چاودێرێك: یەكێتی لەوەتەی هەیە نەیزانیوە سیاسەت بكا و بە دۆڕاوی بە سەریدا شكاوەتەوە

:: PM:09:14:09/05/2024 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بەردەوام بە ئاگەداری یان بێ ئاگەداری خۆی لەلایەن بەغدا و نەیارانی هەرێمەوە بەكار هاتووە، بەردەوام لە پشتەوە فێڵی لێ كراوە، كاری پێ كراوە و بۆ بەرژەوەندیی بەكار هێنراوە و لە كۆتادا بە تەنیا جێیان هێشتووە، بۆیە بەغدا بە بەردەوام یەكێتی فریو داوە و دوای ئەوەی كەتنەكەی پێ دەكات، ئینجا پشتی تێ دەكات.

زۆرجار بەغدا و بەرپرسانی بەغدا یەكێتییان بۆ مەرامی خۆیان بەكار هێناوە و یەكێتیش وا دەزانێ كە ئەوانە دۆستی ئەون، لەكاتی تێپەڕاندنی یاسای بودجە لە ساڵی رابردوو، یەكێتی هاواری كرد كە ئیتر مووچەی سلێمانی بە جیا دێت، بەڵام تەنیا كارەكەیان پێ كرد، پێش ئەوەش دەیگوت كە ناوی پارێزگاری كەركووكی لە گیرفاندایە، كەچی راست نەبوو، لە 16ی ئۆكتۆبەریش هەمان كاریان پێ كرد.

لەوبارەوە شڤان كوردستانی، رۆشنبیر بە "وشە"ی گوت، ئەو دۆخەی ئێستە هاتووەتە كایەوە، دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی هەندێك لایەنە، لەوانە یەكێتی، هەروەها دروستكردنی هاوپەیمانیەتییە لەگەڵ شیعە، كە هەمیشە دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن و هیچكات چاویان بە هەرێمی كوردستان هەڵنایەت، ئاشكرا بوو ئەوان رۆیشتن لەگەڵ ئەوانە رێككەوتنیان كرد و دەركەوت كە فێڵیان لێ كرا و رۆڵێكی خراپیان گێڕا كە هیچ لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان نەبوو.

باسی لەوەش كرد، ئەوان هەموو كات بەغدا كارەكەیان پێ دەكا و دواتریش پشتیان تێ دەكات، رەنگە بۆ داهاتوو شتی تریش هەبێت، ئەوەش بە هاوكاریی یەكێتی دەبێت، دواتریش یەكێتی هیچ هەڵوێستی نییە، دادگای فیدراڵی بە ویستی خۆی بڕیار دەدات، ئەو هەموو كێشە بەرۆكی عێراقی گرتووە، بەڵام بێدەنگە، دەستێكی هاوكاری هەیە بۆ ئەوەی بەغدا و دادگای فیدراڵی دەیكەن.

لای خۆیەوە ئەنوەر سەعید، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" دەڵێت، یەكێتی لەوەتەی هەیە لە بەغدا نەیزانیوە سیاسەتێك بكا لانی كەم بۆ خۆی و بەرژەوەندیی خۆی بەكاری بێنێت، هەموو كات بە دۆڕاوی بە سەری شكاوەتەوە، ئەوەش كاریگەریی خراپی بۆ كوردستان هەبووە، بۆیە لە ماوەی رابردوو لە هەموو پرسەكاندا شكستی هێناوە و هەڵخەڵەتێنراوە.

روونی كردەوە، حزبێك بەو هەموو خەباتەوە ئێستەش نازانێت كار بكات و كەسێكی تیادا نەماوە تۆزێك لێهاتوو و بە توانا و خاوەن بیركردنەوە بێت، هیچكات بیر ناكەنەوە ئەوەی دەیكەن ئەنجامەكەی چی دەبێت، چەندینجار زیانیان بە ناوخۆ گەیاندووە، ئەنجامەكەشی دیارە چی بووە، لە پرسی بودجە ئەوە دۆخەكەیە كە هەیە.

پێوەست بەو پرسە رێبین سالم، كادری پارتی بە "وشە"ی راگەیاند، لەكاتی پەسەندكردنی یاسای بودجە، بە سێلفییەوە هەڵدەپەڕین، كە تەواو ئیتر مانگانە پارە دەڕژێتە كوردستان، كەچی دەركەوت یەكێتی هەر ئاگای لە بودجە  نەبووە و فریو دراون، تەنانەت هیچ هەڵوێستێكیان بەرانبەر بەو ستەم و برسیكردنەی بەغدا و دادگای فیدراڵی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم نییە، بۆیە یەكێتی نازانێ سیاسەت بكات و هەمیشە پەنا بۆ ئەو لایەنە دەبات كە بەغدایە و دوژمنی هەرێم و كوردە.

دووپاتی كردەوە، پارتی رۆڵی گرنگی بۆ بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان و مافەكانی خەڵكی كوردستان هەیە، كەچی یەكێتی هیچی لێ چاوەڕێ ناكرێ و ئەوەی بەسەر كورد دێت هۆكارەكەی ئەوانن، دواییش پشتیان تێ دەكەن، ئەمانە ئاقڵ نابن و لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام دەبن.

پێویستە بگوترێ كە ئەم عاشقبوونەی یەكێتی بۆ بەغدا، جگە لە مەینەتی هیچی تری بۆ كورد نەبووە، ئێستەش بەغدا بە پشتیوانی ئەوان كە دەزانێ لایەنگری حەشدی شەعبین، مووچەی كوردستانی كردووە بە سووكایەتی و هەر مانگەی بە جۆرێك دەینێرێت، ئەگەرنا وەك پارتی كوردانە بوەستانەیەتەوە، بەغدا بە مەمنوونی پارەی دەدا بۆ ئەوەی كورد لەو عێراقە نەزۆكە رازی بێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت