئەو ناوچانە لەلایەن هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە داگیر كران، بەو پێیەی چەكدارانی لایەنگری پەكەكە بوونە بەشێك لە حەشدی شەعبی، بۆیە لەپاڵ ئیدارەی شەرعی شنگال، ئیدارەیەكی تریان بۆخۆیان داتاشی.
لەو ساتەوە بێ ویستی خەڵكەكەی، ئەوان بوونەتە رێگری سەرەكی لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، كە لە رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال لە 9ی تشرینی یەكەمی 2020 لەنێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان جێگیر كرا، دەبوایە بەپێی رێككەوتنەكە میلیشیا نافەرمییەكان لە شارەكە بچنە دەرەوە، بەڵام ئەوە لەگەڵ ئەرك و ئەجیندای پەكەكە و هێزەكانی لایەنگری لە شنگال یەكی نەدەگرتەوە، كە جیا لەوەی ئەجیندایەكی دەرەكی جێبەجێ دەكەن، خۆیشیان لەو ناوچە گرنگە سنوورییە خەریكی كاری قاچاغین، جیا لەوە پەكەكە لە شنگال گرووپێی بەناوی یەكینەكانی پاراستنی شنگال دامەزراندووە، ئەوان وەك گرووپێكی حەشدی شەعبی مووچەیان لەسەر حكوومەتی عێراقە.
ئەمڕۆ پەكەكە بڕیاری راگرتنی كاركردنی هەموو دامەزراوەكانی حكوومەت لە شنگال دەركرد، ئەوەیش وەك ناڕەزایەتییەك لە بەرانبەر بەردەوامیی بۆردمانەكانی توركیا و كردنەئامانجی چەكدار و بەرپرسانی ئەو حزبە لە ناوچەكە،
ماجد شنگالی، كاندیدی براوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر بازنەی شنگال دەڵێت، ئەمڕۆ پەكەكە بڕیارێكی سەیری لە شنگال دەركردووە، وەك بڵێی لە وڵاتی خۆیەتی، ئەو رێگری لە كاری فەرمانبەرانی دەوڵەت كردووە تا كاتێكی نادیار، ئەوەیش وەك ناڕەزایەتییەك لە بەرانبەر بەردەوامیی بۆردمانی توركیا.
زیاتر گوتی، پەكەكە وا مامەڵە لەگەڵ شنگال و خەڵكەكەی دەكات، وەك بڵێی ناوچەیەكی خۆیەتی، ئەوەیش داگیركارییەكی روونە بۆ شارۆكەیەكی عێراقی، هاوكات بە بێدەنگییەكی سەیر لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە وەڵام دەدرێتەوە، روونی كردەوە، رێككەوتنێك لە نێوان هەولێر و بەغدا پێوەست بە ئاساییكردنەوەی دۆخی سنگال كراوە، بەڵام تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە، ئەوەیش بواری بەو میلیشیا تیرۆریستانە داوە، بە هاوكاری ئەوانەی لە ناوخۆ هاوكاری دەكەن، بۆ سووكایەتی كردن و كردنی خەڵكی شنگال بە دیلی دەستیان.
روونی كردەوە، پێویستە حكوومەتی عێراق هەڵوێستێكی روون و ئاشكرای هەبێت و بەپەلە جموجۆڵ بكات بۆ دەركردنی ئەو میلیشیا تیرۆریستیانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، ئەوەیش بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ئەو ناوچانە، دووپاتی كردەوە كە مانەوەی ئەو هێزانە لەسەر خاكی عێراق، پێشێلكارییەكی روونە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەكان، پاساویش بە توركیا دەدات بۆ دەستوەردان لە كاروباری عێراق، چونكە ئەگەر بمانەوێ عێراق ببێتە خاوەنی سەروەری راستەقینە و كۆتایی بە دەستوەردانی دەرەكی بێنین، پێویستە یەكەمجار كۆتایی بە بوونی ئەو چەتە و تیرۆریستانە لەسەر خاكی وڵات بێنین.
ئەمڕۆ یەكشەم لە بڵاوكراوەیەكی بەناو ئەنجوومەنی خۆسەری دیموكراسی لە شنگال كە ئاراستەی هەموو رێكخراوەكانی كردووە بەوەی لەمڕۆوە دەوامی فەرمی فەرمانگەكان و نافەرمی و هەموو رێكخراوەكان و دامەزراوەكان بێ جیاوازی لە شنگال و دەوروبەری تا كاتێكی تر دەوەستێت، هەركەسێكیش سەرپێچی ئەو بڕیارە بكات بەرپرسیارەتی دەگرێتە ئەستۆ.
شایەنی باسە ئەمڕۆ یەكشەم دژە تیرۆری كوردستان ئاشكرای كرد كە لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی یەپەشە تانكێكی سوپای عێراق سووتێندرا و دوو كەسیش بریندار بوون، بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیجی دژە تیرۆری كوردستان، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەرانی لایەنگرانی یەپەشە و سوپای عێراق لە دووڕییانی سنوونێ لە شنگال، تانكێكی سوپای عێراق سووتێندرا و دوو خۆپێشاندەریش بریندار بوو، دوابەدوای ئەو ئاڵۆزییانە، رووبەڕووبوونەوەی چەكداریی لە نێوان چەكدارانی یەپەشەی سەر بە پەكەكە و سوپای عێراق دروست بوو، بەهۆیەوە سوپای عێراق پاشەكشەی كرد.
چەندان راپۆرت باس لە هۆكاری مانەوەی پەكەكە لە ناوچەی شنگال دەكەن، كە وای كردووە تەنانەت حكوومەتی عێراق و سوپاكەی نەتوانن دەست لە كارەكانی وەربدەن، لەوانە وابەستەیی بەهێزی پەكەكە لەگەڵ ئێران و میلیشیاكانی و جێبەجێكردنی ئەجینداكانی ئێران، چ لە عێراق یان لە سووریا و بەستنەوەی زەوینی ئێران و سووریا، ئەوەیش لە دوو رووەوە دەردەوكەوێت، یەكەمیان بێتوانایی حكوومەتی عێراق لە سەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر پەكەكە بەهۆی ئێران، هەروەها بوونی گرووپەكانی پەكەكە وەك بەشێك لە حەشدی شەعبی و بەو ناوەوە پارە لە حكوومەتی عێراق وەردەگرن.
جیا لەوەی لە سنوورەكان كاری قاچاخی و ئاودیوكردنی شتومەك لە نێوان عێراق و سووریا ئەنجام دەدەن و بە پارە كەسەكان دەگوازنەوە، لەوكاتەیش كە توركیا بە پاساوی ئەو بوونەیان بەتەواوەتی سوودی لە دۆخەكە بینیوە و هێزی سەربازی هێناوەتە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و خاكی هەرێم و عێراق بۆردمان دەكات، واتە سەروەریی عێراق، كە بۆ زۆرێك لە وڵاتانی دراوسێی عێراق گرنگە عێراق وڵاتێكی لاواز و بێ سەروەری بێت.