نەهامەتی كوردانی ئێزیدی و دەڤەری شنگال كۆتایی نایەت، داعش لە ئابی 2014 داگیری كرد و خەڵكەكەی كۆمەڵكوژ كرد و دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی بۆ رێكخستن، مامەڵەی گاور و دەسكەوتنی جەنگی لەگەڵ كردن، كەچی دوای حەوت ساڵ لە ئازادكردنەوەی، هێشتا نەهامەتی شنگالییەكان كۆتایی نەهاتووە، زۆرینەیان لە كەمپەكانی ئاوارەیین، هاوكات بڕیارە وەجبەیەكی تری خێزانەكانی داعش لە سووریاوە بگەڕێندرێنەوە، بۆیە ستەمكاران گەڕانەوە و ستەملێكراوان ناتوانن بگەڕێنەوە.
دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی دەڤەرەكە لە داعش ئازاد بكاتەوە، لە 2017ەوە بەهۆی لێكەوتەكانی ئەو گەلەكۆمەی لە كورد كرا بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، زۆرینەی ناوچە كوردستانییەكان كەوتنە دەستی هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی و چەكدارانی پەكەكە، كە ئێستە ئەوان بەناوی جیاجیا سەرپەرشتی شارەكە لە رووی كارگێڕی و تەناهییەوە دەكەن، رێگری لە ئاوەدانكردنەوەی و ئاساییبوونەوە و گەڕانەوەی خەڵكەكەی دەكەن، ئەوەیش لەپێناو جێبەجێكردنی ئەجیندایەكی گوماناوی، كە نازاندرێت سوودی بۆ كوردانی ئێزیدی و دەڤەرەكەیان چییە؟
خەلیل: پڕۆژەیەكی نهێنی بۆ كردنەئامانجی پارێزگای نەینەوا هەیە
حكوومەتی عێراق و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لە هێنانەوەی خێزانی چەكدارانی داعش لە كەمپی هۆل لە سووریا بەردەوامە، ئەگەر هێنانەوەی ئەوانە بۆ خەڵكی پارێزگای نەینەوا و ناوچەكە بەگشتی مەترسییەكی گەورەی تەناهی هەبێت، بەوەی كەمپەكە دەبێتە دایەنگە و بۆمبێكی چێنراوی داعش و لە هەر ساتێكدا ئەگەری تەقینەوەی دەكرێت، بۆ شنگالییەكان جگە لەوە مانای تری هەیە، ئەو خێزانانە بە شنگالدا دەگەڕێندرێنەوە و لە كەمپێك مێوانداری دەكرێن، لەو كاتەی سەتان لە جگەرگۆشی ئەوان هێشتا چارەنووسیان دیار نییە و گۆڕە بەكۆمەڵەكانیان هەڵنەدراوەتەوە و ئاوارەكانیشیان بە سەرمای زستان و گەرمای هاوین، لە كەمپەكاندا دەناڵێنن.
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال پێی وایە هێنانەوەی ئەو خێزانانەی داعش لە كەمپی هۆلی سووریاوە بەرەو كەمی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا، وەك یاریكردنە بە ئاگر، ئەو لە بەیاننامەیەكدا روونی كردەوە، هێنانەوەی ئەو خێزانانەی داعش لەو كاتەدا، هەڵەیەكی گەورەیە و كارەساتێكە بەرپرسیارەتییەكەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دەیگرێتە ئەستۆ كە یاری بە ئاگر دەكات، چونكە چەند بۆمبێكی چێنراوی تیرۆریستی لەناو پارێزگای نەینەوا دادەنێتەوە.
روونی كردەوە، هاوكات تێپەڕاندنی ئەو خێزانانەی داعش بەناو شارۆكەی شنگالدا، شەرمەزاركردنێكی گەورەیە بۆ ئێزیدییەكان و رێگەی پێ نادەین و رێگە بە دووبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆی 2014 نادەین، بۆیە داوا لە خەڵكی نەینەوا بە هەموو پێكهاتەكانی دەكەین رێگە لەو كارە بگرن، دەبێت پارێزگاكە لەوانە رزگار بكرێت و هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەبێتەوە، هاوكات وریایی دا بە بوونی پڕۆژەیەكی نهێنی بۆ كردنەئامانجی پارێزگای نەینەوا.
خەلیل داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق كرد بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ ئاشكراكردنی ئەو دەستە پیسانەی كە خێزانەكانی داعشیان لە كەمپی جەدعە كۆ كردووەتەوە، ئەو تۆمەتی كارەكەی خستە ئەستۆی مافیا و دەڵاڵ و شانە نوستووەكانی داعش، بە كۆكردنەوەی ئەو خێزانانەی داعش لەوێ بۆ ئەوەی ببنە كارتێكی گوشار بۆ سەر هەرێمی كوردستان و خەڵكی نەینەوا بۆ لەناوبردنیان و دووبارەكردنەوەی سیناریۆكانی پێشوو، كە رێگە بەوە نادەین، بۆیە لێپرسینەوە لە هەر كەسێك دەكەین لەپشت ئەو دەستەوارە پیسەوە بێت، چونكە تەنیا 10%ی ئەو خێزانانە خەڵكی نەینەوان، ئەوەیش پرسیار دروست دەكات، بۆچی ئەوانە لەو ساتەدا لێرە كۆ دەكرێنەوە و هەستی پارێزگاكە بریندار دەكرێت، كە بە دەستی ئەوانەوە ناڵاندوویەتی.
بڕیارە ئەم پێنجشەمە وەجبەیەكی تری خێزانەكانی داعش لە سووریاوە بۆ كەمپی جەدعە لە نەینەوا بگەڕێندرێنەوە، شێروان دووبەردانی، كاندیدی براوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، پێنجشەمی داهاتوو چوارەم وەجبەی خێزانەكانی داعش لە كەمپی هۆلەوە لە سووریا دەگەنە بنكەی شیاندنەوەی كەمپی جەدعە یەك لە پارێزگای نەینەوا.
هێنانەوەی ئەو خێزانانەی داعش بۆ كەمپی جەدعە و دابینكردنی پێداویستییەكانیان، هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی نەهامەتی ماڵباتە ئێزدییەكان لە كەمپەكانی دهۆك، بەهۆی سەرمای زستانەوە، كاتێك لە یەكێك لەو كەمپانە بەناوی داودییە لە شارەدێی بامەڕنی لە باكوری شاری دهۆك، خەڵكەكە لەناو كەرەڤانەكان بە زستان لە كەشێكی سارد و بێ نەوتیدا بەسەر دەبەن، جیا لە كەمیی مادە خۆراكییەكان، كە دەبێت وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بۆیانی دابین بكات، ئەوەیش وای كردووە رێكخراوی كۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان پارەیان بەسەردا دابەش بكات بۆ كڕینی نەوتی سپی، هاوكات ئەوان چاویان لەسەر گەڕانەوەی بۆ ناوچەكانیان، بەڵام نە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و نە میلیشیاكان و پەكەكەیش یاریدەرن بۆ ئەوە.