زۆرینەی خانووەكانی شنگال بەڕوخاوی ماونەتەوە و میلیشیاكانیش بكوژوبڕی ناو شارەكەن

:: PM:01:08:03/08/2024 ‌
لە دوای 10 ساڵ لە وێرانكردنی شنگال و دەوروبەری، تا ئێستە 80%ی خانوو و باڵەخانە و شوێنە گشتییەكانی بە ڕووخاوی ماونەتەوە، خەڵكی ئەو شارەش دەڵێن، حكوومەتی عێراق نایەوێ شنگال ئاوەدان بكرێتەوە.

هەر لە دوای كارەساتی شنگال، حكوومەتی كوردستان هەوڵی زۆری دا تا ئەو شارۆچكەیە لە دەستی تیرۆریستان دەربێنێت، بۆ ئەوەش قوربانییەكی زۆری دا، بەڵام لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر جارێكی تر كەوتەوە دەست میلیشیاكان، بەوەش شنگال كەوتە ناو دۆخێكی تەناهیی زەحمەتەوە و تا ئێستە وەك خۆی بە وێرانی ماوەتەوە و هیچ هەوڵێكی ڕژد بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی نەدراوە.

مەحما خەلیل لە لێدوانێكی تایبەتدا، بۆ "وشە" گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە هاوكاریكردنی ئاوارەكانی شنگال كە تا ئێستەش بەردەوامە، هەر لە سەرەتای پرۆسەی شاڵاوەكانی ئەنفال و كۆمەڵكوژكردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی 2014وە، لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی ئۆفیسێك پێكهێنرا بۆ بەدواداچوون و ڕزگاركردنی ئەو ژن و منداڵ و پیاوانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێنراون، لە ئەنجامی بەدواداچوونمان بۆمان دەركەوت، شەش هەزار و 417 كەس لە ژن و منداڵ و پیاوی شنگال كەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعش، لەو كاتەوە كە ئەم ئۆفیسە دروست بووە، سێ هەزار و 579 كەسی رزگار كردووە، لەو ژمارەیە هەزار و 210 كەسیان ژنن، 339 كەسیان پیاون، ئەو ڕێژەیەی تر مناڵانن لە هەردوو ڕەگەزەكەن.

لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا ڤیان دەخیل، ئاماژەی بەو پارە زۆرە كردووە كە چەندان ساڵە بەناوی ئێزیدییەكانەوە دەخورێت. ئەو دەڵێت، كۆمەڵێك كەس و رێكخراو بوونەتە مشەخۆر بەسەر ئەو هاوكارییانەوە و هەموویان دزیوە و  لە ئەنجامدا چەند پڕۆژەیەكی سادەی ناپێویستیان پێشكەش بە ئێزیدییەكان كراون.

ڤیان دەخیل ئەوەشی گوتووە، لەو ڕێكخراوانە بە ناوی هاوكاریی ئەو كچە ئێزیدییە ڕزگاربووانەوە، دەهاتن پارەیان لە وڵاتانی خۆیان وەردەگرت، بەڵام لەبری هاوكاریی تەندروستی و دەروونی، چەند موحازەرە و وۆركشۆپێكی سادەیان پێشكەش كردووە، لە كاتێكدا ئەو كچە ڕزگاربووانە پێویستیان بە چارەسەری تەندروستی هەبوو، دەبوو چەند سەنتەرێكی تەندروستی و دەروونی بكەنەوە بۆ ڕاهێنانەوەی ئەو كچە ڕزگاربووانە، دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخساندنایە تا ببنە خاوەنی داهاتی خۆیان، نەك بە تەنیا ئەو كچانە، كەسوكاری ئەو كچانەش پێویستیان بە هاوكاری بوو، بەڵام ئەو ڕێكخراوانە هیچ كام لەوانەیان نەكرد.

ڤیان باسی لەوەش كردووە، ئێستە لە پەرلەمان لێكۆڵینەوە دەكرێت، "ئەو دۆسیەیەمان لەسەر هەندێك لەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە گەورانەی یۆنامی كردووەتەوە كە گومانی گەندەڵییان لەسەرە، بەناوی پڕۆژەوە بۆ كچانی ڕزگاربووی ئَێزیدی، بە ملیۆنان دۆلاریان خواردووە، "دواتر هەموو ئەو گەندەڵییانە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەكەینەوە".

لە ساڵانی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای هەوڵێكی زۆر لەگەڵ بەغدادا، بۆ ئەوەی دۆخی ئەنگال باش بكرێت، رێككەوتنێك لەنێوانی هەردوو حكوومەتدا واژوو كرا.

لەدوای واژووكردنی ڕێككەوتنەكە، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال، ئەنجامی كاركردنی ڕژدی و دانوستانی چەندان مانگی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵە، كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەكانی شنگال كە ڕووبەڕووی ئازار و مەینەتییەكی زۆر بوونەتەوە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش. بێگومان ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، رۆڵێكی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵكی ناوچەكە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. هەردوولا رێككەوتووین لەسەر ئەوەی شنگال لە ڕووی ئیداری و تەناهی و خزمەتگوزارییەوە، بەشێوەیەكی هاوبەش بەڕێوە ببرێت. ئەم رێككەوتنەش سەرەتایەكە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور.

ڕێككەوتنامەی شنگال
بەپێی ئەوەی لە ڕاگەیەنراوی فەرمیی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و میدیاكانەوە بڵاو كرایەوە، ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی شنگال چەند ئاستێك لە خۆی دەگرێت، ئاستی ئیداری، ئاستی تەناهی، ئاستی خزمەتگوزاری.

بەپێی ڕێككەوتنەكە دەبوو ئیدارەیەكی هاوبەش بە هاوئاهەنگیی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان پەرە پێ بدەن و ئەو یەكانەی كە لە دوای ساڵی 2017ەوە بۆ ئیدارەدانی ناوچەكە رێكخرابوون، هەڵبوەشێنەوە.

هاوكات بەپێی ڕێككەوتنەكە لەڕٍووی تەناهییەوە پاراستنی شنگال دەكەوێتە ئەستۆی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەبێت، لەڕووی خزمەتگوزارییەوە هاوئاهەنگی دەكرێت بۆ سەرلەنوێ‌ بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی شنگال كە بەهۆی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە زیانی زۆر بە ژێرخان و سەرخانی گەیشتووە.

بەڵام هەر دوای ڕێككەوتنەكە، میلیشیاكان كەوتنە ئاژاوەنانەوە و تێكدانی ڕێككەوتنەكە و لەسەر ئەرزی واقیع رێككەوتنەكە نەك جێبەجێ نەكرا، بەڵكو دۆخی شنگال بە وێرانەیی وەك خۆی مایەوە و خەڵكەكەشی بەشی زۆریان نەیانتوانی بگەڕێنەوە شنگال و دەوروبەری.

حوسێن قائیدی لەمبارەیەوە رای گەیاند، حكوومەتی عێراقی كەمتەرخەمییەكی زۆری هەیە لەبارەی دۆسیەی ئێزیدییەكان، بۆ ئاوارەكان هیچی نەكردووە تا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، گرنگترین شت كە بیكردایە، جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال بوو، بەتایبەت لە ڕووی تەناهییەوە نەهێشتنی هێزەكانی پەكەكە و حەشدی شەعبی لەو شارۆچكەیە،  لایەنی خزمەتگوزاری هیچی بۆ نەكراوە.

تا ئێستە 80%ی خانووی هاووڵاتییانی شنگال هەر بە ڕووخاوی ماونەتەوە، بۆیە خەڵك ناگەڕێتەوە شنگال، سەرەڕای نەبوونی دۆخی خراپی تەناهی و خزمەتگوزاری كە هێزی چەكدار لەو ناوچانەدا هەن، ئەگەرچی هاوكاریی گەڕانەوەی هاووڵاتییان دەكرێت، بەڵام هاووڵاتییانی شنگال لە 2019وە تا ئێستە تەنیا لە 30%یان گەڕاونەتەوە، ئەوانی تری لەبەر ئەو دۆخەی لەو ناوچەیە هەیە ناگەڕێنەوە.



وشە - سۆران عەزیز