سلێمانی.. لە پشووەكانی نەورۆز سەرو 700 تۆن گۆشت و مریشك و ماسی خوراوە

:: PM:03:07:23/03/2023 ‌

مانگی ئادار بۆ كورد مانایەكی تایبەتی هەیە، تێكەڵێكە لە نەورۆز و بەهار و سەیران و خۆشی، كە خەڵكێكی زۆ‌ور دەچن بۆ گەشت و سەیران، بەپێی ئاماریچك لە ماوەی پشووەكانی نەورۆز لە شاری سلێمانی سەتان تۆن گۆشتی سوور خراوەتە بازاڕەوە، جگە لە گۆشتی سپیی مریشك و ماسی، كە ئەوانیش لە بۆنەكاندا خواستیان لەسەر زیاتر دەبێت.

لە بۆنەكاندا خواست لەسەر گۆشتی سوور و سپیی مریشك و ماسی بە رێژەی دوو هێندە بەرز دەبێتەوە، لە ماوەی رۆژانی نەورۆز سەرو 700 تۆن گۆشتی سوور و سپیی مریشك و ماسی لە سلێمانی خوراوە، و زۆرترینیش گۆشتی سوور بووە كە سەرو 500 تۆن خراوەتە بازاڕەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی ئادار، شاڵاو عارف، بەرپرسی ڤێتێرنەری لە كوشتارگەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی رۆژانی نەورۆزدا بەهۆی ئەوەی خواست لەسەر گۆشتی سوور بەرز دەبێتەوە، هەر لەپێش نەورۆزەوە كوشتارگە دەستی كرد بە سەربڕینی ئاژەڵ بۆ قەسابخانەكان بۆ خستنە بازاڕ بۆ ئەوەی لە رۆژانی پێش نەورۆز و لە رۆژانی نەورۆز هاووڵاتییان گۆشت بكڕن، كاتێك دەچنە دەرەوە بۆ سەیران و گەشتكردن.
بەشێك لە هاووڵاتییان لەكاتی گەشت و سەیراندا گۆشتی ماسی و مریشك دەخۆن لە ژەمەكانیاندا
هەروەها گوتی، لەو چەند رۆژەدا كوشتارگە نزیكەی 211 تۆن گۆشتی سووری ئاژەڵی بچووكی خستنە بازاڕەوە، لەگەڵ نزیكەی 300 تۆن گۆشتی سووری ئاژەڵی گەورە، سەرجەمی ئەو گۆشتەش پشكنینی بۆ كراوە و بە پڕبەهای خۆراكی شیاو بۆ خواردن و بە رێكاری تەندروستی بووە، رەوانەی بازاڕەكانی سلێمانی كراوە و لەوێوە بۆ قەسابخانەكان و هاووڵاتییانیش.

ئەو بەرپرسەی كوشتارگەی نوێی سلێمانی باسی لەوەش كرد، جگە لەو گۆشتەی كە خراوەتە بازاڕەوە، هاوكات بەشێك لە ئاژەڵانە لە كاتی سەربڕینیان دەركەوت كە گۆشتەكەیان لە رووی تەندروستییەوە گونجاو و باش نییە بۆ خواردن، بۆیە گۆشتەكەیان رەت كراوەتەوە و لەناو براوە، كە بڕەكەی زیاتر لە یەك تۆن و 550 كیلۆگرام بووە، ئەو گۆشتەش بە رێگەی زانستی  لەناو براوە تا نەخۆشی بڵاو نەبێتەوە.

سەرەڕای گۆشتی سوور، كە بەردەوام و لە بۆنەكادا خواستی سێ هێندە و زیاتر بەرز دەبێتەوە، گۆشتی ماسی و مریشكیش خواستیان بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، ئەوەش وا دەكات مریشكێكی زیاتر و ماسییەكی زیاتر بخرێتە بازاڕەوە بە بەراورد بە رۆژەكانی تر، چونكە بەشێك لە هاووڵاتییان لەكاتی گەشت و سەیراندا گۆشتی ماسی و مریشك دەخۆن لە ژەمەكانیاندا.

پێوەست بەو بابەتە محەمەد جاف، ماسیفرۆشی لە سنووری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە بۆنەكاندا خواست لەسەر ماسی زۆر دەبێت، زۆرێك لە هاووڵاتییان لە كاتی چوونە دەرەوە ماسی بەكاردێنن، بەوهۆیەوە لە دوو رۆژ پێش نەورۆز دەستمان بە دابەشكردنی ماسی كرد بەسەر دوكان و شوێنەكان و بە تۆن ماسیمان فرۆشتووە، خەڵكیش لە رێگەی دوكانەكانی ماسی و ئۆتۆمبێلەكانەوە ماسییان كڕیووە.

بەپێی ئەو ئامارەی دەستی "وشە" كەوتووە، پێویستی رۆژانەی شاری سلێمانی بۆ گۆشتی مریشك  100 تۆنە لە رۆژێكدا، بەڵام لە بۆنەكاندا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و بەو پێیە لە رۆژانی نەورۆز سەرو  200 تۆن مریشك خراوەتە بازاڕەوە و خوراوە.

هەروەها پێویستی رۆژانەی گۆشتی ماسی لە سلێمانی لە رۆژێكدا 40 تۆنە و لە بۆنەكاندا بۆ 50 تۆن بەرز دەبێتەوە، لای خۆیەوە سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە بۆنەكاندا هەردوو جۆری گۆشتی سوور و سپی بەراورد بە رۆژانی ئاسایی بۆ نزیكەی دوو هێندە بەرز دەبێتەوە، بەتایبەتی گۆشتی مریشك، كە لە رۆژانی ئاساییدا پێویستمان بە 100 تۆنە، بەڵام لە بۆنەكان بۆ 150 تۆن بەرز دەبێتەوە، كە لە رۆژانی ئاساییدا پێویستییەكان 40 تۆنە.

یاسین حاجی، مریشكفرۆش لە سلێمانی، بە "وشە"ی گوت، لە ماوەی رۆژانی نەورۆز خواستێكی زۆر لە سەر مریشك هەبووە و تا درەنگانی شەو كارمان كردووە و مریشكمان هەبووە، خەڵێك هەیە توانای كڕینی گۆشتی سووری نییە بۆ گەشت و سەیران، بەڵام مریشكەكە هەرزانترە و دەتوانێت بیكڕێت، نرخەكەشی بۆ كیلۆیەك لە خوار چوار هەزار دینارەوە بووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل