لەكاتێكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بەردەوام هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و پشێوی و دروستكردنی كێشەی داوە و 16ی ئۆكتۆبەری بەسەر كورد و كەركووك و كەركوكییەكان هێنا، ئێستە هاتووە دەیەوێ لە بابەتی شنگالدا چەواشەكاری بكات، ئەو حزبە هەركات بۆی بڕەخسێت و بەرژەوەندیی حزبی هەبێت، پشت لە نیشتمان و ئاڵا و نەتەوە دەكات، لەگەڵ دوژمن رێك دەكەوێت بۆ ئەوەی زیان بە خەڵك و حكوومەت و قەوارەی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت.
لە 10مین ساڵوەگەڕیی كارەساتی شنگالدا كە داعش بەسەر كوردانی ئێزدی هێنا، مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە هەوڵی دا كێشە و ئاڵۆزی لە ناوخۆ دروست بكات، ئەوەیان بیر چووە كە چۆن لە بەغدا دژی حكوومەتی هەرێم وەستانەوە و هەرچی هەبوو خستیانە دەستی بەغدا، جگە لەوەش ئەو سەروەری و سەركەوتن و قوربانیدانەی كە پێشمەرگە لە كەركووك بەدەستی هێنا بوو، رادەستی عێراقیان كرد و لە ماوەی حەوت ساڵدا ئەوەی نەدەبوو روو بدات، لە سایەی یەكێتی بەسەر كەركووك و كەركووكییەكاندا هات.
لەوبارەوە رێبین سالم، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، باشتر بوو یەكێتی هیچ نەڵێت، چونكە دیارە ئەو حزبە چی بەسەر خەڵكی كوردستان هێناوە، چۆن دژی ناوخۆ و كوردستان بووە، یەكێتی بەو چەواشەكاری و موزایەدە و خۆڵكردنە چاوی خەڵك ناتوانێت خۆی لەوە پاك بكاتەوە كە دەستی داوەتێ، لە كەركووك و نەینەوا و بەغدا لە دژی حكوومەتی هەرێم و پێكەوەژیانی لایەنەكان چی كرد و چۆن داوای كرد كورسیی پێكهاتەكان نەمێنێت، بۆیە مێژوو هەموو شتێكی تۆمار كردووە و بۆ نەوەكانی داهاتوو دەمێنن، ئەوانیش دەزانن چی رووی داوە و چییان كردووە و چۆن دژی كورد و كوردستان كاریان كردووە؟
زیاتر گوتی، یەكێتی هیچ شانازی و سەروەرییەكی نییە و تەنیا دەیەوێ خۆی بە موزایەدە خەریك بكات، حزبێك كە خۆی بە گەورە دەزانێت نەزانێت كار بكات و سیاسەتی روونی نەبێت و هەموو كاری لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بێت، بۆ ئەوە باشە لەدواوە بمێنێتەوە، خەڵكیش متمانەیان بەو حزبە نەماوە، بۆیە كەوتوونەتە خۆیان و نازانن چی بكەن و چۆن خەڵك تێبگەیەنن و خەڵكیش خۆی باش دەزانن چین و كێن.
لای خۆیەوە رێبوار كەلاری، كادری پارتی بە "وشە"ی گوت، یەكێتی خۆی شین و مۆر كردووەتەوە و دەیەوێ بە خەڵك بڵێت ئەوەی بەسەر شنگالدا هات دەستی ناوخۆیی بووە، ئەو حزبە كە هیچكات لەپێناو بەرژەوەندیی كورد و كوردستان كاری نەكردووە، ئێستە هاتووە فرمێسكی تیمساحی دەسڕێت و دەیەوێ خۆی بكڕێتەوە، ئەو هەموو كات بەدوای بەرژەوەندی بووە لەهەر شوێنێك بێت لەگەڵ دوژمن و نەیارانی كوردستان رێك دەكەون و كار دەكەن بۆ ئەوەی هەمیشە دژی ناوخۆ بن و كێشە دروست بكەن، ئەو حزبە بیری چووە كە حزبی نیشتمانی و نەتەوەیی كێیە و چییە؟
روونی كردەوە، ئەو بەرگرییەی پارتی لە كورد و كوردستانی دەكات، بە مێژووی یەكێتی ناتوانێت ئەوە بكات، یەكێتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دروست بووە و هەمیشە بەدوای بەرژەوەندییەوەیە، كەركووك نموونەیەكی زیندووە كە لە سایەی یەكێتیدا چی بەسەر شارەكە هات و ئەوەی بەدەست هاتبوو لەدەست درا، ئەو خەبات و خوێنەی درابوو بە فیڕۆ درا، یەكێتی لەبری خۆشینكردنەوە بۆ پرسی شنگال، با سبەی بیر لە كەركووك بكاتەوە، چۆن دەتوانێت باس لە داهاتووی ئەو شارە بكات و باس لە شانازییەكانی بكات.
پێوەست بەو بابەتەوە حەسەن مارف، مامۆستا و رۆشنبیر بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، یەكێتی ئەو هێزە سیاسییەیە كە هەموو هەنگاوەكانی لە بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی خۆیدا بووە و نیشتمانی قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆی كردووە، هەمیشە دەستی لەناو دەستی عەرەب و دژە كوردەكاندا بووە، خۆشی بەدوای بەرژەوەندی و تێكدانی نێو ماڵی كورد بووە و سڵیش لە هیچ شتێك ناكاتەوە كاتێك دژی ناوخۆ و هەرێمی كوردستان بێت، بۆیە هیچكات بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان كاری نەكردووە.
وشە/ تایبەت