مەبەست لە پێكهێنانی هێزە نوێیەكەی حەشد لە شنگال چییە؟

:: PM:05:56:24/04/2023 ‌

ئێستە هەوڵێك هەیە بۆ پێكهێنانی هێزێكی نوێی حەشدی شەعبی لە شارۆكەی شنگال، فەرماندە و ئەندامانی لە خەڵكی ناوچەكەن لەوانەی سەر بە حەشدی شەعبی و یەكینەكانی پاراستنی شنگالی سەر بە پەكەكەن، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانییەكی گەورە و هەر هیوایەك بە ئاساییكردنەوەی ناوچەكە و گەڕانەوەی خەڵكە ئاوارەكەی لەناو دەبات، چونكە هۆكاری نائارامی و نەگەڕانەوەی ئەوان ئەو هێزانەن، بەڵام مەبەست لە پێكهێنانی هێزەكە چییە؟

جیا لەوەی بوونی پەكەكە و گرووپەكانی لە شنگال مایەی ناسەقامگیری و نائارامیی ناوەچەكەیە و رێگرە لە بەردەم گەڕانەوەی خەڵكە رەسەنەكەی، كە لەدوای هێرشی داعش ناوچەكەیان جێ هێشتووە و هێشتا بواری گەڕانەوەیان نەرەخساوە، ئەو ناوچانە بەهۆی بۆردمانی توركیا بە پاساوی پەكەكە دەكرێتە ئامانج، لەپاڵ ئەوەی پەكەكە و گرووپەكانی پاڵپشتیان لێ دەكات، ئەجیندایەكی ناوخۆیی گرووپە كە و دەرەكی گوماناوی دوور لە هەموو پرەنسیپ و بەهایەكی كوردستانی جێبەجێ دەكەن.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق و قایمقامی پێشووی شنگال دەڵێت، كورد لەگەڵ پێكهێنانی هێزە نوێیەكەی سەر بە حەشدی شەعبی نییە، بەتایبەتی كە دوورە لە هێزە فەرمییەكانی وەك سوپا و پۆلیس، پێكهێنانی ئەو هێزە نامۆیە ترسێكی گەورە دروست دەكات، چونكە دەبێتە دەروازەیەك بۆ باڵادەستیی چەند لایەنێكی دەرەوەی شارەكە.

روونی كردەوە، پێكهێنانی ئەو هێزە بە هاوئاهەنگی هەولێر و بەغدا و خەڵكی شنگال نییە، بەڵكو بە فەرمانی چەند لایەنێكی ناو حەشدی شەعبی و هەندێك لایەنی نەناسراوەن، هاوكات پێكهێنانی لە بانگەشەیەكی پێشوەختەی هەڵبژاردن دوور نییە، ئێستە پەكەكە لە شنگال باڵادەستە و لە شارۆكەكە نەكشاوەتەوە. 

خەلیل ئاماژەی كرد، بەرپرسانی ئیداری و سیاسی لە شارەكە عێراقی نین و هێزە تەناهییەكانیش، بۆیە ترس هەیە لەوەی شنگال بەو شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوان ئەگەر سەقامگیریی شارەكەیان دەوێت، ئەوە رێككەوتنێك لەبارەی دۆسیەی تەناهیی شنگال لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە و پێوەیستە جێبەجێ بكرێت، كە بەپێی رێككەوتنەكە دەبوایە 2500 پۆلیس لە خەڵكی شنگال بیچنە دامەزراندن، جیا لە جێكردنەوەی رۆڵەكانی ئەو شارە لە ریزەكانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، بۆیە ئەوەی ئێستە روودەدات باڵادەستیی چەند لایەنێكە كە ئەجیندایەكی هەرێمی جێبەجێ دەكەن.

لای خۆیەوە كیفاح مەحموود، نووسەر و توێژەری سیاسی دەڵێت، پێكهێنانی هێزێكی لەو شێوەیە پێشێلكاریی رێككەوتنی شنگالە، كە لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە و دەبوایە جێبەجێ بكرێت، لەوانە دەركردنی تەواوی هێزە چەكدارەكان بە حەشدی شەعبیشەوە، لەپاڵ ئەوانەی لە توركیا و سووریا هاتوون و سەر بە پەكەكەن، لەگەڵ هێشتنەوەی سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگە فەرمییەكانیتر. 

روونی كردەوە، دامەزراندنی هێزێكی نوێ پێشێلكردنێكی ئاشكرا و كودەتایە لەسەر رێككەوتنی هەولێر و بەغدا، بەردەوامبوونی كێشەكانی نێوان هەردوولاش هۆكارەكەی جێبەجێنەكردنی بەغدایە بۆ رێككەوتنەكانی لەگەڵ هەرێم ساز دەكرێت، ئێستە بێئومێدییەك لە شەقامی كوردستانی هەیە، بەهۆی ئەوەی هەر رێككەوتنێك لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق دێتە سازكردن، كودەتای لەسەر دەكرێت.

مەحموود ئاماژە دەكات، ئەو جۆرە مامەڵەكردنە لەلایەن بەغدا دووپات لە پەرتەوازەیی ناوەندی بڕیاردان دەكاتەوە و بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق لەناو دەبات، بەڵگەش لەسەر ئەوە پێكهێنانی ئەو هێزە نوێیە لە دەرەوەی دامەزراوە تەناهی و سەربازییەكان، پێش حكوومەتی هەرێم، تەحەدایەكە بۆ حكوومەتی عێراق.  

"شنگال ناوچەیەكی ستراتیجییە و گرنگییەكەی گەورەی بۆ حەشدی شەعبی و ئێرانییەكان هەیە، چونكە رێڕەوێكە بەرەو سووریا و لبنان، توركیاش باش دەزانێت كە حەشدی شەعبی پاڵپشتی لە پەكەكە دەكات، تەنانەت ئەگەر بتوانن لە قەندیلیش پاڵپشتی دەكەن، شنگال بەشێكە لە ناوچەكانی سنووری مادەی 140ی دەستوور، بۆیە پێكهێنانی ئەو هێزە نوێیە پێشێلكردنی دەستوور و ئاڵۆزكردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەشە"، كیفاح مەحموود وای گوت.

ئەو توێژەرە سیاسییە دووپاتی كردەوە كە جۆراوجۆریی ناوەندەكانی بڕیار لە بەغدا، رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لەبار دەبات، ئەو باڵادەستییەی میلیشیاكان دۆخی شارۆەكە زۆر زیاتر ئاڵۆز دەكات، باجەكەشی هاووڵاتییانی شنگال دەیدەن كە هێشتا ئاوارەن، كە ژمارەیان بە چواریەكە ملیۆن كەسێك دەخەمڵێندرێت، بۆیە بەردەوامبوونی ئەو سیاسەتە لەلایەن حكوومەتی بەغداوە، پاساو دەداتە توركیا بۆ ئۆپراسینی فرەوانی سەربازی توركیا لە سنوورەكە، كە بەم دواییە ئەوەمان بینی كە لە نزیك فڕۆكەخانەی سلێمانی رووی دا، جیا لە لەشكركێشییەكانی بۆ چەند ناوچەیەكی تر.

رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال كە لە 2020 لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان واژوو كرا، بە رێككەوتنێكی باش دانرا بەوەی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەوروبەری كە لە 2014 لەلایەن داعش وێران كرا، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی عێراق جێبەجێ نەكردووە، شارەزایان پێیان وایە جیا لە بوونی ئەجیندایەكی ئێران لە هێشتنەوەی ناوچەكە بە دەستی حەشدی شەعبی و پەكەكە، چونكە رێگەیەكی زەویینییە لە نێوان تاران و عێراق و سووریا و لبنان، هەوڵێكی شۆڤینی عەرەبیش هەیە، بەوەی دەبێت ئێزیدییەكان لە هەرێمی كوردستان و كوردبوون دابڕێنن، پێكهێنانی ئەو هێزە نوێیەش بۆ ئەوەیە بە توركیا بڵێن كە پەكەكە لە ناوچەكە نەماوە و ببێتە شوێنگرەوەیەكیش بۆ رێككەوتنی شنگال. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل